|
سڤیل:
سەنگەر عەبدولرحمان
"لەكۆمەڵگای كوردیدا پیاوان زیاتر لە ژنان
توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت"، سەرۆكی یەكێتی
پیاوانی كوردستان، بێ ئەوەی دوودڵ بێت
لەقسەكانی، رایدەگەیەنێت بابەتی توندوتیژی دژی
ئافرەتان لەكوردستان زیاد لەپێویست باس دەكرێت
و لەقەبارەی خۆی گەورەتر كراوە.
بورهان عەلی فەرەج بەپێچەوانەی هەموو ئەو
كەسانەی بۆچونیان وایە، توندوتیژی دژی
ئافرەتان لەكۆمەڵگای كوردیدا لەئاستێكی
"مەترسیداردایە"، بڕوای وایە ئەو بابەتە زیاتر
لەقەبارەی خۆی گەورە كراوەو تاڕادەیەكیش
"بەسیاسی" كراوە.
رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان لەساڵی 2007
ەوە خۆی راگەیاندوە، لە 30/3/2009 ەوە مۆڵەتی
فەرمی لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی
كوردستان وەرگرتوە.
بە وتەی سەرۆكەكەی تاكە ڕێكخراوە لەكوردستان،
داكۆكی لەمافی پیاوانی كوردستان دەكات و
بەدواداچوون بۆ كەیسی ئەو پیاوانە دەكات، كە
لەلایەن ژنەكانیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر
دەكرێت.
ئەو دەڵێت "بەپێی بەدواداچونەكانی ئێمە بۆ
بنكەكانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی
دژی خێزان، یان هەر فەرمانگەیەكی تری حكومەت،
كە بەدواداچوون بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان
دەكەن، تا ئەو ڕادە بەدوای كەیسەكاندا دەچن
لەبەرژەوەندی ئافرەتاندا بێت، بەڵام كاتێك
دێتە سەر ئەوەی ماف دەكەوێتە لای پیاو و
ئافرەت تۆمەتبار دەبێت، هیچ یاسایەك نیە كە
داكۆكی لەمافی نێرینە بكات و ئافرەتەكەی پێ
سزا بدرێت".
ئێستا ڕێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان
خاوەنی 7 هەزار ئەندامە لە هەرێمی كوردستان،
جگە لەلقی هەولێر خاوەنی 11 ناوچەیە لەسنوری
پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، بارەگای
سەرەكی رێكخراوەكەش لەپارێزگای سلێمانیە و
دەكەوێتە نزیك پاركی ئازادی. ئەو گوتی "ئێمە
تەواوكاری رێكخراوەكانی ژنانین، دەمانەوێت
هاوشانی ئەوان كێشەكانی كۆمەڵگای كوردی
چارەسەر بكەین".
بە وتەی بورهان عەلی لەدوای راگەیاندنی
رێكخراوی یەكێتی پیاوان و كردنەوەی بارەگا،
پێشوازیەكی باشی پیاوان هەیە بۆ كارەكەیان،
وەك ئەو دەڵێت ئێستا پیاوان هەست دەكەن شوێنێك
هەیە، پشتگیری لە ماف و داواكارییەكانی ئەوان
دەكات.
بورهان عەلی بێ شكە لەوەی كە ساڵ لە دوای ساڵ
توندوتیژی دژی پیاوان روو لە زیادبوونە،
هۆكاری زیادبوونەكەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە
جیاواز لە ڕابردوو ئێستا پیاوان ئەو
توندوتیژیانە ئاشكرا دەكەن، كە لەلایەن
خێزانەكانیانەوە بەرامبەریان دەكرێت، بۆ
پاڵپشتی قسەكانیشی ئاماری چەند ساڵێكی
رێكخراوەكەیان دەخاتە ڕوو.
بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی یەكێتی پیاوانی
كوردستان لەساڵی 2008 نزیكەی 33 حاڵەتی
توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لەسنوری پارێزگای
سلێمانی تۆمار كراوە، لەساڵی 2009 ژمارەكە بۆ
56 حاڵەت بەرز بۆتەوە، 89 حاڵەتی توندوتیژی
دژی پیاوان لەساڵی 2010 دا تۆمار كراوە، بۆ
ساڵی 2011 ئامارەكە 115 حاڵەت پیشان دەدات.
بورهان سەری سوڕماوە لەئامارەكان و وەك خۆی
دەڵێت هەرگیز چاوەڕێی ئەوەی نەكردووەو لەو
بڕوایەشدا نەبووە، لەكۆمەڵگای كوردیدا "بەو
رێژە زۆرە لەلایەن ژنانەوە توندوتیژی بەرامبەر
پیاوان ئەنجام بدرێت".
سەرۆكی یەكێتی پیاوان دڵنیایە لەوەی كە رێژەی
توندوتیژی دژی پیاوان لەكوردستان "زۆر لەوە
زیاترە"، كە لەئامارەكانی ئەواندا پیشان
دراوە، لەبارەی جۆر و شێوازی ئەو
توندوتیژیانەی دژی پیاوان دەكرێت گوتی
"توندوتیژیەكان بریتین لەكوشتنی پیاوان،
دەركردنی پیاوانی بەتەمەن، چەوساندنەوەی
دەروونی، چەوساندنەوەی ئابوری و هەروەها
چەوساندنەوەی جەستەیی".
ئەو رەخنە لەڕێكخراوەكانی ئافرەتان و زۆر
لەدەزگا راگەیاندنەكانیش دەگرێت، بەوەی
كێشەكانی ژنان و ئەو ڕووداوانەی رووبەڕوویان
دەبێت "زۆر لەقەبارەی خۆی گەورەتر دەكرێت"،
بابەتی خۆسوتاندنی ژنانیش وەك نمونە دێنێتەوەو
دەڵێت "ئەوەندە باسكرا، بوو بە نوقڵێكی ترش و
شیرین هەموو ژنێك حەز دەكات تامی بكات".
ماوەی چەند ساڵێكە لەزۆر لە شار و شارۆچكەكانی
كوردستان، ژمارەیەك پەناگە بۆ ئەو ژنانە
كراونەتەوە كە لەلایەن خێزانەكانیانەوە
دەردەكرێن یان رووبەڕووی هەڕەشەو كوشتن
دەبنەوە، بەڵام ئەم پەناگانە بۆ پیاوان بوونی
نیە، ئەو پیاوانەی لەماڵەكانیان دەردەكرێن
لەئوتێلەكان یان زۆر جار لەسەر شەقامەكان
دەمێننەوە، بورهان عەلی گوتی "چەند جارێك
داوامان لەحكومەت كردووە، هاوشێوەی ئەو
پەناگانەی بۆ ژنان دروست كراون، چەند
پەناگەیەكیش بۆ داڵدەدانی ئەو پیاوانە دروست
بكرێت، كە دەردەكرێن یان رووبەڕووی هەڕەشە
دەبنەوە، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوتەوە".
|