|
سڤیل:
رزگار رەزا چوچانی ــ سوید
ئەو
پیاوەی كە بووە هۆكاری خۆكوشتنی خوشكەكەی، 20
ساڵە تەنیایی كردۆتە سزا بۆ خۆی
پیاوێكی كورد بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی
خۆسوتاندن و خۆ لەناوبردنی خوشكەكەی، بڕیاری
سزادانی خۆی دەدات، ئەو ئێستا تەنیا دەژی و
دەیەوێت وەك سزایەك بۆ خۆی تا هەیە بەتەنیا
بژی. ئەو پیاوە بۆ (سڤیل) چیرۆكی خۆسوتاندنی
خوشكەكەی دەگێڕێتەوە، داواش لەباوك و براكانی
كورد دەكات، یان رێگا بدەن خوشك و كچەكانیان
ئازادانە بڕیار بدەن، یان لەسەرەتاوە
حەزەكانیان پەروەردە بكەن.
لەمێژبوو لەڕێگای پەیوەندییەكانی
ئینتەرنێتەوە، پیاوێكم دەناسی. پیاوێك دڵخۆش و
خۆشبەخت، مامناوەند، یان خەمبار و بەدبەخت،
لەشەوێكی درەنگدا لەلاپەڕەی تایبەتیم
لەفەیسبووك شیعرێكی (جەمال غەمبار)م دانا، ئەو
شیعرە بووە كردنەوەی دەرگای نهێنییەكانی ئەو
پیاوە، من دێڕێكی شیعرەكەم نوسیبوو "دڵخۆشبە
دڵخۆش، بەس نییە مردنێك هەیە تەنیایت لێ
دەسەنێت". ئەو پیاوە، نامەیەكی بۆ ناردم،
نوسیبووی كەی ئەو مردنە دێت؟ كەی دەگەین بەو
دڵخۆشییە؟. ئەوە بووە سەرەتای پرسیاركردنی من
و گوتم، بۆ بەمردن دڵخۆشی؟، وەڵامی دایەوەو
گوتی "چونكە شیعرەكە دەڵێت، تەنیاییت
لێدەسەنێت"، گوتم، ئەوێ رۆژێ كە هاتییە ئێرەو
یەكمان دی، خانمێكم بینی لەگەڵت، خێزانت
نەبوو؟. گوتی نا، هاوڕێمە. گوتم، دەی ئاسانە
رزگاربوون، خۆ دەتوانی خانمێك هەڵبژێری؟.
وەڵامی دایەوە: نا، چونكە من جێیەكم نییە بۆ
ژن، بۆ كەس، تەنانەت بۆ خۆشم. گوتی "رەنگە
بەتاوانێك كەسێكم بۆ ئەبەد تەنیا كردبێت، بۆیە
بڕیارم داوە منیش هەمان سزای خۆم بدەم".
قسەمان زۆركرد، دوای هێنان و بردن و
راگۆڕینەوەیەكی زۆر، بڕوای هێنا كە باسی بكات،
بۆ ئەوەی وەك خۆی گوتی "ئەوانەی وەك ئەو بیر
دەكەنەوە سودێك لەچیرۆكی ژیانی ببینن،
بەڵێنیدا كە هاتەوە سویدیش وەك خۆی چیرۆكەكە
باسبكات".
ئەو پیاوە لەوڵاتێكی دراوسێی سوید دەژی، بەهۆی
كارەكەی كە دروست نازانم چ كارێكە، مانگانە
چەندجار یان جارێك سەردانی سوید دەكات،
لەیەكەم سەردانی لەگەڵ هاوڕێیەكی بینیم،
قسەمان زۆركردو یەكمان ناسی، بەڵام لەم دواین
جارەی بینینی بەچیرۆكی ژیانی گەیشتم، ئەو
پیاوێكە بەمانای وشە هێمن و قسەزان، بەڵام
حەقیقەتی ژیانكردن و بیركردنەوەی، گومان لەباش
تێگەشتنی دروستدەكات، دەڵێت "ئەوەی من پێی
گەیشتووم سزادانێكی ئینسانییە". وەك خۆی دەڵێ،
ئەو خۆی سزا دەدات، بۆیە نایەوێ تەنیایی لەخۆی
بشوێنێ و تەنیایی هەڵبژاردووە وەك هەڵبژاردنی
سزا بۆ خۆی. گوتیشی "من دەمەوێت تەنیابم،
چونكە تەنیایی سزایە بۆ من، هەمان ئەو سزایە
كە سەپاندم بەسەر خوشكێكمدا، من تاوانم كرد،
خەونی خوشكێكم زڕاند. راستە خۆی خەونێك بوو كە
هاتنەدی مەحاڵ بوو، بەڵام من زڕاندم، بۆیە ئەو
لەناو چوو و خۆی لەناوبرد، چونكە بەرگەی
قبوڵكردنی سزاكەی نەگرت و رۆیشت، بەڵام من
بەرگە دەگرم، بەرگە دەگرم تا سزاكە خۆی لەناوم
دەبات".
پیاوە تەنیاكە، لەقسەكردن وەستا و تۆزێ بێدەنگ
بوو، چاوەكانی كەمێك تەڕبوو، دەستەسڕێكی
كاغەزم پێدا، چاوەكانی سڕی و دوای خواردنەوەی
قاوەكەی بەردەستی، دەستی بەگێڕانەوەی هۆكار و
چۆنیەتی خۆ لەناوبردنی خوشكەكەی كرد "من
خوشكێكم هەبوو، خوشكی بچوكم بوو، خۆشەویستی
دایكم، بەرلەوەی دایكم بمرێت، ئامانەتی دەست
من و باوكمی كرد. تاوەكو بێنازی نەكەین، ئەویش
منداڵ بوو لەسەرەتای پێگەیشتنی بوو، دڵداربوو
بەكوڕێكی بێكار، بەدفەڕ، هیچ لەبارنەبوو، من
پێمگوت ئەمە عاشقبوون نییە، خۆت و ئێمە
رسواكردنە. كوڕەكە ناردییە داوای خوشكەكەم،
منیش وەك براگەورە رازی نەبووم، بڕوابكە
لەخەمی ئایندەی خوشكەكەم بوو، چونكە دەمزانی
هەڵەیە، دەمزانی حەزێكی عاشقانەی
موراهیقانەیە، كوڕەكە بێهیوا بوو لەداواكردن و
باوكی ماڵەكەی باركردو خوشكەكەشم هەواڵی بۆ
هاتبوو كە ژنیان بۆ هێناوە، چووبووە حەمامەكە
بتڵێ نەوت و گڕی لەخۆی بەردا، ئەوەبوو دوای
یەك مانگ لەخۆسوتاندنی گیانی لەدەستدا و مرد،
چوار ساڵ دوای ئەویش، نەمبینی پێكەنین لەماڵی
ئێمە هەبێ، بەرۆیشتنی خوشكەكەم هەمووشت
تەواوبوو، تاوانی من بوو، بۆیە هەموو وەك بكوژ
لێمیان دەڕوانی".
ئەو پیاوە بەردەوام دەبێت لەگێڕانەوەی قسەكانی
و وەك هێمای بۆ دەكات، دوای ماوەیەك لەمردنی
خوشكەكەی، ئەمیش دەگاتە نزیكی خۆ لەناوبردن،
بەڵام رێگای لێدەگرن، دەڵێت "ماوەیەكی زۆر
بەسەر مردنەكەیدا رۆیشت، كەس نەدەچووە
حەمامەكە بۆ خۆشۆردن، منیش نەدەچووم، جارێك
چووم نەمتوانی، چونكە خوشكەكەم لەبەر چاوم
بوو، بەراستی ماڵەكەمان وای لێهاتبوو ژیانكردن
سەختبوو تێیدا، بۆیە بڕیارمدا بگوازینەوە
شارۆچكەیەكی دیكە، لەوێ بەڕەزامەندی باوكم كە
پیاوێكی پیری پشت شكاوبوو بۆ كچەكەی، خانووێكم
كڕی، لەكاتی گواستنەوە كەس لەماڵی ئێمە رێگای
بەخۆی نەدەدا بوخچەی جلەكانی خوشكم بكاتەوە،
منیش گوتم بیكەنەوە، نایانبەین و دەیدەینە
ماڵە هەژارێك، لەناو جلەكانی دەفتەرێكم
دۆزییەوە، لەو دەفتەرەدا دیاربوو لەگەڵ ئەو
كوڕەی خۆشی دەویست بەڵێنیان بەیەك دابوو،
بیركردنەوەی رۆژانەیان بۆ بەیەكەوەژیان
بنوسنەوە. كەی دەفتەرەكانیان پڕ كردەوە بینێرن
بۆ یەك و بیگۆڕنەوە. ئەو لەسەرەتای دەفتەرەكەی
نوسیبووی ئەمڕۆ لەسەر بەڵێنەكە دەستمكرد
بەنوسینی خەیاڵەكانی خۆم، بۆ ئەو كاتەیە
بەیەكەوە دەبین، هەرچەند ترسم هەیە تا
تەواوكردنی ئەم دەفتەرە و گۆڕینەوەی
ئاشكرابێت، دواتر من ژیانم لەمەترسی دەبێت،
بەڵام بۆ تۆی دەكەم".
وەك ئەو پیاوە باسیشی دەكات، دوای خوێندنەوەی
دەفتەری یادەكانی خوشكەكەی، هەست بەتاوان
دەكات و دەڵێت "كاتێك خوێندمەوە تێگەشتم
چیمكردووە؟ تاوانێكی گەورە، كچێكی بچوك چەند
هیوای گەورەی بەژیان هەبووە، چەند بۆ ئایندە
دڵخۆش بووە، چۆن من وەك جەلادێك ئایندەی
دەكوژم، ئەو لەدێڕێكدا نوسیبووی، دەزانم
بێكاری، دەزانم نەتتوانیوە بخوێنی كرێكاری
دەكەیت، دەزانم فەقیرن، بەڵام كاتێك من
خوێندنم تەواوكرد، دەبمە موهەندیس، موچەكەی
بەشی هەردووكمان دەكات، تۆش دەتوانی شتێكی باش
بكەیت، خۆم دەزانم چیت بۆ دەكەم، تۆڵەی
خوێندنەكەت بكەیتەوە، كە منداڵمان بوو ناوی چی
بنێین؟. ئەوەم بۆ تۆ داناوە، من دایكێكی باش
دەبم، تۆش باوكێكی تەمەڵ نەبیت، خراپیش نەبیت.
ئەو شتانە و زۆر خەیاڵی دیكەی نوسی بوو، وەك
منداڵ دامە پڕمەی گریان، وەك شێتم لێهات،
ویستم خۆم بكوژم نەیانهێشت، ناخۆشە ئەو هەموو
خەونە لەناو ببەی، من تێگەشتم ئەو خەونی هەبوو
كە ژیانی نابێت تەنیا بێت، دەبێت پاڵەوانێك بۆ
خەونەكانی هەبێت، دەبێت منداڵی هەبێت، ئەو
كەسە باوكی بێت كە خۆشی دەوێت، ئەو بیری
لەچارەسەری بێئاستی ئەو كەسەش كردبۆوە، كە
خۆشی دەوێت، من هەڵەبووم تێگەیشتم رەنگە رێگاش
هەبێت بۆ باشتركردنی خەڵكێك كە پێت خراپە،
لەدەفتەرەكەی ئەو تێگەشتم كە زانیویەتی ئەو
كوڕە بێئاستەو كەمتوانایە، بەڵام تێشیگەیاندم
كە دەكرێت چارەبكرێت".
ئەو پیاوە هێما بۆ ئەوەش دەكات، كە ئەو ئێستا
تەنیایی بۆ خۆی كردۆتە سزا و بڕیاری داوە
بەردەوام بێت لەو سزادانەی خۆی و دەڵێت "بۆیە
خۆشم بڕیارمدا تۆڵە لەخۆم بكەمەوە، مادام
پاراستنی ئامانەتەكەی دایكم ناچار بەخۆكوشتن
كرد، ئەوە نزیك بە٢٠ ساڵە ئەوە روویداوەو منیش
تەنیام، دەبێت تا كۆتاییش تەنیابم. بۆ ئەوەی
رۆحم ئاسودە بێت، ئێستاش شەوێك نییە ئەو
لەبەرچاوم نەبێت، لەدەفتەرەكە نوسیبووی،
منداڵەكەمان گوپی خڕ دەبێت، چكۆلە و چاوڕەش،
سەرخڕ و دەمبەپێكەنین، هەمووكات لەبەرچاومە،
ئەو منداڵەی ئەو لەدەفتەرەكەی نوسیبووی، هەموو
كاتیش لەبەرچاومە كە هەموو بەیانییەك چەند
خەریكی خۆی دەبوو بۆ خۆ جوانكردنی تا جوان
دەركەوێت، من ناچارمكرد خۆی لەناو ببات".
پیاوە تەنیاكە ژیانی خۆی دەكاتە نموونە بۆ
باوك و براكانی کچانی كورد و هیوای وایە كەس
بەڕێگای ئەودا نەڕوات و داوا دەكات "كەس خۆی
وەك من لێنەكات، نەبێتە هۆی كوشتنی ئینسان"،
دەشڵێت "یەك هەڵەی گەورە هەیە لەكۆمەڵگای ئێمە
كە رێگا نادەین كچەكان و خوشكەكانمان ژیانی
خۆیان بۆ ئێمە باسبكەن، تا هاوكاریان بین
لەتێگەیشتن، بۆیە من داوایان لێدەكەم وەك من
نەكەن و واز لەو غرووری برابوون و باوكبوونە
بهێنن. با وەك من ناچار نەبن خۆتان سزا بدەن،
لەگەڵ كچەكانتان بن، فێری بڕیاری باشیان بكەن،
چونكە دواجار رێگرتنە لەكوشتنی ئەوانە، كوشتنی
ئەوانیش وەك من كوشتنی خۆتانە"، دەشڵێت
"دەزانم هەزارانی دیكە هەن خوشك و كچەكانیان
لەخۆشەویستی خۆیان دەكەن و خۆیان دەچنە باوەشی
خۆشەویستەكانیان، بەڵام دڵنیابن ئەوانە ئارامی
رۆحیان لەدەستداوە، پێكەنینیان درۆیە، درۆی
گەورە دەكەن". |