|
سڤیل:
هەولێر
حاجی كاروان كە بانگخوازێكەو ئەندامێكی
یەكگرتووە، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) باس
لەكێشەی نێوان خۆی و دەزگاكانی راگەیاندنی
یەكگرتوو دەكات و دەڵێ "من تەنها لەبەرئەوەی
بەڕێوەبەری كەناڵی سپێدە كوڕی خەزورمە،
موحازەرەكانم لەڕادیۆی هەولێری یەكگرتوو پەخش
ناكرێت".
بەهۆی كات گۆڕینی بەرنامەكە، حاجی كاروان
روونكردنەوەیەكی دابوو، كە رەخنەی لەو كاتە
گرتبوو كە بۆ بەرنامەكەی تەرخان كرابوو،
لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) حاجی كاروانی بانگخواز
باس لەو كێشەی خۆی و كەناڵی سپێدە دەكات و
دەڵێ "كەسی بانگخواز موڵكی خۆی یان هیچ حیزبێك
نیە، بۆیە خوای گەورە لەكۆمەڵگە دەیخوڵقێنی،
بۆئەوەی خزمەتی كۆمەڵگە بكات، كەسی بانگخواز
كاتێك لەڕاگەیاندنێك بەرنامە پێشكەش دەكات،
پێویستە بزانێت چ كاتێك خەڵك دەتوانێت سودی لێ
وەربگرێت، بۆیە من پێشتر بەكەناڵی سپێدەم
گوتووە، كە ئەوكاتەی من بەرنامەم تێدا پێشكەش
كردووە، كە سەعات نۆیە، سەدا هەشتای خەڵك
دەتوانی سود لەبەرنامەكە وەربگرێت لەناوەوەو
دەرەوەی كوردستان".
حاجی كاروان باسی لەوەشكرد، كە هۆكاری گۆڕینی
كاتی بەرنامەكە بەهۆی بەرنامەیەكی سیاسیەوە
بووە، ئەو گوتی "بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و
ئەو شەڕە سیاسیەیەوە، خەریكە لایەنی دەعوەو
بانگەواز دەبێتە قوربانی سیاسەت، من
لەبەیاننامەكە گوتوومە ئەو كاتە بەگونجاو
نازانم و لەكاتەدا سەد هەشتای بینەرانی
كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش بەتایبەتی تر
لەوڵاتانی ئەوروپا، لەبینینی بەرنامەكە بێبەش
دەبن و بەڕێوەبەرایەتی سپێدە ئەوكاتەی منیان
تەرخان كرد بۆبەرنامەی سیاسیی كە ئەمڕۆ زۆربەی
بینەران بەدەست بەرنامەی سیاسییەوە بێزارن،
دیارە بەلای كەناڵی سپێدەوە بەرنامەی سیاسیی
لەبەرنامەی ئایینی و ژیانی هاوەڵان پێویست و
گرنگترە. بەڵام ناتوانم بوەستم هەركات وتیان
بەرنامەكەت سەعات 9 پێشكەش بكەرەوە، من ئامادە
دەبم خزمەتی میللەتە موسڵمانەكەم بكەم".
حاجی كاروان باسی لەوەكرد كە فشاری زۆری
لەسەرە، لە كاتێك لەگەڵ ئەڤین بەرنامەی پێشكەش
كردووە، رووبەرووی رەخنەی زۆر بۆتەوە، ئەو
گوتی "كە بەشداری بەرنامەكەی ئەڤین ژن و ژیانم
لەكەناڵ چوار كرد، بیرم كردەوە ئەگەر دوو كەس
لەخۆكوشتن بگەڕێنمەوە زۆرە بۆمن، هەرچەندە ئەو
بەرنامە تێبینی زۆری لەسەر هەبوو و دنیایەك
قسە هاتە سەرم، بەڵام ئێستاش پەشیمان نیم
لەوەی بەشداریم كرد". دواتر باسی لەكەناڵە
ئیسلامییەكان كردو گوتی "ئێستاش هەر كەناڵێك
یان كەناڵێكی وەك پەیام كە كەناڵێكی ئیسلامیە
داوای بەرنامەم لێبكات، ئامادەم لەو كەناڵەوە
بەرنامە پێشكەش بكەم، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی
كەناڵی ئاسمانی پەیام رۆژێك لەرۆژان ئامادەیی
تێدانەبووە داوای پێشكەشكردنی بەرنامەیەكم
لێبكات".
حاجی كاروان ئەوەی نەشاردەوە كە داوای
لەكەناڵی پەیام كردووە كە بەبێ بەرامبەر
بەرنامەی پێ بدەن، ئەو گوتی "تەنانەت خۆم
بەبەرپرسانی ئەو كەناڵەم راگەیاندووە كە من
ئامادەم بێ بەرامبەر بەرنامەم هەبێت، بەڵام
تائێستا وەڵامیان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا
بەكەناڵی هەولێرم گوتووە كە ئامادەیم هەیە
ئەوانیش وەڵامیان نەبووە. كە زۆر پێم سەیرە
لەكوێی دنیا هەیە خەڵك خۆی بڵێت من ئامادەم
بەبێ بەرامبەر بەرنامە پێشكەش بكەم، بەڵام من
تەنیا لەبەر رەزامەندی خوای گەورە گوتوومە ئەو
كارە ئەنجام دەدەم، بۆئەوەی بتوانم خزمەتێك
بەمیللەتە موسڵمانەكەم بكەم، بەڵام دیارە
هەندێك كەناڵ لەبەر ئیعتباراتی شەخسی و حیزبی
روویان نایەت كاری وا ئەنجام بدەن". هەر
لەبارەی كەناڵی پەیامیشەوە حاجی كاروان ئەوەی
بە دوور زانی كە تەوجیهێكی سیاسی هەبێت و گوتی
"زیاتر هەست دەكەم میزاجی شەخسیە" لەگەڵ
ئەوەشدا حاجی كاروان دەڵێ "بەتەنها موڵكی
یەكگرتوو نیم، من موڵكی هەموو كوردێكی
موسڵمانم". دواتر حاجی كاروان سەرسوڕمانی خۆی
لەوە دەردەبڕێت كە كەناڵێكی وەك بەغداد رێگە
پێدەدات بەكوردی قسە بكات، كەچی
راگەیاندنەكانی كوردستان ئەو بایەخەی پێنادەن.
حاجی كاروان لە قسەكانی دا باسی لەوەكرد كە
موحازەرەكانی لە رادیۆی هەولێر دانەبەزێت،
باسی لە هۆكارەكەش كردو گوتی "ئەویش بەهۆی
میزاجی شەخسی بەڕێوەبەرەكەیە، من یەك هۆكارم
بیستووە، ئەویش ئەوەیە كە گوتوویەتی
لەبەرئەوەی بەرنامەی من لەسپێدە دانابەزێت،
چونكە بەرپرسی سپێدە كوڕە خەزوری منە! نازانم
گوناهی من چیە". گوتیشی "بۆیە من لەڕێگەی
ئەمینداری گشتی و بەرپرسی مەڵبەندەوە گوتم
ڕادیۆ موڵكی كەس نیە بۆ بەمیزاجی شەخسی
بەڕێوەدەبرێت. لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا من نیم،
بەڵكۆ رادیۆی هەولێر ئامادەنیە وتارەكانی
بانگخواز مامۆستا سەباحی كفریش لێ بدات".
حاجی كاروان جگە لەوەی بانگخوازێكی ئیسلامییە،
سەرۆكی دەزگای بەختەوەری خێرخوازییە، لە
ژمارەی داهاتوو لەسەر كاری دەزگاكە و چەند
پرسێكی تر دیمانەیەكی ئەو بڵاو دەكەینەوە.
|