ئامینا زكری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان: لەناو خێـزانێكی عەشایەر لە دایك بوومە، بەڵام تاوەكو ئێستا كەس رێگری لە كارەكانم نەكردووە  

 

 

سڤیل: قائید میرۆ مزووری

خەندان، رونكردنەوەكەی منی بڵاوكردەوە و ناوی منیشی لە لیستەكە دەرهێنا

ئامینا زكری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 1979 لەشاری ئەسفەهانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەدایكبووە. لەم دیمانەیەی (سڤیل)دا تیشك دەخاتە سەر بەشێك لەژیانی تایبەتی خۆی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە لەو كاتانەی لەماڵەوەیە زۆرتر هاوكاری دایكی لەكاروباری ناوماڵدا دەكات، بەڵام زۆر بەزەحمەت خواردن دروستدەكات و لەگەڵ مەتبەخ هاوڕێ نییە.


سڤیل: حەزدەكەین لەقۆناغی منداڵیتەوە دەستپێبكەین و بزانین كە چۆن ئەو قۆناغەت دەربازكرد و منداڵێكی چۆنبووی؟ هاروهاج یان شەرمن بووی؟
ئامینا زكری: لەمنداڵی ژیانێكی سەخت و دژوارم بەڕێكرد، ژیانێكی دوور لەژیانی هەر منداڵێكی ئاساییم بەڕێكرد، هەندێكجار منداڵێكی زۆر هاروهاج و هەندێكجاریش تابڵێی منداڵێكی بێدەنگ بووم لەناخی خۆمدا، بەڵام لەقوتابخانە، قوتابییەكی سەركێش و چالاكبووم، لەچالاكییەكانی قوتابخانەدا كەسێكی دیار بووم و مامۆستایەكانم زۆر منیان خۆشدەویست.
سڤیل: لەسەردەمی ئاوارەییدا، چۆن توانیت خۆت لەگەڵ كەلتووری ئێران بگونجێنی؟
ئامینا زكری: هەرچەندە لەرووی زمان و جلوبەرگ و دابونەریت و مەزهەبەوە، كەلتووری ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاوازبوو، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ناخۆشیانە تاڕادەیەكی باش ئێمە فێر ببووین خۆمان لەگەڵ فەرهەنگی ئێرانیش بگونجێنین، بەتایبەتیش ئێمە لەقۆناغی سەرەتایی تائامادەیی لەئێران خوێندمان.
سڤیل: ئەی دەگوترێ كە ئێوە لەئێران پرۆسەی هاوسەریتان لەگەڵ یەكێك لەخزمەكانی خۆتان پێكهێنا بوو، بەڵام دوای گەڕانەوەتان لەئێران و وەرگرتنی پۆست، تۆ پەشیمان بوویتەوە، ئەمەیان تا چەند راستە؟
ئامینا زكری: نەخێر، هیچ راستییەك بۆ ئەو قسەیە نییە.
سڤیل: ئەی دەكرێت پرسیاری ئەوە بكەین كە هۆكاری ئەوە چییە كە هەندێك لەكچانی خاوەن بڕوانامە، راستە كە پۆستی باڵا وەردەگرن، بەڵام لەپڕۆسەی هاوسەرگیریدا سەرناكەون؟
ئامینا زكری: ئەگەر ئێوە ئامارێكتان لەو بارەوە لەبەردەست هەبێت، ئێوە هۆكارەكەی دەزانن و دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەن، بەڵام من خۆم هیچ ئامارێكم لەبەردەستدا نییە، تا بزانم ژنانی خاوەن بڕوانامە و پۆست و پلە لەژیانی هاوسەریدا سەركەوتوون یان نا؟ بەبۆچوونی من، سەركەوتن لەژیانی هاوسەریدا بۆ هەموو چینێكی كۆمەڵگا شتێكی رێژەییە، هەر ژیانێكیش لەسەر بناغەی تێگەیشتن و بڕوا و راستگۆیی بنیات نرابێت، ژیانێكی سەركەوتوو دەبێت.
سڤیل: بێگومان دەركەوتنی ئافرەت لەناو خێزانە عەشایەرەكان بۆ ناو سیاسەت شتێكی گرانە، ئێوە لەو رووەوە هیچ ئاستەنگێكتان بۆ دروست نەبوو؟ ئەی لەكاری سیاسی تائێستا چەند پلەتان بڕیوە؟
ئامینا زكری: من لەناو خێزانێكی شۆڕشگێڕی عەشایەر لەدایك بوومە، لەناو خێزانەكەمان بەردەوام ناوی كوردستان و بارزانی پیرۆزترین واتای ژیان بووە. لەكاتی گەڕانەوەشم بۆ هەرێمی كوردستان، بڕیارمدا كاری پارتایەتی و رێكخراوەیی بكەم، ئەویش بەهاوكاری یەكێك لەخاڵەكانم بەناوی (یوسف سەبری)، بۆیە راستگۆیانە دەڵێم، تاوەكو ئێستا كەس رێگری لێ نەكردووم، بەڵكو بەپێچەوانەوە خێزانەكەمان زۆریش منیان هانداوە تاوەكو بەردەوام بم لەخەبات.
لەبارەی پلەكانی كاری سیاسی و رێكخراوەیشم، دوای گەڕانەوەمان لەوڵاتی ئێران ساڵی 1998 یەكسەر لەرێگای رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، یەكەم رێكخراوی یەكێتی ئافرەتان لەكۆمەڵگای تەناهی شاری دهۆك لەسەر دەستی من دامەزرا، دواتر بووم بەكادری لیژنەی ناوچەی سێمێلی پارتی و پاشتر لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەڵبژێردرام بۆ بەرپرسی لیژنەی راپەڕاندن و رێكخستنی یەكێتی ئافرەتانی دهۆك، ماوەیەكیش ئەندامی لقی 1 و بەرپرسی بەشی تەكنیك لەمەكتەبی هەڵبژاردنی لق و بەرپرسی پەیمانگای دهۆك بۆ پرسە سیاسییەكان بووم.
سڤیل: ئەی ئەگەر بڵێین كە ئاخۆ جوانی و رەگەز تاچەند كاریگەریان هەبووە، لەهەڵبژاردنی ئێوە بۆ ئەندامیەتی پەرلەمانی كوردستان؟
ئامینا زكری: بەبۆچوونی خۆم، توانا و سیڤی كاركردن مەرجی هەر كەسێكن بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا لەهەردوو رەگەزدا.
سڤیل: هەندێك ژنە پەرلەمانتار لەكاتی كۆبوونەوەی پەرلەمان، خۆیان بەكێشانی وێنە و خەتخەتێن لەسەر دەفتەرەكانیان خەریك دەكەن، ئێوەش وێنە دەكێشن و خۆتان خەریك دەكەن؟
سڤیل: ئەو حاڵەتەی ئێوە ئاماژەی بۆ دەكەن، تەنها تایبەت نییە بەئەندامانی ژن، پێشموایە شتێكی زۆر ئاساییە و پەرلەمانتاریش مرۆڤە و ماندوو دەبێت. زۆربەی جارەكانیش كۆبوونەوەی پەرلەمان 5 بۆ 8 كاتژمێر دەخایەنێت، هەندێك یاساش هەن زۆر پسپۆڕی و تەكنیكین تەنیا ژمارەیەك پەرلەمانتار شارەزاییان تێدا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە هەندێك پەرلەمانتار لەكاتی گفتوگۆكان خۆیان خەریك دەكەن، بەڵام ئەوە نیشانەی ئەوە نییە كە گوێ بەكۆبوونەوەی پەرلەمان نادرێت لەلایەن ئەو كەسانەوە. لەو كاتانەی منیش لەناو كۆبوونەوەی پەرلەمان ماندوو دەبم، زۆربەی جار بۆ چا خواردنەوەیەك هۆڵی پەرلەمان بەجێدێڵم و دەچمە دەرەوە پشوو دەدەم.
سڤیل: لەو رۆژانە لیستێكی ناوی ئەندامانی پەرلەمان لەزۆربەی سایت و پەیجەكانی فەیسبووك بڵاوكرایەوە، كە بۆ وەرگرتنی شوققەكانی پەرلەمان، واژۆیان كردبوو و ئێوەش یەكێ لەوانە بوون، بەڵام دواتر تۆ رەتتكردەوە كە ئیمزات بۆ وەرگرتنی شوققە كردبێت. ئێستا دەكرێت بپرسین ئەی ناوی تۆ بۆچی بەو لیستە لكێندرابوو؟
ئامینا زكری: باشتر وایە ئەو پرسیارە لەسایتی خەندان بكەن، چونكە ئەوان سەرەتا لیستی ناوەكانیان بڵاوكردۆتەوە. جگە لەناوی من، ناوی ژمارەیەك ئەندامی دیكەی پەرلەمانیش نووسرابوو كە ئیمزایان لەسەر ئەو یاداشتە نەكردبوو. ئەو سەرچاوەیە زانیاری بێ بنەمای داوەتە سایتی خەندان، ناوی هەندێ پەرلەمانتاری لەسەر لیستی كوردستانی بڵاوكردۆتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك ئەندامی فراكسیۆنی كوردستانی نین. پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەش، من لەپەیجی خۆم لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، بەتوندی ئەوەم رەتكردەوە و بەئیمەیل بەڕێوەبەری گشتی سایتی خەندان و بەشی هەواڵەكانی ئەو ماڵپەڕەم ئاگادار كردەوە كە ئەگەر ناوی من لەلیستەكە دەرنەهێندرێت و پۆزش نەهێننەوە، سكاڵایەكی یاسایی لەسەر سایتەكە تۆمار دەكەم، ئەوەبوو دواتر خەندان رونكردنەوەی منی بڵاوكردەوە و ناوی منیشی لەو لیستە دەرهێنا.
سڤیل: لەدوای كۆتایی هاتنی ئەو خولەی پەرلەمان، بەنیازن دواتر چ كارێك بكەن؟
ئامینا زكری: بۆ هەر پۆستێك من كاندیدی حزبەكەی خۆمم و پارتی هەر شوێنێك دیاری بكات بۆ بەردەوامیدان بەخەباتی سیاسی، من ئامادەم ئەو پۆستە وەربگرم، بەڵام ئەگەر بۆ هیچ شوێنێك كاندید نەكرام، زیاتر حەزدەكەم بەردەوامی بەخوێندن بدەم.
سڤیل: لەگەڵ ئیشوكاری ناوماڵ و لێنانی خواردن، كابانێكی چۆنی؟
ئامینا زكری: كاری ئێمە ئەوە داخوازێ زیاتر كاتی خۆمان لەدەرەوە بەسەر بەرین، بەڵام لەو كاتەنەی لەماڵ بم، زۆر هاوكاری دایكم دەكەم، بەڵام من و مەتبەخ لێك دوورین و زۆر بەزەحمەت خواردن دروستدەكەم.
سڤیل: بێگومان ئێوە لەبواری "ئەدەب"یش، خۆتان تاقیكردۆتەوە، لەدیمانەیەكیشدا دەڵێی شاعیرانی فارس كاریگەریان لەسەر من هەبووە، وەك فروغی فەروخزاد؟
ئامینا زكری: من دیوانێكی هەڵبەستم هەیە بەناوی (دبازگەهێن دەمیدا) و 17 شیعری بژارە لەخۆ دەگرێت. سەرەتاش نووسینەكانم بەزمانی فارسی بوون، بەرهەمەكانیشم زیاتر لەپەخشانە شیعر دەچوون، دواتر دەستمكرد بەنووسینی شیعر. راستە كاریگەری شاعیرانی فارس بەتایبەتیش خانمی شاعیر (فروغی فەروخزاد) لەشیعرەكانمدا بەروونی رەنگی داوەتەوە.
سڤیل: لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك چەند هاوڕێت هەیە؟ وەك پەرلەمانتارێكیش تاچەند سوودت لەپەیجەكەی خۆت بینیوە؟
ئامینا زكری: تائێستا نزیكەی پێنج هەزار و چوارسەت هاوڕێم هەیە، وەك پەرلەمانتاریش تارادەیەكی باش سوودم لەبۆچوونی هاوڵاتیان وەرگرتووە، زۆرجاریش لەسەر پرسێكی گرنگ یان بانگهێشتكردنی وەزیرەكان بۆ بەردەم پەرلەمان، پرسیارەكانم دەخەمە بەردەم رای گشتی و زۆر كەسیش راوپشنیاری خۆیان بەنامەی تایبەت بۆ پەیجەكەم دەنێرن، لەلایەكی دیكەوەش زۆر هاوڵاتی بەنامە لەبارەی كێشەكانیان ئاگادارم دەكەنەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com