زۆر كەس داوا دەكەن، بۆ هێنانی ژنی دووەم ناویان لە بەرنامەی (هیزار) تۆمار بكرێت ...  

 

 

سڤیل: هاوكار محێدین

"هەتا ئێستا 32 كچ و كوڕمان بە یەكتری شاد كردووە، 100 كەسیش ناوی خۆیان تۆمار كردووە و سرەیان نەهاتووە"

هیزار (تارای بوكێنێ) هەر 15 رۆژ جارێك، كچ و كوڕێك لەدهۆك دەكا بەهاوسەری یەكتری و 7000 دۆلار وەكو دیاری دەكاتە مەسرەفی ژنگواستنەوە و مۆبیلیاتی ژووری نوستن و جلوبەرگی بوك و زاوا، لەگەڵ دابینكردنی هەموو پێداویستەكانی رۆژی خەنە و هۆڵی ئاهەنگێڕان و گرتنی وێنە لەناو ستۆدیۆ، تەنانەت بردنی بوك و زاوا لەمانگی هەنگوینی بۆ دەرەوەی وڵات، كە وەك پێشكەشكاری بەرنامەكە بەپێكەنینەوە دەڵێ "لەوانەیە من خۆشم سرە بگرم و لەرێگای ئەو بەرنامەیەوە ژنبێنم".
وارڤین تۆفیق، پێشكەشكاری بەرنامەی (هیزار) كە هەر 15 رۆژ جارێك لەدهۆك TV پێشكەش دەكرێت، بۆ (سڤیل) ئاماژەی پێدا كە بیرۆكەی بەرنامەكە هی خۆیەتی و لەدوای دانیشتن لەگەڵ بەڕێوەبەری بەرنامەكانی دهۆك تیڤی، بیرۆكەكەی خستنە بەردەم و ئەوانیش لەدوای نیشاندانی رەزامەندنی لەسەر پێشكەشكردنی بەرنامەكە، دواتر دەستكاری چەند بڕگەیەكی بەرنامەكە دەكەن و پێشكەشكارەكەش بەو دەستكاریكردنە رازی دەبێت.
بەڕێوەبەری بەرنامەكان لەتەلەڤزیۆنی دهۆك، لەبارەی بەرنامەی (هیزار) بۆ (سڤیل) ئەویش ئاماژەی پێدا كە لەدەسپێكی بەرنامەكە، ئەو بۆچوونی وابوو كە تەنها چەند خێزانێك لەدهۆك بەشداری لەبەرنامەكە دەكەن و پاشتر بەرنامەكە لەدوای پێشكەشكردنی چەند ئەلقەیەك خۆی دەوەستێ و كۆتایی پێدێت، بەڵام (عەدنان یوسف) بەڕێوەبەری بەرنامەكانی تەلەڤزیۆنی دهۆك، وەك خۆی دەڵێت "لەدوای نیشاندانی یەكەم ئەلقەی بەرنامەكە لەتەلەڤزیۆن، هێندە خەڵك پەیوەندی پێوەكردین بۆ ناو تۆماركردن، كە ئیدی نەمانتوانی كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەین، بۆیە بۆ ئەوەی شەرمەزاری لای خەڵك نەبین، ئێمە ماوەی چوارمانگە ناو تۆماركردنمان راگرتووەو ناوی كەسی دیكەمان نەنوسیوە".
سوهەیب سەعدوڵا، وێنەگر و دەرهێنەری بەرنامەی (هیزار)، ئاماژەی بەوەكرد كەوا كارەكانی ئەوان فرە لایەنەیە و هەر لەیەكەم قۆناغی بەرنامەكەوە دەسپێدەكات، دەڵێت "سەرەتا دەچین بۆ پێشانگای مۆبیلیاتی سپۆنسەری بەرنامەكە بۆ وێنەگرتنی ئەو تاخمی شەوی نوستنەی كە بوك و زاوا هەڵیدەبژێرن، كە جاری واهەیە نرخی تاخمەكە دەگاتە 2000 دۆلار، پاشتر دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە و وێنەی بۆیە و مۆكێتكردنی ژووری نوستن دەگرین، ئینجا رۆژی جوانكاری بوك و زاوا و هەڵبژاردنی جلوبەرگیان، دواتر شەوی خەنە و رۆژی ئاهەنگگێڕان و وێنەگرتنی ناو ستۆدیۆ، ئینجا شێوازی ژیانكردنی بوك و زاوا لەكۆمەڵگای (چنار)ی گەشتیاری، كە ئێستا بەنیازی رێكەوتنین لەگەڵ كۆمپانیایەك كە بۆ مانگی هەنگوینی، بوك و زاوا ببرێتە دەرەوەی وڵات، ئەمانە هەمووی هەنگاو بەهەنگاو دەبێت وێنەی بگیرێت و تۆماری بكەین".
بەڕێوەبەری بەرنامەكانی تەلەڤزیۆنی دهۆك (عەدنان یوسف) ئەوەی نەشاردەوە كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك باوەڕیان نەدەكرد بەرنامەكە ئەو پێشوازییە گەرمەی لەناو خەڵكی لێبكرێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرنامەكە یەكێ لەبەرنامە تەلەڤزیۆنییە سەركەوتووەكانی شاری دهۆكە و هەرجارێك كە بەرنامەكە پێشكەش دەكرێت ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەهۆی بەرنامەكەوە دەناسرێن، گوتیشی "بۆیە ئێمە حەزدەكەین، بەردەوام گۆڕانكاری و پێشكەوتن لەبەرنامەكە بێنینە دی و داواش دەكەین كەوا كۆمپانیای دیكەش ببن بەسپۆنسەری بەرنامەكە، چونكە هیزار بەرنامەیەكی گەنجانەیەو خزمەتێكی زۆری بەخەڵكی دەڤەرەكە كردووەو بەرژەوەندی هەمووان لەوە دایە كە بەرنامەكە هەر بەسەركەوتووی بمێنێتەوە".
لەبارەی شەوی خەنە، كە یەكێ لەبڕگە سەركەوتووەكانی بەرنامەكەیە (وارڤین تۆفیق) پێشكەشكاری بەرنامەی (هیزار) ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان لەو بڕگەیەی بەرنامەكە، هەموو ئامانجێكیان ئەوەیە كە گرنگی زیاتر بەزیندووكردنەوەی كەلتووری كوردەواری بدەن، هەر بۆیەش وەك ئەو هێمای بۆ دەكات، بەهیچ شێوەیەك هەوڵی ئەوە نادەن كە رۆڵی ئەكتەری بگێڕن و دەڵێت "بەرنامەی هیزار، بەرنامەی خەڵكە، بۆیە هەمووكات ئەوەمان لەبیر بووە كە بەجوانترین شێوە پێشكەشی بكەین"، لەبارەی ژمارەی ئەو كوڕ و كچانەشی كە تاوەكو ئێستا لەرێگای بەرنامەكەوە چوونەتە نێو ژیانی هاوسەری، وارڤین گوتی "هەتا ئێستا 32 كچ و كوڕمان بەیەكتری شاد كردووە، واتا 16 بەرنامە پێشكەش كراوە و بەرنامەیەكی دیكەش مۆنتاژ كراوە و 100 كەسیش ناوی خۆیان تۆمار كردووەو تائێستا سرەیان نەهاتووە".
بوك و زاوایەكی بەشداربووی بەرنامەی (هیزار) خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بەبەرنامەكە دەربڕی و زاوا ئاماژەی بەوەكرد كە ئەگەر بەرنامەكە نەبووایە، ئەو نەیدەتوانی تێچووی ژنگواستنەوەكە دابینبكات و دەبووا تا ماوەیەكی دیكەش چاوەڕێ بكات تاوەكو پارەی پێویست پەیدا دەكات بۆ رۆژی گواستنەوەكە. بوكەكەش سوپاسگوزاری پێشكەشكار و ئامادەكارانی بەرنامەكە بوو و ئەوەشی نەشاردەوە كەوا گەرموگوڕی ستافی بەرنامەكە رۆژی گواستنەوەكەیان خۆشتر كردبوو.
مەرجی سەرەكی بەشداربوون لەبەرنامەی (هیزار) رازیبوونی كەسوكاری بوك و زاوایە كە لەبەرنامەكە بەدیار بكەون، بەڵام وەك پێشكەشكاری بەرنامەكە دەڵێت "زۆرجار هەندێ لەكەسوكاری بوك و زاوا نازگیر دەبن و بەر لەتەواوبوونی بەرنامەكە، شوێنەكە جێدەهێڵن و بەبێ وەرگرتنی دیاری لەبەرنامەكە دەچنە دەرەوە".
لەبارەی ئەوەش كە ئاخۆ ئەگەر پیاوێك ژنی هەبێت، بۆی هەیە لەهێنانی ژنی دووەم بەشداری لەو بەرنامەیە دابكات، پێشكەشكاری بەرنامەكە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوە پرسیارێكی بەردەوامی پیاوانە و دەڵێت "رۆژانە پیاوان بەجددی یان هەندێك بەگاڵتەوە ئەو پرسیارە دەكەن، بەڵام هەندێكیان جددین لەپرسیارەكە كە بۆ هێنانی ژنی دووەم بەشداربن، لەگەڵ ئەوەش دوودڵن و لەخۆیان رانابینن". سەبارەت بەحالەتە نامۆیەكان و دیمەنە پێكەنینهێنەرەكانی بەرنامەكەش، وارڤین، باسی لەهەبوونی زۆر حالەت كرد بەڵام ئامادە نەبوو باسیان بكات و تەنها ئەوەی باسكرد كە "جارێكیان كوڕێكی قەیرە كە تەمەنی لەسەرووی 40 ساڵییەوە بوو، بەشداری لەبەرنامەكە كرد، بەڵام لەرۆژی بوك گواستنەوەكە ئێمە بەشێوەیەكی ئاوا پێشكەش بەجەماوەرمان كرد، خۆی لێ گۆڕابوو و وایدەزانی تەمەنی 20 ساڵانە".
وارڤین تۆفیق، پێشكەشكاری بەرنامەی (هیزار) كە هەر 15 رۆژ جارێك، لەبەرنامەكەی كچ و كوڕێك دەكا بەهاوسەری یەكتری، بەڵام تائێستا بۆخۆی ژیانی هاوسەری پێكنەهێناوە، بۆیە كاتێ پرسیاری ئەوەمان لێیكرد، ئایا خۆی چ بەرنامەیەكی لەبەردەستە بۆ ژنهێنان؟ بەپێكەنینەوە گوتی "ناوەڵا تاوەكو ئێستا هیچم بۆ خۆم نەدۆزیتەوەو هیچ بەرنامەیەكیشم لەبەردەست نییە، بەڵام ئەگەر یەكێ هەبوو، منیش سەرەی خۆم دەگرم و لەرێگای بەرنامەكەوە ژندێنم".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com