|
سڤیل: میهرەبان محمود
بەپێی ئەو ئامارەی لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی
راپەرین بە (سڤیل) دراوە، بەبەراورد لەگەڵ
ساڵانی رابردوو، لەساڵی 2011 رووداوی هاتوچۆ و
پێوەدانی دووپشك و مار زیادی كردووە، 74
حاڵەتی مردن بەهاتوچۆ و 4 كەسیش بەپێوەدانی
دووپشك و مار مردوون.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی
راپەرین، لەساڵی 2011 دا، كە لەسەرجەم
بنكەكانیان پێكهاتووە، (662) حاڵەتی مردن و
(3) حاڵەتی حەبخواردن و (74) حاڵەتی مردن
بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە روویانداوە، هاوكات
(4) كەس بەهۆی تەقە و (12) كەس بەهۆی سووتان و
(4) كەسیش بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشك
مردوون.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی
راپەرین، لەساڵی رابردوودا (448) رووداوی
ئۆتۆمبێل روویداوە و (385) كەس بەهۆی پێوەدانی
مار و دووپشك ژەهراوی بوونە و (247) حاڵەتی
سووتانیش هەبووە و (36) كەسیش بەهۆی چەكەوە
برینداربوونە. لەئامارەكە ئەوەش خراوەتەڕوو،
كە لەساڵی رابردوو (185) حاڵەتی شەڕكردن
هەبووە و (63) حاڵەتی دزیكردن و (12) رووداوی
ماڵ سووتاندنیش هەبووە، لەگەڵ (1015) حاڵەتی
بریندار بوون و بەربوونەوەی ئاسایی و (5)
حاڵەتی خۆكوشتن و (139) حاڵەتی شكان و (320)
حاڵەت بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە و (150) حاڵەتی
ئاگركەوتنەوە، لەگەڵ (60) كەس كە كارەبا
گرتوونی و (19) كەسیش خۆیان سوتاندووە و (3)
حاڵەتی تەقینەوەش روویانداوە.
نەقیب محەمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی راپەرین، لەلێدوانێكی
بۆ (سڤیل) ئەوەی ئاشكراكرد، كە بەبەراورد
لەگەڵ ساڵانی پێشوو، حاڵەتی رووداوی هاتوچۆ و
پێوەدانی مار و دووپشك لەساڵی 2011 زیادی
كردووە. ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی ئاسایشی
راپەرین سەبارەت بەزیادبوونی حاڵەتی پێوەدانی
مار و دووپشك وتیشی "ئەو حاڵەتە لایەنی
تەندروستی لێی بەرپرسیارە، چونكە ساڵانی پێشوو
بەهۆی رژاندنی دەرمان و پێدانی موادی سپی
بەخەڵكەكە، لەرێگای لیژنەیەكەوە كە چووەتە
گوند و ناحیەكان، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر
كەمبوونی ئەم رووداوانە".
جێگای ئاماژە پێكردنە بەپێی هەمان ئاماری
ئاسایشی رانیە، لەساڵی 2011 توانراوە دەست
بگیرێت بەسەر زیاتر لەسێ كیلۆ ماددەی هۆشبەر و
(19) حەبی جۆراوجۆری هۆشبەر.
|