|
سڤیل:
محەمەد گۆران
بەس
نەچوومەتە ئەمەریكا و رووسیا، ئەگینا زۆربەی
وڵاتانی دنیام بینیوە و باشیشم رابواردووە
بابم 19 ژنی هێناوە، هەمووشیان لەیەك خانوو
بوونە لە مەخموور، بەڵام ئەمن گەلێك مەغدوورم،
سێ ژنم هێناوە
هەتا ئێستا دەستنوێژم لە ژنی مەخموور
نەشووشتۆتەوە، چونكە یان شیریانم خواردووە یان
ئەوان شیری دایكەكانی منیان خواردووە
هاوار ئاغا، سێ ژنی هێناوە، هەشت كوڕ و دوانزە
كچ و 102 نەوەی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خۆی
بەمەغدوور دەزانێ و دەڵێ "باوكم 19 ژنی هێناوە
و ئەمن لەو بارەوە زۆر مەغدوورم". هاوار ئاغا،
تەمەنی 93 ساڵەو (كاپتن های) حاكمی سیاسی
ئینگلیز لەهەولێر لەنێوان ساڵانی 1918 – 1920
لەكتێبەكەی خۆی (دوو ساڵ لەكوردستان) ئاماژەی
بەرۆژ و مانگ و ساڵی لەدایكبوونی هاوار ئاغا
كردووە، چونكە شەوی لەدایكبوونی (كاپتن های)
لەماڵی برایم ئاغای دزەیی كە دەكاتە باوكی
هاوار ئاغا، لەمەخموور بووە. باوكی هاوار ئاغا
(برایم ئاغای دزەیی) بەدامەزرێنەری شارۆچكەی
مەخموور دادەنرێت.
سڤیل: هەرچەندە كاپتن های لەكتێبەكەی خۆی باسی
لەدایكبوونی ئێوەی كردووە، بەڵام حەزدەكەین
لەزاری خۆتانەوە، تەمەن و پلەی خوێندەواریتان
بزانین؟
هاوارئاغا: لەگەڵ نوێبوونەوەی ساڵ، منیش
تەمەنم بوو بە 93 ساڵ، چونكە من لەدایكبووی
ساڵی 1919م، ئەو شەوەشی كە لەدایكبوومە، وەك
دەزانن كاپتن های ئەوشەوە میوان بووە لەلای
باوكم لەمەخموور. ئەویش نوسیوێتی كە كاتژمێر
دەونیوی شەوبووە كە هاتوونە خەبەریان داوەتە
باوكم گوتوویانە كوڕێكت بووە. های، دەشڵێ
بەیانی لەسەر نانخواردن بووین كە گوتیان دایكی
ناوی لەمنداڵەكە ناوە (هەوار)، مەسەلەی
خوێندنیش، من لەبەر ئاغایەتی و كشتوكاڵ، كەمم
خوێند، تەنها تا 6ی سەرەتایی چووم و پاشتر
گەڕامەوە و چیدیم نەخوێند، بەڵام بەهۆی گەڕان
و سوڕانی زۆرم بەدنیادا، ئاستی رۆشنبیریم خراپ
نییە، كوڕەكانی خۆم یەكێكیان پارێزەرە و
یەكیان ئەندازیارە و ئەوانەی دیكەش هەموویان
خوێندەواری باشن، بەڵام زۆرجار لەكاتی گفتوگۆ،
من زاڵدەبم و زانیاریان بۆ راستدەكەمەوە.
سڤیل: مادام باسی منداڵەكانت كرد، با ئەوەش
بزانین كە ئێوە چەند ژنتان هێناوە و چەند
منداڵ و نەوەشتان هەیە؟
هاوارئاغا: وەڵاهی من گەلێك مەغدوورم، سێ ژنم
هێناوە. بابم نۆزدەی هێناوە، هەمووشیان لەیەك
خانوو و حەوشەش بوونە لەمەخموور.
سڤیل: بەڵام ئەوە چۆن دەبێت؟ بەپێی شەریعەتی
ئیسلام نابێت پیاو لەیەك كات لەچوار ژن زیاتری
هەبێت، ئایا ئەو چۆن ئەمەی كردووە؟ تۆ ئەوەت
پێ جائیزە؟
هاوارئاغا: بەڵێ مەلایەكان بۆیان جائیز
كردووە، باوكم بەبێ مەلاكان نانی نەخواردووە.
باوكم بەشەو نوێژی كردووە، كە بەیانی رۆژ
هەڵاتوە ئینجا سەلامی داوەتەوە، زۆر بەدین
بووە، دیارە مەلایەكان بۆیان كردووە.
سڤیل: ئەی هۆكاری چبوو كە تۆ تەنها سێ ژنت
هێنا و زیاترت نەهێنا؟
هاوارئاغا: بەهەر حاڵ ناگوترێت، ئەگینا دەمگوت
(لەگەڵ پێداگیری ئێمە، رازیبوو بیڵێ) من سێ
ژنم هێنا و سێ كودەتا كرا لەعێراق، هەرسێ
ژنەكە، ئەو شەوەی كە دەمگواستەوە هەر ئەو
شەویش دەبووە كودەتا. ژنی یەكەم، شەوەكەی
عەبدولكەریم قاسم كودەتای بەسەر مەلیك كرد،
ژنی دووەم شەوەكەی كودەتایان بەسەر
عەبدولكەریم كرد، ژنی سێیەمیش، شەوەكەی
جەماعەتی سەدام كودەتایان كرد.. منیش درۆ
نازانم، سەدامم خۆشدەویست، چونكە دەیناردە
دوام و پرس و رای پێدەكردم و هەوڵی دەدا لەگەڵ
كورد رێكبكەوێت، بۆیە لەبەر هەندێ گوتم شەرت
بێت چیدی ژن نەهێنم، نەوەك دواتر بۆ شەوەكەی
كودەتایان بەسەر سەدامیش دەكرد!.
سڤیل: كەواتە نێوانتان خۆشبووە لەگەڵ سەدام؟
هاوارئاغا: بەڵێ. من دەڵێم نەمدەویست ژنی
چوارەم بهێنم نەوەك كودەتای بەسەردا بكرێت.
زۆریشم یەخە دەگرت كە مافێك بدا بەكورد، ئەویش
زۆر پشتگیری لەقسەكانم دەكرد، بەڵام دەست و
پێوەندەكەی خراپبوو. سەدام نوسراوێكی تایبەتی
دابووە من كە بەسەیارەی تایبەتی خۆم بگەڕێم
لەگوندەكان و بچمە لای مام جەلال و كاك
مەسعود.
سڤیل: هەتا ئێستا وەڵامت نەداوەتەوە كە چەند
كوڕ و كچ، چەند نەوەشت هەیە؟
هاوارئاغا: جگە لەوانەی مردوون، ئێستا 8 كوڕ و
12 كچم هەیە، لەگەڵ 102 نەوە.
سڤیل: چەند زمان دەزانی؟ ئەی چەند وڵاتت
بینیوە و لەو شوێنانەش بەچ زمانێك قسەت دەكرد؟
هاوارئاغا: كوردی و عەرەبی و توركی دەزانم،
زمانەكانی دیكەش لەهەر یەكە و هەندێكم دەزانی.
لەئینگلیزی هەندێكم دەزانی، كە دەچوومە لەندەن
و ئەوروپا، بەڕای خۆم پێ لەئاوێ دەردەچوو.
لەوڵاتانیش بەس نەچوومەتە ئەمەریكا و روسیا،
ئەگینا زۆربەی وڵاتانی دنیام بینیوە و باشیشم
رابردووە لەوێ، چونكە زانابوومە و بەتایبەت كە
چوومەتە لەندەن، ئەوەی لەگەڵ من بووە یان من
لەگەڵ ئەودا بوومە، كەس جیاوازی پێنەكردوومە
لەگەڵ ئینگلیزەك و بەشەو و بەرۆژ گەڕاوم و
ئازابوومە.
سڤیل: ئەی دەنا دەڵێن لەیەكێ لەو سەفەرانە، تۆ
چوویتە چێشتخانە و نەتزانیوە داوای مریشك
بكەیت؟ ئەو قسەیە راستە؟!
هاوارئاغا: راستە، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو.
حاجی خەسرۆ كوڕی سلێمان ئاغا، كە خەڵكی
دیبەگەیە و ئامۆزای خۆمە، لەسەفەرێك ئەو
لەگەڵم هات و چووینە نەمسا، ئەوانیش
زمانەكەیان جیاوازە و ئینگلیزی نییە، شەوەكەی
نوستین لەهۆتێل و بەیانییەكەی هەڵساین
لەچێشتخانەكەی هۆتێل نان بخۆین. حاجی خەسرۆ
گوتی كاك هاوار من لەگۆشت بەراز دوورم، بەس
لێمەگەڕێ ئەوەی بخۆم، چملێدەكەی كەیفی خۆتە.
گوتم بۆچی من گۆشت بەراز دەخۆم؟!. گوتم دەمت
هەیە بڵێ ناخۆم. لەو قسانە بووین، كچەكە هات
راوەستا دەفتەر و قەڵەمێكی پێبوو، بەفەرەنسی
گوتی چ دەخۆن؟ حاجی گوتی ئەوە چ دەڵێ؟ گوتم
دەڵێ چدەخۆی؟ حاجی خەسرۆش هیچی نەدەزانی،
بەكوردی گوتی مریشك دەخۆم، كچەش تێنەدەگەیشت،
ئینجا بۆی وەسفدەكرد و دەیگوت، سەلكی
ئەوەندەیە و دوو باڵی پێوەیە، قاچی هەیە و
دەنووكی هەیە، غارت دەداتێ و دەڵێ كیكی كیكی
ئەوجا كچەكە راست زانی! بەمنیشی گوت چدەخۆی؟
بەدەست تێمگەیاند و گوتم فیش ماسی. راست
تێگەیشت.
سڤیل: لەوانەیە خەڵێك هەبێت كە مێژووی
خانەوادەكەی ئێوە بەباشی نەزانێت؟ بەتایبەت
باوكت (برایم ئاغای دزەیی) كە دامەزرێنەری
شارۆچكەی مەخموورە. بۆیە دەمانەوێت هۆكاری
ئەوە بزانین كە بۆچی باوكت قوشتەپەی جێهێشت و
روویكردە مەخموور؟
هاوارئاغا: باوكم لەباپیرم توڕە دەبێت و
قوشتەپە بەجێدەهێڵێ، بەخۆشی ئاغای دزەییان
بووە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی خۆی هاتۆتە خوارێ
و چۆتە دیبەگەی، پێیان گوتووە دەچیتە كوێ؟
ئەویش گوتوویەتی مەخموور، خەڵكەكە
ئامۆژگارییان كردووە كە لەبەر عەرەبان نەچێتە
ئەوێ، ئەویش گوتوویەتی دەچم هاوڕێیەتیان
دەكەم. چۆتە ناو عەرەبان و چەند رۆژێك
لەگەڵیان ماوەتەوە و زانیوێتی كامەیان قسە
بەدەست و گەورەكانیانە، مەجالێكی وەرگرتووەو
هاتۆتەوە هەولێر چەند دیارییەكی بۆ كڕیون،
گەڕاوەتەوە ناویان و دیارییەكانی پێداون و
سەرنجی هەموانی بەلای خۆی راكێشاوە. ئینجا
باوكم پێی گوتوونە ئێوە بۆچی ئەو چەند سەت
ماڵە لەژێر رەشماڵ دانیشتوون و خانوو بۆ خۆتان
دروستناكەن؟ ئەوكاتەش ئاوی مەخموور هاتووە و
شەڵتەی كای بردووە، هێندە زۆربووە. پێشنیاری
بۆ كردوون كە خانوو دروستبكەن و لەبەر ئاوەكەش
كشتوكاڵ بكەن. بەو شێوەیە ئاوەكەیان
راكێشاوەتە قەڵای مەخموور كە بەقەڵاتی (برایم
ئاغا) مەشهوورەو بەناوی باوكم كراوە. بەوجۆرە
دەستدەكەن بەخانوو دروستكردن، بەڵام باوكم
لەژێرەوە كرمانجەكانی ئەو دەوروبەرە ئاگادار
دەكاتەوە، كە ئەوانیش بێن لەو شوێنە خانوو
دروستبكەن. لەدوای دروستكردنی مەخمووریش باوكم
15 ساڵ لەگەڵیان ژیاوە، بەڵام بەدرێژایی ئەو
ماوەیە باوكم لەژێرەوە كوردەكانی تێگەیاندووە
كە بێن لەناو مەخموور و گردەكانی دەوروبەری
خانوو دروستبكەن، كوردەكان چەكداریش بوونە،
بۆیە ئەوكاتەی كە باوكم زانی كورد لەعەرەب
زیاترە لەناو مەخموور و دەوروبەری، یەكسەر
داوای ئینزاری دانێ كە لەماوەی 24 كاتژمێر
مەخموور جێبهێڵن، ئەگینا كوردەكان بەسەریاندا
دەدات، هەرچەندە عەرەبەكان داوا لەباوكم دەكەن
كە بەرگریان لێبكات و بەر بەكوردان بگریت،
باوكم دەڵێ ئەوە لەدەسەڵاتی مندا نییەو ئەگەر
نەڕۆن دەتانكوژن، بەوجۆرە باوكم یەك عەرەبی
لەزێیێ نەهێشتووە و هەمووی دەركردووە بۆ
ئەوبەری زێ و كوردی هێناوە لەقەراج و
كەندیناوە نیشتەجێ كردووە. ئێستاش هەموو
سەركردایەتی كورد هەندی باوكمیان پێناكرێت كە
ئەوە هەموو كەس دەزانێت برایم ئاغا بە 24
كاتژمێر، هەموو عەرەبی ئەو ناوەی دەركردووە و
نەیهێشتوون لەوبەری زێیێ، بەڵام ئەوان ئێستا
ناتوانن زللەیەك لەعەرەبێك بدەن. من ئێستا
دایكم عەرەبە، باوكم سێ ژنی عەرەبی هەبووە یەك
لەوانە دایكی منە، چونكە عەرەب كە چوونە
ئەوبەری زێیێش، هێشتا دەترسان و كچی جوانیان
دەدایە باوكم تارازی بێت لەوێش دەریان نەكات.
دایكی من كچی سەرۆك عەشیرەتی (تەی) بووە،
دایكی كاكم مشیر ئەویش عەرەبە و ئەوەی دیكەش
منداڵی نەبووە.
سڤیل: وەكو مەخموورییەك، چ خەسڵەتێكی
كۆمەڵایەتی مەخمووریانت پێجوانە؟
بەپێچەوانەوەش، چی ئەوانیشت پێ ناشرین و
خراپە، حەزدەكەین لەزاری ئێوەوە ئەوشتە
بزانین؟
هاوارئاغا: من هەموو شتێكی مەخموورییانم
پێجوانە. مەخموور پیاوی زۆر نازداری تێدا
هەڵكەوتووە، وەكو (لەتیفی سمایل قۆچی- رەحمان
سەفەری- حاجی قادری شێروانی- محەمەد عەلی
بندیان) زۆر پیاوی دیكەش. من هەتا 10 ساڵیش
پێش ئەوڕۆ دەستنوێژم لەژنی مەخموور
نەشووشتۆتەوە، یان شیریانم خواردووە یان ئەوان
شیری دایكەكانی منیان خواردووە، مەخمووری
ئێستاش من بەكەس ناگۆڕنەوە. سەردەمی حكومەت
هەندێ نێوانم لەگەڵ ئاغاكانی دەوروبەر
ناخۆشبوو، كرمانجەكانی مەخموور هەموویان، كەس
گوێی بەحكومەتیش نەدا، دەستیان دایە تفەنگ و
بەرگرییان لەمن كرد.
سڤیل: مەخموور لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەندە بەزەوی
بەپیتی كشتوكاڵی و سامانە سروشتییەكان
بەتایبەت نەوت، هەروەها كۆنترین قەزای سەر
بەشاری هەولێریشە، بەڵام لەئێستادا
لەكەڵاوەیەك دەچێت، هۆكاری ئەمە چییە؟
هاوارئاغا: ئەوەش پرسیاری ئێمەیە، كە نازانین
بۆچی حكومەتی كوردی، هیچی بۆ مەخموور نەكرد،
ئێستا وا جادەیەكی بۆ دەكەن. هیچ خزمەتی
مەخموورییان نەكرد، ناشزانم بۆچی رقیان
لەمەخموور دەبێتەوە؟ دەنا ئەو شەهیدی
لەمەخموور هەیەو ئەو خزمەتەی خەڵكی مەخموور
پێشكەشی پێشمەرگە و شۆڕشی كوردی كردووە،
بابزانین چ شوێنێكی دیكە لەهەولێر زیاتری
كردووە؟ بەهەر دوولاشم گوتووە بەتایبەت مام
جەلال، ئاوا یەخەی مام جەلالم گرتووەو وەزعی
مەخموورم تێگەیاندووە. ئەوان زۆرچاك دەزانن
وەزعەكە چۆنە، بەتایبەت مام جەلال، چونكە
بەكادیری و بەفیراری لەمەخموور ژیاوە. ئێستا
تەماشای رانیە بكە؟ مەخموور كاتی خۆی دوو
هێندەی رانیە بوو، هیچیان بۆ مەخموور نەكرد،
بەڵام ئێستا رانیە بۆتە هەولێری جاران.
سڤیل: ئەی لەدوای هاتنی كاك مەسعود، كە لەپاش
رزگاركردنی مەخموور لە 2003 ئەوە یەكەمین
سەردانی سەرۆكی هەرێم بوو بۆ مەخموور، هەست
بەهیچ گۆڕانكارییەك دەكەن، كە لەدوای
سەردانەكەوە روویدابێت، بەتایبەت لەبواری
خزمەتگوزاری.
هاوارئاغا: لەو دانیشتنەی لەسەر داواكاری
خەڵكی مەخموور، منیش چووم، چونكە ئەگەر
نەچووبام هەم وەك كوڕی برایم ئاغای بۆ
مەخمووریان جوان نەبوو نەچم، هەم بۆ حیزبیش
جوان نەبوو، بۆیە چووم و لەبەرامبەر كاك
مەسعود دانیشتم، بەڵام یەك قسەم نەكردو تەنها
گوێم راگرت. خەڵكەكە قسەی زۆریان كردو كاك
مەسعودیش بەڵێنی زۆری داو گوتیشی ئەگەر نەمرم
بەخۆم خزمەتی مەخموور دەكەم، هەتا
بەمەسئولەكانی گوت باشە مەخموور هیچی بۆ
نەكراوە؟ گوتی لەمەودوا مەخموور عایدی منە، جا
نازانم بۆ لەمەودوا مەخموور چۆن دەبێت؟
سڤیل: پرسیاری ئەوەمان نەكرد كە ئایا ناوی
عەشیرەتی (دزەیی) لەچییەوە هاتووە؟
هاوارئاغا: دزەیی خۆی بنەچەكەی لەئێران
راهاتوون. لەگوندی (دزێ) لەئێران دوو بەرەباب
بوونەو لەرۆژی جەژن بەشەڕ هاتوونەو لەیەكتریان
داوە، سەرئەنجام دووبرا لەبراكانی دیكە جیا
دەبنەوەو دێنە عێراق، شەوەكەی بەفر دەبێت و لە
(زینێی شێخی) بوونە، دواتر دێنە قوشتەپە و
دەوروبەری، لەبەر ئەوەی پیاوی زۆریان لەگەڵ
دابووە و زەبر بەدەستیش بوونە، بوونەتە ئاغا
لەو ناوچەیە.
سڤیل: دواپرسیار، لەدوای 93 ساڵ تەمەن، ئێستا
كە بیر دەكەیتەوە لەچی پەشیمانی؟
هاوارئاغا: لەهەندێ شتی تایبەت بەخۆم كە
زەرەری هەبووە، لێی پەشیمان بوومەتەوە، بەڵام
ئەوەی كە لەگەڵ خەڵكی كردوومە، تەنها باشەم
كردووەو ئەگەر زیاترم پێكرابا، دەمكرد، بەڵام
دیارە هەر ئەوەندەم لەدەسەڵات داهەبووە.
بێگومان ئەو خەڵكە سادە و كرمانجەی كە لەلای
منیش بوونە، هەقی خۆی بووە كە خزمەتیان بكەم.
|