لە سۆران 6552 كەس پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە ... زیاتر لە 199 كچ و كوڕی شەهید و جینۆسایدیش دیاری هاوسەرگیریان وەرگرتووە  

 

 

سڤیل: هەسنانی
بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران، بە (سڤیل)ی راگەیاند "زیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیری لە 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن دینار، كاریگەری باشی هەبووە لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری، گوتیشی "بەهۆی هاتنی ساڵی نوێ لەپێناو رێكخستنی خەرجیەكان، لە 8ی مانگی 12 ئەو پێشینەیە بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە".
سیامەند ئیسماعیل حەمەشەریف، بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران لەبەردەوامی قسەكانیدا، ئەوەشی گوت كە "لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی سۆران، 6552 كەس پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە، واتە تا بەرواری 8-12-2012 كە بڕیارمان بۆ هات ئەو پێشینەیە رابگیرێت". هۆكاری وەستانی ئەو پێشینەیەش، وەك ئەو گوتی "بەهۆی نزیكبوونەوە و هاتنی ساڵی نوێ بووە، بۆ ئەوەی حیساباتی خۆمان رێكبخەین، تەنانەت خەرجیە جۆراوجۆرەكانیش لە 15 ی ئەو مانگەوە راگیراون، بێ ئەوەی هیچ كێشەیەك هەبێت، هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەمەوە، ئەمساڵ دووبارە بەپێی رێنمایی نوێی حكومەت و وەزارەت دەست بەخەرجكردنی پێشینەی هاوسەرگیری دەكرێتەوە".
سیامەند ئیسماعیل، ئەوەشی خستەروو كە "ئەو گەنجانەی مامەڵەی پێشینەكەیان كردووە و تائێستاش پارەكەیان وەرنەگرتووە، ئەوانەشی كە بەرواریان بەسەرچووە و لەو ماوەیەی پێشینەكەیان راگیراوە، بەرەزامەندی بریكاری وەزیری دارایی مامەڵەكانیان وەرگیراوە و ناوەكان لەلای خۆمان تۆماركراون، بۆ ئەوەی لەكاتی دەستكردنەوە بەخەرجكردنی پێشینەكە، ئەوانیش سوودمەند ببن، كە ناوەكانییان لەسجلێكی تایبەت تۆماركراوە".
لەلایەكی دیكەوە (شەهلا عەزیز) بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی لەبەڕێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوەكانی سۆران، لەبارەی دیاری هاوسەرگیری و دەڵێت "لەئێستادا هەر كچ و كوڕێكی شەهیدی سەنگەر و جینۆساید، پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدات، بڕی 5 ملیۆن دینار وەك دیاری وەردەگرێت"، دەشڵێت "ساڵی رابردوو لەسەرەتای ساڵی 2011 تائێستا 199 مامەڵەی هاوسەرگیری لەبەڕێوەبەراتییەكەمان بۆ ئەو كوڕ و كچە شەهیدانە كراوە و ئەو بڕە دیاریەیان وەرگرتووە"، گوتیشی "ئەو كچ و كوڕانەشی لەساڵی 2010 ژیانی هاوسەریان پێكهێناوە، كە ئەوكات بڕی هاوكارییەكە 1 ملێۆن دیناربوو، بەڵام دوای زیادكردنی ئەو بڕە دیارییە، بۆ ئەوانیش 4 ملیۆن دینار زیادكرا، كە ژمارەیان 113 كچ و كوڕی شەهیدی سەنگەر و جینۆساید بوو، واتە ئەوانەی بەر لەزیادكردنی بڕی دیاریەكە، پێشتر مامەڵەی هاوسەرگیریان كردبوو".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com