|
سڤیل:
بیلال سەعید
هەركات رۆیشتیتە ناو بازاڕی شاری كەلار،
دیمەنێك سەرنجت رادەكێشێت، ئەو دیمەنەش نە
پرۆژەكانی شارەوانییە، نە پەیكەری كەسایەتیەكی
گەورەیە، بەڵكو چوار گەنج دەبینی لەچوار جێگای
گرنگی شار لەسەر عەرەبانەیەكی كەمئەندامی
دانیشتوون و یەك پیشەیان هەڵبژاردووەو تەنیا
یەك داواكارییان لەكۆمپانیای ئاسیا و كۆڕەك
هەیە، ئەویش دابینكردنی هێلی تایبەت و
كەمنرخە.
ئەگەر لەسلێمانی یان جەلەولاو كفری و
خانەقینەوە بێیت، یان لەگەڕەكە سەرەكیەكانی
كەلارەوە بێیتە ناوبازاڕ، یا بتەوێت ناو
جەرگەی بازاڕ ببینی، ئەوە چوار گەنج دەبینی كە
هەر چواریان كەمئەندامن و هەموو جۆرەكانی
كارتی مۆبایل دەفرۆشن، هەرچەندە شاری كەلار كە
ئێستا ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، ژمارەی
دانیشتوانی لەسەرو 178 هەزار كەسە لەسەنتەری
شارەكەو بەدانیشتوانی دەوروبەریەوە نزیك بە
236 هەزار كەسە، بەپێی وتەی ئەو كەمئەندامانەی
لەڕاپۆرتەكە قسەدەكەن، ژمارەی كەمئەندام
لەشارەكەدا زۆر زۆرە.
ئەم چوار گەنجە كە ناویان (وەهاب و حەسەن و
سەركەوت و دڵشاد)ە، لەگەڵ سەیركردنیان ئومێدێك
دەبەخشن بەو كەسانەی كە وەك خۆیان كەمئەندامن
و پێمان دەڵێن مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی هەبێت
دەتوانێت هەموو ئیشێك بكات و بگات
بەئاواتەكەی.
لەگەڵ ئەوەی بەدەستێكی موبایلێكی هەرزان بەهای
نۆكیای بەدەستەوە گرتووەو بەدەستەكەی دیكە
ژمارە مۆبایل لەهاوڵاتیەك وەردەگرێت بۆئەوەی
بڕی 10 هەزار دینار باڵانس رەوانەی سەر
مۆبایلی ئەو هاوڵاتیە بكات، وەهاب كە یەكێكە
لەو گەنجە كەمئەندامانە باس لەچۆنیەتی
دەستكردنی بەكارت فرۆشی بۆ (سڤیل) دەگێڕێتەوە
"پێش چوار ساڵ لەماڵەوە بەپەلە خۆم دەگەیاندە
ئەم جێگایە، بۆئەوەی بتوانم كارتێكی زۆرتر
بفرۆشم و پارەیەكی زیاتر كۆ بكەمەوە".
وەهاب كە خۆی بە "براگەورە و سەركردە"ی كارت
فرۆشە كەمئەندامەكانی كەلار لەقەڵەم دەدات
بەپێكەنینەوە دەڵێت "ئێمە وەك دكتۆرەكان نین
كە تەنانەت نەخۆشی یەكتری چارەسەر ناكەن،
بەڵكو ئێمە ئەوەندە هاوڕێیەتیمان بەهێزە جاری
واهەیە خەڵك داوای كارت دەكات رەوانەی لای
یەكتری دەكەین".
ئامانج ڕەحمان گەنجێكی تەمەن 24 ساڵە
بەشەرواڵێكی كوردی و قەمیس و پاڵتۆیەكی رەشی
لەبەردایەو خۆی مەشغوڵ كردووە بەمۆبایلكەی
دەستیەوەو داوا لەوەهاب دەكات بڕی 5 هەزار
باڵانسی بداتێ، وەهابیش دەڵیت "ژمارە
مۆبایلەكەت چەندە بابۆت بنێرم"، ئەویش دوای
وتنی ژمارەكەی هۆكاری كڕینی كارتی موبایلی لای
وەهاب بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە "پێموایە هاوكاری
ئەم كەسانە بین كارێكی باش دەكەین".
كاتێك لەدایك بووە نەخۆش بووە، بەڵام
دكتۆرەكان بەباوكیان راگەیاندووە ئەگەر
نەشتەرگەری بۆ نەكات ئەگەری ئەوەهەیە بمرێت،
بەڵام گەر نەشتەرگەری بۆ كرا ئەوكات قاچەكانی
لەدەست دەدا، ئەمە یادەوەریەكە هەمیشە لەگوێی
دڵشاد نوری تەمەن 29 ساڵ دێت و دەڕوا، بەڵام
دڵشاد باس لەوە دەكات، هەمیشە بەئومێدەوە
ژیاوەو بەبەردەوامی كار دەكات و دەوێت خۆی خۆی
بژێنێ. چونكە "بەو بڕە پارەیەی كەمئەندامی كە
150 هەزار دینارە ناتوانرێت لەم رۆژەدا بژی".
دڵشاد كە بۆماوەی 3مانگ دەبێت دەستی بەكارت
فرۆشتن كردووە، باس لەچۆنیەتی دەستكردنی
بەكارت فرۆشتن دەكات و دەڵێ، پێش ئەوەی دەست
بەكارت فرۆشتن بكەم خۆم و سەركەوتی هاوڕێم
لەشێوەی كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ وەهاب كرد، كە
وەك برا گەورەیەك رێنماییمان بكات، ئەویش
"شوێنی بۆ دیاری كردین، بەڵام رێنمایی كردین
كە قەرز بەكەس نەدەین".
لەكاتێكدا وەك وەهاب و دڵشاد باسی لێوە دەكەن،
چەند خەسڵەتێكی هاوبەش لەهەر چوار كارت
فرۆشەكەی كەلاردا هەیە كە پێكهاتووە "نزیكی
تەمەن، نەبوونی ژن، كەمئەندامی، كارت فرۆشی،
كەمئەندامی سەر عەرەبانە، یەك داواكاری". وەك
دڵشاد دەڵێ "ئێمەی كەمئەندام كارتی
كەلارییەكان دابین دەكەین".
لەزۆر لەوڵاتەكان ئەوكەسانەی كە خاوەن
پێداویستی تایبەتن و كاری نمونەیی دەكەن،
حكومەت خزمەتێكی تەواویان دەكات و
نەخۆشیەكەیان بۆ چارەسەر دەكات، بەڵام ئەم
چوار گەنجە باس لەوەدەكەن حكومەت جگە لەو
مووچە هیچ خزمەتێكی دیكەیان ناكات. لەگەڵ
ئەوەشدا وەهاب و دڵشاد بەناوی هاوڕێكانی
دیكەشیانەوە داواكاریەكیان هەیە كە بریتیە
لەوەی كۆمپانیاكانی مۆبایل ژمارەی تایبەتیان
بۆ دابین بكات، كە باڵانسی كەمتر سەرف بكات.
|