لە ساڵی 2011 لەهەرێمی كوردستان 110 ئافرەت توندوتیژی سێكسیان لە بەرامبەر كراوە، كە 76یان لەسلێمانین  

 

 

سڤیل: هەولێر

 بەڕێوەبەری گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان: ساڵی 2011 رەوشی كۆمەڵایەتی ئافرەتان باشتر بووە بە بەراورد بە ساڵی پار

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، رەوشی كۆمەڵایەتی ئافرەتانی كوردستان، لەساڵی 2011 دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، كە لەپارێزگای هەولێر (1322) حالەت و لەپارێزگای سلێمانی (1673) و لەدهۆكیش (771) حاڵەتی خۆكوشتن و سوتان و توندوتیژی سێكسی تۆماركراون. بەڕێوەبەری گشتی بەداواچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، ئاشكراشی دەكات، كە رەوشی كۆمەڵایەتی ئافرەتان لەساڵی 2011 بەبەراورد بەساڵی رابردوو، باشتر بووە.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، كە (كوردۆ عومەر) لەپرێس كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی رۆژی 12/1/2011 لەناو بینایەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لەساڵی (2011)دا لەپارێزگای هەولێر و دەوروبەری (1322) حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و سوتان و رووداوەكانی دیكەی پەیوەست بەئافرەتان تۆمار كراون. (كوشتن (23) حالەت، خۆكوشتن (9) حالەت و (84) ئافرەتی سوتاو و (37) ئافرەتی دیكەش لەسنووری هەولێر خۆیان سوتاندووە).
هەر بەپێی ئەم ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، لەهەولێر (168) ئافرەت ئەشكەنجە دراون، (983) ئافرەتی دیكەش سكاڵایان دژ بەهاوسەر و كەسوكار و خەڵكی دیكە تۆمار كردووە، هاوكات ئەو ئافرەتانەی كە توندوتیژی سێكسیان لەبەرانبەر كراوە، لەساڵی (2011)دا، ژمارەكەیان لەهەولێر گەیشتۆتە (18) ئافرەت. بەگوێرەی ئامارەكە، لەسنووری پارێزگای سلێمانیش، (1673) حاڵەتی جۆراوجۆر تۆماركراوە، كوژراو (9)، خۆكوشتن (19)، سوتان (87)، خۆسوتان (37)، توندوتیژی سێكسی (76) حالەت و ئەو ئافرەتانەشی كە سكاڵایان تۆمار كردووە، ژمارەیان (725) كەس بووە و (720) ئافرەتیش لەو ساڵەدا، لەسلێمانی ئەشكەنجە دراون.
هەر لەساڵی 2011 بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، لەدهۆك و دەوروبەری (771) حاڵەتی جۆراوجۆر دژ بەئافرەتان تۆمار كراوە. (كــــوشتن (6) حالەت، خۆكوشتن (10) حالەت و هەوڵدان بۆ خۆكوشتن (9) حالەت و خۆسوتاندن (51) حالەت و سوتان بەتەنیاش (34) حالەت هەبووە، ئەو ئافرەتانەشی كە لەدهۆك سكاڵایان دژ بەهاوسەر و كەسوكاریان تۆماركردووە، ژمارەیان گەیشتۆتە (656) حالەت و تەنیا (14) ئافرەتیش توندوتیژی سێكسی لەبەرامبەردا بەكار هاتووە".
بەپێی ئەو ئامارانەی كە بەڕێوەبەری بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، راشیگەیاند لە ساڵی (2011)دا (4084) حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و سووتان و خۆسووتان و سكاڵای ئافرەتان، لەهەموو كوردستان، تۆمار كراون.
هاوكات بەڕیوەبەرایەتییەكەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، ئامار و رەوشی كۆمەڵایەتی (ئیدارەی گەرمیان)یشی خستەڕوو كە تێیدا كــــوشتن (5) حالەت و خۆكوشتن (6) حالەت و (23) ئافرەتی سوتاو و ئەوانەشی كە خۆیان سووتاندووە (7) ئافرەت بوونە، هەر لەگەرمیان (102) حاڵەتی ئەشكەنجەدان تۆمار كراوە و (174) ئافرەتیش سكاڵایان تۆمار كردووە و تەنها 1 ئافرەتیش دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر.
كوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەوەزارەتی ناوخۆ، رۆژی پێنجشەممە 12/1 لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا گوتیشی "بەپیشت بەستن بەو ئامار و داتایانەی لەبەر دەستماندان، حاڵەتی كوشتن و خۆسوتان و كێشەكانی دیكەی ئافرەتان رووی لەكەمی كردووە"، هۆكاری باشبوونی رەوشی كۆمەڵایەتی ئافرەتانی كوردستانیش، وەك (كوردە عومەر) هێمای بۆ كرد، بۆ كاركردنی خۆیان و میدیاكاران و رێكخراوەكانی ژنان و رێكخراوە بیانییەكان گەڕاندەوە، كە ساڵانێكە لەبواری كێشەكانی ئافرەتان لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن.
كوردە عومەر وەك رەخنە و بەبیر هێنانەوەیەكیش، گوتی "بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان تەنیا باسی ئامار دەكەن، تائێستاكە كەس نەهاتووە ئاماری ساڵێك بەراورد بەساڵێكی دیكە بكات، یاخود ئەو شوێنانەی كە توندوتیژی و رەوشی كۆمەڵایەتی ئافرەتانی تێدا باشتر بووە، هۆكارەكەی روون بكەنەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com