زۆر لە فەرمــــانبەران لەبـــــــەرامبـــــەر بوونە كەفیل، پارە و قات وەردەگرن  

 

 

سڤیل: شەهاب بۆتانی

هـــــــاوڵاتیـــــــان بۆ وەرگرتنی قـــــەرزەكـــانی حكومەت، ناچار دەكرێن پارە بە كەفیل بدەن

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی: "ئەگەر بە خۆڕایی دەستت نەكەوت، دروستە كەفیل بە پارە بگری، بەڵام پارەكە بۆ كەفیلەكە حەرامە"



بەشێكی زۆر لەو خەڵكەی كە بۆ (سڤیل) قسەیان كرد، ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەوان زۆر حەزدەكەن سوودمەند بن لەو قەرزانەی حكومەت بۆ هاوڵاتیانی فەراهەم كردووە، بەڵام بەهۆی دەستنەكەوتنی (كەفیل) تاوەكو ئێستا بەشێكی كەمیان توانیویانە سوود لەو قەرزانە وەربگرن. لەبەرامبەر ئەوەشدا فەرمانبەران باس لەوە دەكەن كە ئەوان ناتوانن كەفالەتی هەموو كەسێك بكەن. سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش دەڵێ "ئەگەر بەخۆڕایی دەستت نەكەوت، دروستە كەفیل بەپارە بگری، بەڵام پارەكە بۆ كەفیلەكە حەرامە".
كوڕە گەنجێكی تەمەن 21 ساڵی دانیشتووی قەزای بەردەڕەش، وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری بەیەكەوە ناوەو لەو ماوەیەشدا نەیتوانیوە سوود لەو قەرزەی حكومەت (هاوسەرگیری) وەربگریت. (عەلی ئەحمەد) دەڵێت "بەهۆی دەستنەكەوتنی كەفیلی بەخۆڕایی، دواجار مامۆستایەك رازی بوو كە بەدوو ملیۆن دینار ببێت بەكەفیلم، بەڵام من بەوە رازی نەبووم، ئینجا مامۆستاكە گوتی كە قاتێك جل و دووسەت هەزار دیناری بریمەری پێبدەم تاوەكو ببێت بەكەفیلم و منیش بەو داوایەی نەوەك هەر رازی بووم، بەڵكو زۆریشم پێخۆشبوو".
لەكاتی قەرز وەرگرتن لەحكومەت، ئەو فەرمانبەرەی كە دەبێتە كەفیل نابێت موچەی بنەڕەتی (ئیسمی) لە 396 هەزار دیناری بریمەر كەمتر بێت، بۆیەش ئێستا زۆر لەو فەرمانبەرانە هەلەكەیان قۆستۆتەوەو داوای پارەی بەقەرز یاخود شیرینی لەو كەسانە دەكەن كە دەبن بەكەفیلیان. (عەبدولخالق ئیبراهیم) مامۆستای پەیمانگای تەكنەلۆژی لەهەولێر، هێما بەوە دەكات كە تاوەكو ئێستا بۆتە كەفیلی چەندین خزم و ناسیاو و پارەشی لەكەس وەرنەگرتووە، چونكە وەكو ئەو دەڵێ، ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە وەك ئەو دەڵێت "زۆرجار لەلایەن كەسانێك داوام لێدەكرێت ببمە كەفیلیان كە ناتوانم متمانەیان پێبكەم، بۆیە هەر چەندە دڵگرانیشی لێدەكەوێتەوە، بەڵام داوای لێبووردنیان لێدەكەم، لەوەی كە ناتوانم ئەوكارە بكەم".
ئەو مامۆستایەی پەیمانگای تەكنەلۆژی لەهەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد كە بۆ ئەوەی خەڵكی هەژار لەلایەن هەندێ كەس ئیستیغلال نەكرێ و هاوكات هەندێ فەرمانبەری وەك ئەویش توشی حالەتی لەروودان نەبن، پێشنیار بۆ حكومەت دەكات و دەڵێت "باشتر وایە كە حكومەت شێوازێكی دیكەی كەفالەت بگرێتەبەر و ئەو شێوەیەی ئێستاكەی بگۆڕێت"، چونكە ئەوكاتە بەبۆچوونی ئەو، كەسانی هەژار ناخرێنە ژێر فشاری كەسانێك كە بەپارە دەبنە كەفیلیان.
هاوڵاتییەكی تەمەن 40 ساڵی دانیشتووی قەزای بەردەڕەش، سەری بادەدات و دەڵێ، تەنها من دەزانم دەردی كەفیل چۆنە؟ (ئومێد رەشید) بۆ (سڤیل) گێڕایەوە كە دوای ساڵانێكی زۆر لەكرێچێتی، بیری لەوە كردەوە كە ئیدی زەوییەكەی (300) مەتر، بكات بەخانوو و لەدوای ئەوەش ناچاربووە كە بەدوای كەفیل دابگەڕێت، تاوەكو 20 میلۆنەكەی قەرزی خانوبەرە وەربگرێت و بەپارەكە، زەوییەكەی بكات بەخانوو. ئومێد، بەردەوامی دایە قسەكانی و گوتی "پاش گەڕان و سوڕانێكی زۆر فەرمانبەرێكم دۆزیەوە و رازیبوو كە ببێت بەكەفیلم، بەڵام موچە بنەڕەتییەكەی نەدەگەیشتە 396 هەزار دینار بۆیە نەكرا"، پاش ئەوەش وەكو خۆی بەپێكەنینەوە دەڵێت "بەزمی مامۆستا دەستی پێكرد".
بەزمی مامۆستا وەك (ئومێد) باسی لێوە دەكات، لەگوتن نایەت و ئەو لەخۆی زیاتر لەو قەرزەی وەری گرتووە، سوودمەند بووە، دەڵێت "مامۆستا گوتی دوای ئەوەی دەبمە كەفیلت، دەبێت لەو 20 ملیۆن دینارە، من 10 ملیۆن دینار بەقەرز بەو بدەمەوە، منیش هیچ رێگا چارەیەكم نەبوو لەرازی بوون زیاتر، بۆیە پارەكەم وەرگرت و نیوەیم لێدا بەو"، ئینجا وەك ئومێد دەڵێ، فیلمەكە كۆتاییەكەی لەسەرەتاكەی ناخۆشتربوو و دەڵێت "پاش ئەوەی 10 ملیۆن دینارەكەم لەو قەرزە دا بەمامۆستا و 10 ملیۆن دیناریش بۆ خۆم مایەوە، ئەندازیارێكی خزمی خۆمانم هێنایە سەر زەوییەكە و ئەویش ئامۆژگاری كردم كە ئەو زەوییە 300 مەترییە بە 10 ملیۆن دینار ناكرێتە خانوو و واباشە كە نیوەی زەوییەكە بفرۆشم و بەپارەكەی لەگەڵ ئەو 10 ملیۆن دینارەی لام بوو، 150 مەترەكەی پێبكەم بەخانوو، كاتێكیش مامۆستا بەمەی زانی، هەر خۆشی نیوە زەوییەكەی لێ كڕیمەوە".
مامۆستایەكی ئامادەیی، هێمای بەوەكرد كە بۆ ئەوەی نەبێتە كەفیلی هیچكەس، سوێندی خواردووە كە ئەوكارە نەكات، مامۆستا (عەبدوڵا) دەڵێت "ئێستا زۆربەی ئەو مامۆستایانەی كە موچەیان باشە، بەو فێڵە خۆیان دەرباز كردووە و دەڵێن سوێندمان خواردووە كەوا كەفیلی هیچكەس نەكەین".
هاوژین یوسف (توێژەری كۆمەڵایەتی) هێما بەوە دەكات كە ئەگەر هەر فەرمانبەرێك بەبێ بەرامبەر ببێت بەكەفیل بۆ كەسێكی دیكە، ئەوا كارێكی باش دەكات و بەو هۆیەوەش پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان گەڕموگوڕی جارانی تێدەكەوێتەوە و خۆشەویستی زیاتر لەنێو كۆمەڵگای كوردی دێنێتە ئاراوە. دەشڵێت "ئێستا بەهۆی لاوازبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تاكە كەسی، وای لێهاتووە كە متمانە لەناو خەڵكدا لەجاران كەمتر ببێتەوەو بەو هۆیەش هیچكەش بەبێ پێدانی پارە یان شیرینی، نەبێت بەكەفیلی كەسێكی هەژار كە لەزۆر باردا پێویستی بەو قەرزە هەیە".
مامۆستا عەبدوڵا مەلاسەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی وەرگرتن و پێدانی پارە یان شیرینی بەكەفیل، بۆ (سڤیل) رونیكردەوە كە زانایانی ئاینی ئیسلام بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بەحەرام یان حەلالكردنی كەفیلی بەپارە و دەڵێت "جەماوەری زانایانی شافیعی و حەنبەلی و حەنەفی و مالیكییەكان، لایان دروست نییە، كەوا كەفیل لەبەرامبەر كەفالەتی دارایی، پارە وەربگرێت. جا ئەو بڕە پارەیە چ لەلایەن قەرز وەرگربێت یان قەرزدەر، بەڵام بەبۆچوونی ئیمامی ماوەردی رێگا پێدراوە كە كەفالەت بەپارە بكرێت، هەروەها جەعفەرییەكانیش لایان دروستە كەوا كەفیل پارە وەربگرێت".
هەر لەبارەی وەرگرتنی و حەلالی و حەرامی پارەكەش بۆ كەفیل، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، دەڵێت "ئەو بۆچوونە پەسەندە كە لیژنەی باڵای فتوا لەكوردستان پەسەندی كردووە"، لیژنەی باڵای فتوا لەكوردستانیش، لەبارەی وەرگرتنی پارە لەلایەن كەفیلەوە، لەفتوایەك دا، دەڵێت "كەفالەت گرێبەستێكە، خۆبەخشە لەنێوان ئەو كەسەی دەبێتە كەفیل و ئەوەشی كە پارەكە بەقەرز وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر قەرز وەرگرەكە بەدیاری شتێكی بەكەفیلەكەدا، دروستە وەریبگرێت، بەڵام ئەگەر مەرجی تێكەوت ئەوكاتە حەرام دەبێت"، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، هێما بەوەش دەكات كە "ئەگەر كەسێك گەڕا و كەسی دەستنەكەوت بەخۆڕایی ببێتە كەفیلی، بۆ ئەو دروستە و حەلال دەبێت كەوا كەفیلێك بۆ خۆی بەپارە بگرێت، بەڵام پارەكە بۆ ئەو كەفیلەی كە وەریدەگرێت حەرامە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com