|
سڤیل: گەرمیان
گەرمیان جیاواز لەساڵەكانی دیكە، زۆربەی
بەڕێوەبەرایەتییەكان لەكاتی خۆیدا
ئامارەكانیان راگەیاند، كە بەپێی ئامارەكان
ساڵی 2011 ساڵی زیادبوونی لەدایكبوونی منداڵی
(كچ) بووە لەگەرمیان، هاوكات هەر لەو ساڵەدا،
رێژەی هاوسەرگیری بەرادەی دە هێندەی
جیابوونەوە، زیادی كردووە.
بەپێی ئاماریكی بەڕێوەبەرایتی ڕەگەزنامە و
باری شارستانی گەرمیان، لەساڵی 2011 رێژەی
لەدایكبوونی كچان لەگەرمیان زیاتر بووە
لەكوڕ، هاوكات رێژەی مردنی مێینەش نزیكەی
دوو هێندەی نێرینە بووە، ئەمە جگەلەوەی
رێژەی هاوسەرگیریش نزیكەی دە هێندەی رێژەی
جیابوونەوە زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە
لەساڵی 2011دا (6255) منداڵی كوڕ و (8388)
كچ لەدایكبوون، لەبەرامبەریشدا (1649) نێر و
(3972) مێ مردوون. بەپێی ئاماری هەمان
بەڕێوەبەرایەتی، لەساڵی 2011 (4312)
هاوسەرگیری تۆماركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە
تەنها (488) جیابوونەوە روویداوە، هاوكات هەر
لەماوەی ئەو ساڵەدا (22027) رەگەزنامە بۆ
هاوڵاتیان دەركراوە، لەگەڵ (75335) ناسنامەی
باری كەسێتی.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری
شارستانی گەرمیانیش، لەساڵی ٢٠١١دا زیاتر لە
904 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لەسنورەكە تۆماركراوە
و 26 كەسیش لەمردن رزگاركراون. بەپێی ئاماری
11 مانگی ساڵی 2011 بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی
گەرمیانیش، بەرارود بە 11 مانگی ساڵی
رابردوو، رووداوەكانی هاتوچۆ و ژمارەی
قوربانییەكان نزیكەی دوو هێندە زیادی كردووە.
لەئامارەكەی هاتوچۆی گەرمیاندا هاتووە، لە 11
مانگی رابردووی ساڵی 2011، (483) رووداو
تۆمار كراوە، ئەم ژمارەیەش بۆ ساڵی 2010
بریتی بووە لە 272 رووداوی جۆراوجۆر و دوو
هێندە زیادی كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی
2010 (35) هاوڵاتی گیانیان لەدەست داوە و 334
كەسیش بریندار بوونە، لە بەرامبەردا ساڵی 2011
ئەو رێژەیە زیادی كردووە بۆ گیان لەدەستدانی
51 كەس و برینداربوونی 392 كەس.
هاوكات بەپێی ئامارێكی پۆلیسی گەرمیان، لەساڵی
2011 دا (4242) رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە و
رێژەكە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2010دا (388)
رووداو كەمی كردووە. لەئامارەكە ئەوەش هاتووە،
كە كوشتن بەهەموو جۆرەكانیەوە 70 حاڵەتی لێ
تۆمار كراوە، بەبەراورد بەساڵی 2010 و رێژەكە
12 حاڵەت كەمی كردووە.
|