|
سڤیل:
محەمەد رەحیم كەریم ــ ئەمریكا
سێیەم ڤێستیڤاڵی گەنجانی كورد لەئەمەریكا، وەك
زۆر لەبەشداربووانی ڤیستیڤاڵەكانی پێشوو
ئاماژەی بۆ دەكەن، جارێكی دیكە دەبێتەوە
بەچەتری كۆكردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی
كوردان لەئەمەریكا.
ڤیستیڤاڵی ســـێیەم كە لەڕۆژانی 6 بۆ 8
كانوونی دووەم ساڵی 2012 لەواشنتۆن دی سی
پایتەختی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەڕێوە
دەچێت، تێیدا كوردانی ئەمەریكا چەندین چالاكی
هونەری و كەلتوری پێشكەش بەمیوانانی ڤیستیڤاڵ
دەكەن. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ڤیستیڤاڵ و
ئیشوكارەكانی ئەم چالاكییە كەلتورییە، "شاناز
ئازاد" سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی كورد KYC
لەواشنتۆن دی سی و ئەندامی كۆمیتەی ئامادەكاری
ڤیستیڤاڵ، بۆ (سڤیل) باسی لەوەكرد، كە
ڤیستیڤاڵەكە بۆ یەكەمجار لەلایەن Kurdish
Youth Club) KYC (رێكخراوی گەنجانی كورد)ەوە
لەساڵی 2010 بەڕێوەچوو كە وەك ئەو دەڵێت
"ڤێستیڤاڵێكی سەركەوتوو بوو، چونكە ژمارەیەكی
زۆری خەڵك بەشداریان تێداكرد و دەنگۆیەكی باشی
هەبوو، كاریگەریەكی زۆریشی هەبوو لەكۆكردنەوەی
گەنجە كوردەكان لەباكووری ئەمەریكا". شاناز
ئازاد، ئەوەشی گوت كە "ئەم ڤیستیڤاڵە جۆرێكە
لەهاندانی گەنجەكان بۆ ئاشنابوونیان
بەكەلتووری كوردی، هەرچەندە مەرجیش نییە
لەسەدا سەد ئاشنابن، بەڵام ئەمە سەرەتا و
هاندەریكی زۆرباش دەبێت بۆ تێكەڵبوونیان
بەكۆمەڵگای كوردی".
سەبارەت بەئامانجی ئەوانیش لەسازدانی ئەم
ڤێستیڤاڵە، گوتی "بێجگە لەگەیاندنی كەلتوری
كوردی بۆ گەنجانی كورد لەئەمەریكا، ئەم
ڤێستیڤاڵە رێگەخۆشكەرێكە بۆ زیاتر ئاشنابوونی
كەلتوری كوردی بەكەلتورەكانی دیكەی ئەم وڵاتە
و هاوكات دروستكردنی پەیوەندیشە لەنێوان
هەردوو كەلتوری كوردی و ئەمەریكی لەلایەك،
لەلاكەی دیكەوەش چانسێكە بۆ خوێندكاران بۆ
وەرگرتنی زەمالە و جۆرێكە لەیارمەتیدان بۆ
بەدەستهێنانی خوێندن لەزانكۆكان"، هەر بۆیەش
وەك (شاناز) گوتی "میوانانی ئەم ڤێستیڤاڵە
بێجگە لەكوردەكان، هەموو كەلتورێكی دیكە
بانگهێشتكراوە بەتایبەت گەنجان، واتە
دەعوەتنامەیەكی كراوەیە بۆ هەموو كەسێك
لەناوەوە و دەرەوەی ئەمەریكا". شاناز ئازاد،
سەبارەت بەجیاوازی ڤیستیڤاڵی ئەمساڵیش لەگەڵ
ڤیستیڤاڵەكەی پێشەخۆی، وەك ئەو گوتی "جیاواز
لەساڵی 2010 كە KYC ئەم ڤێستیڤاڵەی ئەنجامدا،
ڤێستیڤاڵی 2012، یەك رێكخراو نایبات بەڕێوە،
بەڵكو كۆمەڵێك خوێندكارین هەڵساوین بەڕێكخستنی
ئەم ڤیستیڤاڵە و هەمووشمان تەنها لەیەك
ویلایەت نین، بەڵكو لەویلایەت و زانكۆی
جیاجیاین".
سەبارەت بەو گرووپ و رێكخراوانەی كە هاوكاری
ئەوانیشیان كردووە لەئەنجامدانی ڤیستیڤاڵەكە،
شاناز ئازاد، دەڵێ زۆر سوپاس و پێزانین بۆ ئەو
گروپ و رێكخراو و كەسانەی نێو كۆمەڵگەی كوردی
كە سپۆنسەری كردووین و یارمەتیان داوین.
ئەوانەش:
1. (Kurdish Youth Club) KYC
2. Green Kurdistan
3. (Kurdish American Youth Org) KAYO
4. (Kurdish National Congress of North
America) KNC
5. (American Kurdish Council) ANC
6. (Kurdish Youth of America) KYA
7. (Millennium Brokerage Firm، Inc ) MBFI
8. (Pinnacle Web Services)
وەك شاناز، هێماشی بۆ دەكات و دەیڵێ، سوپاسی
بێپایان بۆ سپۆنسەری سەرەكی ڤیستیڤاڵ (گروپی
سینك Senk Group، هەروەها (ئاسیاسێڵ Asia
Cell) نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
لەواشینتۆن دی سی لەئەمەریكا كە هەڵساوە
بەدابینكردنی دیارییەك بۆ كەسی براوەی پێشبڕكێ
"بەهرەداران"، دیارییەكەش بریتیە لە "تكت"ی
سەفەرێك بۆ كوردستان، كە لەڤیستیڤاڵی ساڵی
2011 دا KRG دوو دیاری لەو شێوەیان بەخشییە
براوەی پێشبڕكێكە.
|