|
سڤیل:
محەمەد هەسنانی
زۆربەی موشتەرییەكانم داوای توتنی توركی
دەكەن، كە كیلۆی بە 100 دۆلارە
ئەوكاتەی چووینە لای، خۆی و منداڵەكانی لەناو
دوكانەكە، خەریكی بەڕێكردنی موشتەریەكان بوون.
ئەو لەپاڵ فرۆشتنی توتن، وردەواڵە و نایلۆنیش
لەدوكانەكەی دەفرۆشێت. هۆكاری ئەو كارەشی
گەڕاندەوە بۆ كەمبوونی خواستی هاوڵاتیان،
لەسەر كڕینی توتن.
ئیدریس محەمەد گرتكی، لەدایكبووی ساڵی 1964
وەك بۆ (سڤیل) باسی لێوەكرد، ساڵی 1978
لەلایەن رژێمی ئەوكات، خۆی و خەڵكی
دیهاتەكەیان راگوازراونەتەوە، بۆ كۆمەڵگای
دیانا و تائێستاش هەر لەو شارۆچكەیە
نیشتەجێیە، هێمای بەوەشكرد كە لەدوای
راپەڕینەكەی بەهاری 1991 خەریكی توتنفرۆشییە
لەناو بازاڕەكەی شارۆچكەی سۆران. (ئیدریس
محەمەد) دەڵێت "ژمارەی ئەو دوكانانەی كە
لەسۆران كاری توتنفرۆشیان ئەنجام دەدا،
لەپەنجەكانی دەست زیاتر نەدەبوون، ئێستاش
زۆربەیان وازیان لەو كارە هێناوە، هۆكارەكەشی
كەمی كڕیارە، جاران ساڵی واهەبوو زیاتر لە 4
تەن توتن لەلام دەفرۆشرا، كەچی ئێستا ئەگەر
ساڵانە نیوتەن توتن بفرۆشرێت باشە، ئەوەش
وایكردووە كە توتنێكی زۆر لەو گوندانەی
دەوروبەر بمێنێتەوە، كە ئەوەش جوتیارانی لەسەر
چاندن و بەرهەمهێنانی توتن سارد كردووەتەوە"،
لەبارەی توتنكڕەكانی ئێستاش، دەڵێت "زۆربەی
ئەو كەسانەی كە سەردانمان دەكەن و توتن لەئێمە
دەكڕن، خەڵكی ناوچەی بارزانن، كۆچەرەكانیش
بەهەمان شێوە، بەڵام خەڵكی دەشت زۆر بەكەمی
توتن دەكڕن"، دەشڵێت "سەرەڕای زیادبوونی رێژەی
هاوڵاتیان، بەڵام ئێستا جگەرەكێش یەكجار كەم
بوونەتەوە".
لەبارەی خۆشییەوە كە ئاخۆ جگەرە دەكێشێ یان
نا؟ (مام ئیدریس) گوتی "من لەدوای چەندین ساڵ
لەجگەرەكێشان، نزیكەی ساڵێك دەبێت وازم
لێهێناوە"، گوتیشی "دەمەوێت جگەرەكێشەكان
ئاگادار بكەمەوە ئەگەر ناشتوانن واز
لەجگەرەكێشان بێنن، با لەجیاتی پاكەت توتنی
خۆماڵی بكێشن، چونكە ئەو توتنە سروشتیترە،
بەبەراورد لەگەڵ پاكەتی جگەرە، كە هەموومان
ئاگادارین زیاتر نیكۆتینی تێدایەو زۆر لەتوتنە
خۆماڵییەكە زەرەری زیاترە"، بەزەردەخەنەوە
ئەوەشی گوت "دەترسم خەڵكی وا بیربكەنەوە، كە
من بۆیە ئەو قسەیە دەكەم، تاوەكو موشتەریم
زیاد ببێت".
ئەو توتنفرۆشەی سۆران، بۆچوونیشی وایە كە
"زۆربەی ئەو گەنجانەی ئێستا روویان
لەجگەرەكێشان كردووە، زیاتر بۆ مۆدیل و
چاولێككردنەوەیە، لەوانەیە گەنجی واهەبێت
رۆژانە زیاتر لەپاكەتێك جگەرە بكێشێت"، دەشڵێت
"هەستدەكەم گەنجان وەك بەتەمەنەكان ناتوانن
جگەرەی توتن بپێچنەوە، ئەگەرنا بەشێوەیەكی
بەرچاو روویان لەكڕینی توتن دەكردو وازیان
لەكڕینی پاكەت دەهێنا".
بەهۆی ئەوەی (ئیدریس محەمەد) زیاتر لە 20 ساڵ
دەبێت توتنفرۆشی كاریەتی و ئەزموونێكی باشی
پەیداكردووە لەسەر جۆرەكانی توتن، دەڵێت "جگە
لەوەی توتنم لەگوندەكانی دەوروبەر و هەرێمی
كوردستان بۆ دێت، لەهەمانكات لەوڵاتانی
دراوسێش وەك توركیا و ئێران توتن دەهێنن"،
لەرووی نرخەوەش وەك ئەو دەڵێت "لەشوێنێك بۆ
شوێنێكی دیكە، بەپێی رەنگ و تامی توتنەكە
جیایە، بەڵام ئێستا توتنی ناوەخۆمان و وڵاتی
ئێران نرخەكەی گونجاوەو تارادەیەكی باش رووی
لەهەرزانی كردووە، بەڵام توتنی توركیا نرخەكەی
گرانترە، كە جۆرێكیان نرخی تەنها یەك كیلۆ
دەگاتە 100 دۆلار، زۆربەی موشتەرییەكانیشمان
كە دێتە دوكان، داوای ئەو جۆرە توتنە دەكەن،
بەتایبەتی ئەو جۆرە كەسانەی كە دەوڵەمەندن و
ژیان و بژێویان باشە".
ئەم دوكاندارە لەپاڵ فرۆشتنی توتن هندێك
كەلوپەل و نایلۆن لەدوكانەكەی دەفرۆشێت و
هۆكارەكەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ كەمبوونی خواستی
هاوڵاتیان لەسەر كڕینی توتن، وەك خۆی دەڵێت
"لەسەرەتاوە دەمتوانی لەسەر فرۆشتنی توتن ژیان
و بژێوم بەڕێوە ببەم و بازاڕم گەرم بوو، بەڵام
ساڵ لەدوای ساڵ بازاڕی توتن لەكز بووندایە،
ئەمەش وایكردووە، كە لەسەرەتای وەرزی
بەهاراندا ئەو جۆرە توتنانە دەفرۆشم كە
جوتیاران دەیپێچن، لەوەرزی زستانیش لەپاڵ
توتنەكەمان نایلۆن دەفرۆشین و قەرەبووی ئەو
كزیەی بازاڕی توتن دەكەینەوە، وەك دەشبینن
بەهۆی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان،
بازاڕمان گەرمە". ئەم توتنفرۆشە لەكۆتایی
قسەكانیشیدا هیوادارە هەموو كەسێك بتوانێت واز
لەجگەرەكێشان بێنێت.
|