|
سڤیل:
شادی محەمەد
"خێزانەكان زۆرجار هەموو پێداویستییەكانی
منداڵەكانیان دابیندەكەن، بەڵام بێئاگان لەوەی
تاكێكی بێتوانای لاواز دەخەنە كۆمەڵگاوە"
كچێك: قەت نەمتوانیوە بە ویستی خۆم
بڕیار بدەم و پشت بەخۆم ببەستم، ئێستاش بۆم
بووەتە كارێكی سەخت
"ناتوانم لەچارەسەری كێشەكانمدا پشت بەخۆم
ببەستم، چونكە تا ئێستا برا گەورەكەم لەبری من
بیری كردۆتەوە و بڕیاری داوە، بۆیە نەك هەر
من، بەڵكو خوشكەكانی دیكەشم وەكو من وان،
براكەم بۆی دیاری كردووین چی بۆ ئێمە باشە و
پەیڕەوی لێبكەین، چیش خراپە و لێی دوور
بكەوینەوە. وا فێركراوین بێ ویستی خۆمان بڕیار
بدەین".
ئەمە قسەی (لاڤە كریم)ی تەمەن 23 ساڵی كچە
قوتابی زانكۆیە و كە "ئێستا دوور لەماڵەوە
دەخوێنێ و خوێندكاری زانكۆیە لەشارێكی دیكە،
بەڵام ئەو جۆرە پەروەردەیە بۆ ئەو بووەتە كێشە
و وەك خۆی دەڵێ "هەستدەكەم ئەو كێشە و
ئاستەنگانەی دێنە پێشم زۆر بەزەحمەت دەتوانم
بەتەنها رووبەڕوویان بوەستم، چونكە لەژیانمدا
نەمتوانیوە بەویستی خۆم بڕیار بدەم و پشت
بەخۆم ببەستم، ئێستاش بۆم بۆتە كارێكی سەخت،
بۆیە لەكاری زۆر بچووكیش ناچار دەبم پەنا
ببەمە بەر هاوڕێ نزیكەكانم و ئەوان یارمەتیم
دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو كێشانەی رۆژانە
دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم دەكەم".
بەهۆی پەروەردەی نادروستی خێزانی، زۆرجار
تاكەكانی نێو كۆمەڵگا ناتوانن بچووكترین بڕیار
لەژیاندا بدەن، كە وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی
هێمای بۆ دەكات، پشتگوێخستنی چارەسەركردنی
كێشەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەنتەری
چارەسەری كێشەكانی خێزان، بۆ خستنەڕووی كێشەی
جۆربەجۆری خێزانی و كۆمەڵایەتی و گەڕان بەدوای
چارەسەریدا.
(دلۆڤان ئەحمەد)ی تەمەن 19 ساڵ دەڵێت "هەمیشە
بۆ چارەسەری هیچ كێشەیەك خەم ناخۆم و دەڵێم
بەتەمای خوا، بەبیریشم نایەت تائیستا
لەژیانمدا توشی كێشەیەك بووبم و چارەسەرم
نەكردبێت، تەنها نهێنیش ئەوەیە، من خۆم سەرقاڵ
ناكەم و نەخشە دانانێم بۆ چارەسەر، بەڵكو
كێشەكان خۆیان بەئاسانی چارەسەر دەبن".
بەڵام (رۆزا غەفوور)ی تەمەن 28 ساڵ، كە
فەرمانبەرە لەیەكێك لەفەرمانگەكانی ناوشاری
هەولێر، پێیوایە لای تاكی كورد بەگشتی و لاوان
بەتایبەتی، رۆشنبیری زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا
كەمە و لای هەندێك كەسیش هەر نییە. دەڵێت
"ئێمە كۆمەڵگایەكین كێشەكان زۆر بەهەند
وەرناگرین و خەم لەچارەسەریان ناخۆین و هەمیشە
لێی دەگەڕێین بۆ بارودۆخ، بەڵام پشتگوێخستنی
كێشە و چارەسەرنەكردنیان كاریگەری سلبی
لەژیانی تاكدا بەجێدەهێڵێت"، دەشڵێت "دوای
تێپەڕبوونی رۆژگار، پەشیمان دەبینەوە كە
نەمانتوانیوە بەسەركەوتوویی بەرەنگاری كێشەكان
ببینەوە، چونكە لەداهاتوودا چەند كێشەی دیكەت
بۆ دروست دەبێت".
سەنگەر عەلی، تەمەنی 27 ساڵە و ماوەی چەند
ساڵێكە مامۆستایە، دەڵێت "چەند شتێك هەیە
پێویستە تاك لەچارەسەری كێشەكانیدا لەبەرچاوی
بگرێت، وەك ئەوەی ئەو كەسە دەبێت هەستبكات
كێشەیەك هەیە و كاریگەری سلبی لەسەر ژیانی
دادەنێت، بۆیە پێویستە چارەسەری بكات". سەنگەر
دەشڵێت "هەستكردن بەكێشەیەك و دۆزینەوەی
لایەنەكانی و زانینی هۆكارەكانی، خاڵێكی گرنگە
بۆ چارەسەری كێشەكە، چونكە زۆرجار كەسەكە
دەزانێت كێشەكەی چییە و هۆكاری چارەسەركردن و
ئارەزووی چارەسەریشی هەیە، بەڵام چەند
بەربەستێكی هەیە ناتوانێت بگات بەچارەسەر، وەك
هۆكاری خێزانی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، بۆیە
ئەو كەسە تووشی ئازاری دەروونی و بێهیوایی
دەبێت". بەرای (نامۆ شاسوار)ی تەمەن 21 ساڵ و
خوێندكاری زانكۆش "ئەو كێشانەی رووبەڕووی
تاكەكانی كۆمەڵگا دەبنەوە، زیاتر دەگەڕێتەوە
بۆ گۆڕانی كۆمەڵایەتی، زۆرجاریش خێزانەكان
هەموو پێداویستیەكانی رۆڵەكانیان دابیندەكەن و
ناهێڵن بۆ هیچ شتێك دڵتەنگ بن، بێئاگا لەوەی
سبەی تاكێكی بێتوانای لاواز لەرووی
كەسایەتییەوە دەخەنە كۆمەڵگاوە، كە لەبچوكترین
رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كێشەكانی ژیاندا
پەنادەباتە بەر كەسانی دیكە".
هەر لەو بارەوە مامۆستا نەرمین خالیدی تەەن 35
ساڵ دەڵێ "گرنگترین لایەنی پەروەردە و فێركردن
لەناو خێزاندا و جوانترین خەڵات بۆ نەوەكانیان
ئەوەیە، كە فێریان بكەن لەسەر پێی خۆیان
رابوەستن و یارمەتیان بدەن، تا بتوانن خۆیان
بڕیار بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا كار و
بەرپرسیارێتیان پێبدەن تا فێربن چۆن بڕیار
بدەن و چارەی ئەو كێشانە بكەن، كە ڕووبەڕوویان
دەبێتەوە"، ئەو ژنە مامۆستایە، دەشڵێت "ئەركی
دایك و باوكە رۆشنبیری باوەڕبەخۆبوون و
ئارامگری لەدەروونی منداڵەكانیاندا بچێنن،
چونكە شێوازی پەروەردەكردن زۆر كاریگەری هەیە
لەسەر توانای تاك بۆ بەرەنگاربوونەوەی كێشەكان
و تێپەڕاندانی".
نەوزاد عومەر (توێژەری دەروونی) لەبارەی
شێوازی پەروەردەكردنی تاك بۆ زاڵبوون بەسەر
كێشەكانیدا، ئاماژە بەوە دەكات، كە لەكاتی
دروستبوونی هەر كێشەیەكدا گرنگترین شت بۆ
چارەسەری كێشەكان، گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەیە
لەناو خێزاندا. دەشڵێت "هەستكردن بەگرنگی
رۆشنبیری چارەسەری كێشەكانە، چونكە ئەو كەسەی
داوا لەكەسێكی پسپۆڕی كۆمەڵایەتی یان دەروونی
یان خێزانی دەكات، رێنمایی بكات بۆ دەربازبوون
لەكێشەیەك، بێگومان ئەو كەسە "عەسایەكی سحری"
پێنیە كێشەكەی چارەسەر بكات، بەڵكو تەنها
یارمەتی دەدات بەرێنماییكردن و بەرچاوڕوونییەك
بۆ گەیشتن بەرێگایەكی گونجاو، كەواتە دواجار
تەنها ئەو كەسە خۆی دەتوانێت بڕیار بدات، كە
كام رێگا گونجاوە بۆ چارەسەری كێشەكەی".
هاوڕاز عەبدول (توێژەری كۆمەڵایەتی) سەبارەت
بەهەمان كێشە بۆچوونی وابوو، كە كێشەی سەرەكی
ئەوەیە تاكی كۆمەڵگای كوردی ئەو رۆشنبیرییەی
لادروست نەبووە، كێشەكان دەستنیشان بكات و
دانبەوەدا بنێت، كە بەڵێ كێشەیەك هەیە و
پێویستە چارەسەری بكات. وەك هاوڕاز دەشڵێت
"پشتگوێخستنی چارەسەركردنی كێشەكان دەگەڕێتەوە
بۆ نەبوون یان كەمی سەنتەری چارەسەری كێشەكانی
خێزان، چونكە رۆشنبیری چارەسەركردنی كێشە
كۆمەڵایەتییەكان نییە بۆ خستنەڕووی كێشەی
جۆربەجۆری خێزانی و كۆمەڵایەتی و گەڕان بەدوای
چارەسەریدا". |