|
سڤیل:
هەولێر
بەڕێوەبەری كارگێڕی
نەخۆشخانە: زۆربەی ئەو كەسانەی هەڕەشەمان
لێدەكەن لە هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگەن
تەنیا لەماوەكانی رابردوودا سێجار بەچەك
هێرشكراوەتە سەركارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە و
چوار كارمەند بریندار كراون، بەڕێوەبەری
كارگێری نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری، بۆ
بەرگریكردن لەكارمەندان و پاراستنی
نەخۆشخانەكەیان، داوای دابینكردنی هێزی
زێرەڤانی دەكات.
نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری شاری هەولێر، كە
بە نەخۆشخانەی جمهوری ناسراوە یەكێكە
لەكۆنترین نەخۆشخانەكانی ئەو شارەو زۆربەی
بەشەكانی نەخۆشی لەخۆ دەگرێت و رۆژانە سەدان
كەس بۆ سەردانیكردنی نەخۆش و چارەسەركردن روو
لەو نەخۆشخانەیە دەكەن، زۆرجار كارمەندانی
نەخۆشخانەكە كەوتوونەتە بەر هێرشی كەسانی
چەكدار و لەرۆژانی رابردووشدا بەهۆی گیان
لەدەستدانی نەخۆشێك، كەسوكاری نەخۆشەكە هێرش
دەكەنە سەر كارمەندی ئیشكگری نەخۆشخانەكە و
دوای لێدانی بەچەقۆ، بەسەختی بریندار دەكرێت،
وەك ئەو كارمەندەش ئاماژەی بۆ كرد، هێرشبەرەكە
لەبەر چاوی پۆلیس هەڕەشەی لێكردووە و مەترسی
بۆ سەر ژیانی دروستكردووە.
كارمەندی بەشی كارگێڕی نەخۆشخانەی هەولێری
فێركاری (دیار عەزیز) بەر لەچەند رۆژێك
لەلایەن كەسێكەوە درایە بەر چەقۆ و باسی ئەو
رۆژەی بۆ (سڤیل) ئاوا گێڕایەوە كە دەیان كەس
جگە لەشكاندنی دەرگا و پەنجەرەكانی بەشی
هەناوی نەخۆشخانەكە، پەلاماری ئەویشیان داوەو
برینداریان كردووە، دەڵێت "رۆژی شەممەی
رابردوو 7/1/2012، من ئێشكگری كارگێڕی
لەدەوامی فەرمی خۆم ئامادەبووم، نزیك
بەكاتژمێر 6ی ئێوارە نەخۆشێك لەبەشی هەناوی
نەخۆشخانە خەوێندرابوو، ئێمە وەك كارمەندان و
پزیشكانی نەخۆشخانە، هەرچی پێویستبوو بۆمان
ئەنجام دا، هەتا كارەبای نیشتیمانی نەبوو،
موەلیدەی نەخۆشخانەش توانای كارپێكردنی تیشكی
جۆری ستی سكانی نەبوو، خۆم تەلەفۆنم بۆ
فەرمانگەی كارەبا كردووە و تیشكی بۆ گیراوە،
كاتژمێر 6ی ئێوارە كارمەندی تەندروستی
تەلەفۆنیان بۆ كردم، كە رەوشی نەخۆشەكە باش
نییە، منیش لەناو نەخۆشخانە بووم و چوومە ئەو
بەشەی نەخۆشەكەی لێیبوو، بەڵام تا من گەیشتمە
شوێنی مەبەست بەداخەوە ئەو هاوڵاتییە گیانی
لەدەستدابوو، ئەوەبوو زیاتر لە 100 كەسی
لێبوو، هەموویان كەوا كەسوكاری نەخۆشەكە بوون،
هێرشیان كردە سەر دەرگا و پەنجەرەی نەخۆشخانە
و جوێنیان بەكارمەندان دا، دوو سێ كەسیش
هەوڵیاندا بچنە نهۆمی سەرەوە تاوەكو ئەوێش
بشكێنن، منیش چوومە لای كەسێكی بەتەمەن بۆ
ئەوەی رەوشەكە كۆنتڕۆڵ بكەم و هاوكاریان بكەم،
بەو كەسەم گوت، مردن ئەمری خوایە و ئێمەش
ئەوەی پێمان كرابێت بۆ نەخۆشەكە كردوومانە و
ئێستاش ئێوە هەر پێویستیەكتان هەبێت لەخزمەتدا
دەبین و ئەگەر كەموكوڕیەكیش لەنەخۆشخانە
هەبووبێت، داوای خۆتان بنووسن و ئێمەش
بەدواداچوون دەكەین، بەڵام من لەو قسانە
دابووم، كەوا كەسێكی نزیكی مردووەكە بەناوی
(هەژار) لەپشتەوە پەلاماری دام و چەقۆیەكی
لەپشتمدا".
دیار عەزیز، ئەوەشی نەشاردەوە كە پۆلیسی
نەخۆشخانەكە سەرەڕای ئامادەبوونیان لەشوێنی
رووداو، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر
ئەو كەسانە نەبووە، دەشڵێت "ئەو كاتەی
بەربوومەوە سەرزەوی كارمەندانی نەخۆشخانە
بانگی پۆلیسی پرسگەیان كرد، بەڵام كە پۆلیس
هاتن هیچ كاردانەوەیەكیان لەبەرامبەر ئەو
كەسانە نەبوو، دواتر پۆلیسی فریاكەوتن و 104
هاتن و دووكەس لەو هێرشبەرانە دەستگیركران،
منیش لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەندی
چارەسەركرام، ئێستاش من لەبنكەی پۆلیسی
تەیراوە، سكاڵای یاساییم لەسەر ئەو كەسانە
تۆمار كردووە".
لەكۆتایی قسەكانیدا بۆ (سڤیل) (دیار عەزیز)
ئاشكرای دەكات و دەڵێت "یەكێك لەو كەسانەی
پەلاماری دابووم، لەكاتی دەستگیركردنی لەناو
ئۆتۆمبێلی پۆلیس بەبەرچاوی ئەفسەرەكە هەڕەشەی
لێكردم و گوتی، ئەگەر دەساڵی دیكەش دەستگیر
بكرێم هەر بەردەبم و تۆڵەت لێدەكەمەوە، بۆیە
ماوەی هەفتەیەكە من نەچوومەتە دەوام و ئەگەر
كێشەكەش چارەسەر نەكرێت، من داوای دابینكردنی
هێزی زێرەڤانی دەكەم، چونكە دڵنیام ئەوە
كۆتایی رووداو نابێت".
موزەفەر جەمیل، بەڕێوەبەری بەشی كارگێڕی
نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری، لای خۆیەوە ئەوەی
پشتڕاستكردەوە كەوا كەسانی چەكدار لەكاتی
سەردانیكرنیان بۆ نەخۆشخانە، زۆرجار هەڕەشە
لەكارمەندانی نەخۆشخانەكەیان دەكەن، دەڵێت
"لەماوەكانی رابردوو سێجار لەلایەن كەسانی
چەكدار و هاوڵاتیانەوە هێرش كراوەتە سەر
كارمەندانی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری"،
دەشڵێت "بەر لەچەند رۆژێك كارمەندێكی ئاسایشی
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەدەمانچە
هێرشی كردەسەر كارمەندانی پرسگە و 9 گوللەی
تەقاند، كە تێیدا دوو كارمەندی پرسگە و
كارمەندێكی نەهێشتنی تاوان بریندار بوون، هەر
لەو ماوەی رابردووشدا مفەوەزێكی پۆلیس هێرشی
كردەسەر پرسگە و كارمەندێكی نەخۆشخانە، دوا
رووداویش هێرشكردنە سەر (دیار عەزیز) كارمەندی
كارگێڕ نەخۆشخانەكەمان بوو، كە تێیدا ئەو
كارمەندە بریندار كراوە و ئێمە وەك بەشی
كارگێڕی بەنووسراوی فەرمی فەرمانگەی تەندروستی
هەولێر و وەزارەتمان لەو هێرشە ئاگادار
كردۆتەوە، چونكە دیار ئیشكگری ئیدارە بووە و
لەدەوامی فەرمیدا و بەبێ هیچ بیانوویەك هێرشی
كراوەتە سەری و بریندار كراوە".
بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەكە، ئەوەشی
دركاند كە ئەوانەی هەڕەشە لەكارمەندان و
پرسگەی نەخۆشخانەكەیان دەكەن، "زۆربەیان
كارمەندی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگەن"،
داواشی لەوەزارەتی تەندروستی و لایەنە
پەیوەندیدارەكان كرد، كە لەنەخۆشخانەی كۆماریش
وەك نەخۆشخانەكانی دیكە سەردانی نەخۆش نەمێنێت
و هێزی زێرەڤانی لەجیاتی پۆلیس بۆیان دابین
بكرێت. موزەفەر جەمیل، دەڵێت "دەیانجارە هێرش
دەكرێتە سەر كارمەندان و پرسگەی نەخۆشخانەی
كۆماری، هەڕەشەیەكی زۆرمان لەسەرە، پۆلیسی
نەخۆشخانەش دەڵێن ئەو دەستەڵاتەمان نییە، هەر
كەسێك بێتە نەخۆشخانە بیگرین یان شەڕیان لەگەڵ
بكەین، چونكە زۆربەی ئەو كەسانەی هێرشیان
كردۆتە سەر كارمەندان و پرسگە، یان سەر
بەهێزەكانی ئاسایشن، یانیش سەر بەهێزەكانی
پێشمەرگەن".
(بارزان عەباس) كارمەندی نەخۆشخانەی هەولێری
فێركاری داوای كرد كە یاسایەك هەبێت بۆ
پاراستنیان و گوتی "ئێمە هەركاتێك لەدەوام
بین، ترس لەناو دڵماندایە هێرش بكرێتە سەرمان،
لەبەر ئەوەی هیچ یاسایەك نییە بۆ پاراستن و
بەرگریلێكردنمان، ناچار خۆمان دەشارینەوە،
هیوادارم بەیاسا كاروباری نەخۆشخانە رێكبخرێت،
تا ماف و ژیانمان پارێزراو بیت". |