لە سۆران لە ماوەی ساڵێكدا 430 ئافرەت مۆڵەتی شۆفێرییان وەرگرتووە  

 

 

سڤیل: دڵشاد باڵەكی
لەماوەی ساڵی 2011دا، لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆراندا، لەكۆی 170 ڕووداوی هاتوچۆ (22) هاوڵاتی مردوون و (170)ش بریندار بوونە.
مولازم (سالار تەحسین) بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە لەساڵی 2011 لەگەڵ دانانی كامێرای چاودێری لەسنوری بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران، كە چوار قەزا لەخۆ دەگرێت، (سۆران- چۆمان- ڕواندز- مێرگەسۆ) 400 حاڵەتی سەرپێچی بەكامێرا تۆماركراون، بەگشتیش 4700 سەرپێچی تۆماركراوە. ئەو بەرپرسەی بەشی راگەیاندن، دەربارەی نوێكردنەوەی ئاماری كارت و باج، ئەوەشی خستەڕوو، كە هەر لەساڵی 2011دا 273 كارت و باج نوێكراونەتەوە. گوتیشی "لەساڵی 2011دا (3636) مۆڵەتی گشتی بەهاوڵاتیان دراوە، لەگەڵ (1499) مۆڵەتی تایبەتی و (420) مۆڵەتی نێودەوڵەتی. ئەوەشی خستەروو، كە لەو ژمارەیەدا 14 مۆڵەتی گشتی (416) مۆڵەتی تایبەتیش بەئافرەتان دراوە، لەگەڵ پێدانی (122) مۆڵەتیش بەماتۆرسكیلەكان. مولازم سالار وتیشی "هەر لەماوەی ساڵی 2011 (14) مۆڵەت بەخاوەن پێداویستی تایبەت لەسنوری پۆلیسی هاتوچۆی سۆران دراوە".
دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لەسنوری (حاجی ئۆمەران)ەوە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەهێنرێن، (سالار تەحسین) بە (سڤیل)ی راگەیاند، لەساڵی 2011 (12400) ئۆتۆمبێل لەسنوری حاجی ئۆمەرانەوە داخیلی كوردستان كراون. ئەو پلەدارەی پۆلیسی هاتوچۆ گوتیشی "سەنتەری (هەزە-p.v.i) لەساڵی 2009 لەسۆران كراوەتەوە و لەساڵی 2011دا (3012) ئۆتۆمبێل پشكنینیان بۆ كراوە، بەگشتیش تاوەكو ئێستا (10851) ئۆتۆمبێڵ لەسنووری سۆران پشكنینی بۆ كراوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com