بە هۆی غازی سۆپا، كەلسوم و دوو كوڕەكەی خنكان  

 

 

سڤیل: قائید میرۆ مزووری

لەناحیەی رزگاری سەر بەقەزای خەبات، بەهۆی غازی سۆپاوە دایكێك و دوو كوڕی گیانیان لەدەستدا و دوای سێ رۆژ مانەوەشیان لەناو خانووەكەیان، تەرمی ئەو خێزانە لەلایەن دراوسێكانییەوە دۆزرانەوە.
محەمەد سەمەد، دراوسێی ئەو ماڵە بۆ (سڤیل) چۆنیەتی رووداوەكەی گێڕایەوە و باسی لەوەكرد، كە سێ رۆژ دوای خنكانی ئەو ژن و منداڵانە دراوسێیەكانیان لەڕووداوەكە ئاگادار بوونەو دەڵێت "ماڵی كاك هەژار ماوەی دوومانگە هاتوونەتە ناحیەی رزگاری و لەنزیك ماڵی من خانوویەكیان كڕیوە بە 112 دۆلاری ئەمریكی، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵەكەیان تازە هاتبووە رزگاری، بۆیە خەڵكی گەڕەك زۆر هاتوچۆیان نەدەكردن"، ئەو پیاوە دەشڵێت "رۆژی سێشەممە 17/1/2012 هاوسەرەكەم پێیگوتم كە ماڵی هەژاری دراوسێمان ماوەی سێ رۆژە دەرگای حەوشەیان لەپشتەوە داخستووە و نایەنە دەرەوە و زۆربەی ژنانی گەڕەكیش گومانیان لەماڵی هەژار هەبووە، كە بۆچی ژن و منداڵەكانی لەو ماوەیە لەكۆڵان نەبیندراون، ئەوەبوو هەر هەمان رۆژ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ ئێمە كۆمەڵێك دراوسێی ماڵەكە چووینە بەردەرگاكەی ماڵی هەژار، بەڵام دەرگاكە لەپشتەوە داخرابوو، لەو كاتەدا یەكسەر بینیمان هەژار كە پێشمەرگەی لیژنەی ناوچەی قەڵاتی پارتیە، لەدەوام گەڕایەوە و ئێمەش لەمەسەلەكە ئاگادارمان كردەوە، كە ماوەی سێ رۆژە ژن و منداڵەكانی نەهاتوونەتە دەرەوە، هەژاری خاوەن ماڵ بەو قسەیەی ئێمە حەپەسا، چونكە هەژار پێیوابوو خێزان و دوو كوڕەكەی چوونەتە ماڵی خەزووری".
ئەو هاوسێیەی ماڵی هەژار بەردەوامی دایە قسەكانی و گوتیشی "دوای ئەوەی دەرگای حەوشە و ژووری نووستنی ماڵی دراوسێیەكەمان شكاند، چووینە ژورەوە، بینیمان ژنی ماڵەكە (كەلسوم جەلال) و هەردوو منداڵەكەی (بەشدار و بژار) كە یەكێكیان تەمەنی 3 ساڵە و ئەوەی دیكەیان تەمەنی 2 ساڵە، لەنێو پێخەفەكانیان خنكاون". لەبارەی هۆكاری خنكانی ئەو ژن و منداڵانەشی، محەمەد سەمەد گوتی "ئەو ژن و منداڵانە بەهۆی غازی سۆپاوە خنكابوون، چونكە تەنیا سۆپایەكی جۆری كۆری ئەوانەی بەشێوەی تەلەفزیۆنن لەو ژوورە داهەبووە، كاتێك تەماشای سۆپاكەشمان كرد، نەوتی تێدا نەمابوو و فتیلەكەشی هەمووی سووتابوو"، بۆیە هۆكاری سەرەكی خنكانەكە وەك هاوسێكەیان دەڵێت "كەلسوم و هەردوو منداڵەكە لەكاتی نووستن لەشەودا سۆپاكەیان نەكوژاندۆتەوە و دوای نەمانی نەوت لەناو سۆپاكەش، بەهۆی نەمانی ئۆكسجین خنكاون و هیچ یەك لەو سێ خنكاوانەش لەشوێنی خۆیان نەجوولا بوون".
عەمید عەبدولخالق هەركی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكەی خەبات، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە ئەو ژن و منداڵانە بەهۆی غازی سۆپاوە مردوون، دەشڵێت "دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس لەڕووداوەكە، دەستبەجێ هێزێكی پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و تەرمی دایك و هەردوو منداڵەكە گەیانرایە نەخۆشخانە، دواتر بۆ زانینی هۆكاری مردنی ئەو سێ كەسە، تەرمەكانیان رەوانەی پەیمانگەی دادی پزیشكی هەولێر كران و ئێستاش پۆلیس چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی دەكات، تا بەدروستی هۆكاری مردنەكانیان بزانین، چونكە بەپێی زانیاری دراوسێكانی ئەو ماڵە پێدەچێت، دوو تا سێ رۆژ بەر لەدەرهێنانی تەرمەكانیان گیانیان لەدەستدابێت".
سەرچاوەیەك لەپەیمانگای دادی پزیشكی هەولێر كە نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، بۆ (سڤیل) رایگەیاند "بەپێی پشكنینی پزیشكی دادوەری، كەلسوم جەلال و دوو كوڕەكەی بەهۆی هەڵچوونی سۆپای ماڵەوەیان مردوون، چونكە لەدوای هەڵچوونی سۆپاكە، گازی دوائۆكسیدی كاربۆن باڵی كێشاوە بەسەر ژوورەكەیان و ئۆكسجینیان بۆ نەچووە و لەئەنجامدا گیانیان لەدەستداوە".
بۆ زانینی زانیاری زیاتر لەسەر رووداوەكە (سڤیل) پەیوەندی بە (هەژار نوری) هاوسەری كەلسوم و باوكی دوو كوڕەكەوە كرد، بەڵام بەهۆی بەڕێوەچوونی پرسەی هاوسەر و دوو كوڕەكەی و خراپی باری دەروونی لەو كاتەدا، ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەبارەی رووداوەكەوە بكات.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com