توێژەری كۆمەڵایەتی نێو قوتابخانەكان ئەركێكی هەستیار بۆ تەمەنێكی ناسك  

 

 

سڤیل: میهرەبان مەحمود

"كێشەیەكی خۆشەویستیم هەبوو لەگەڵ كوڕێكدا، توێژەری كۆمەڵایەتی قوتــــابخانەكەمـــــان، بەبێ ئاگاداری من، بە برا گەورەكەمی گوتبوو"

بەشێكی زۆر لەقوتابیان هەبوونی توێژەری كۆمەڵایەتی بەباش وەسفدەكەن و هەندێكیش لەو قوتابیانە، بەتایبەتی قوتابی (كچ) گلەیی ئەوە دەكەن، كە زۆرجار توێژەرەكان، لەجیاتی چارەسەركردن، كێشەكان لەقەبارەی خۆی گەورەتر دەكەن. توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش هێما بەوە دەكات كە پێویستە توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی ببنە هاوڕێ و هاوخەمی قوتابیان، تا باشتر بتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن.
"پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ كوڕێكدا هەبوو، هەڕەشەی لێكردم كە ئەگەر ئەو هەرچییەكی بڵێ و من بەقسەی نەكەم، ئەوە وێنەم بڵاودەكاتەوە، بەڵام دواتر توێژەری كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەمان یارمەتی دام و لەو كێشەیە رزگاری كردم، كە هەتا دنیا ماوە چاكەی لەبیر ناكەم"، ئەمە وتەی كچە قوتابییەكی قۆناغی بنەڕەتییە، كە لەگەڵ كوڕێكدا لەدەرەوەی قوتابخانە پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەكات و دواتر چەندین جار یەكتریان بینیوەو بەیەكەوە دەرچوون و كچەكە وێنەی خۆشی پێداوەو دواتریش وەك كچەكە هێمای بۆ دەكات، كوڕەكە داوای پەیوەندی سێكسی لێكردووەو گوتویەتی ئەگەر رازیش نەبی، ئەوا وێنەكەت بڵاودەكەمەوە و ئابڕووت دەبەم.
كچە قوتابی (شیرین ساڵح) تەمەن 14 ساڵ كە قوتابی قۆناغی 8ی بنەڕەتییە، بەوتەی خۆی ئەگەر توێژەرە كۆمەڵایەتییەكەی قوتابخانەكەیان نەبووایە، رووبەڕووی كوشتن دەبۆوە. شیرین بۆ (سڤیل) دەڵێت "بیر دەكەمەوە، ئەگەر توێژەری كۆمەڵایەتی نەبووایە، ئەوكاتە دەبووا پەنا ببەمە لای كێ تاوەكو كێشەكەمی بۆ باسبكەم و یارمەتیم بدات". ئەو كچە قوتابییە، گوتشی "زۆر ترسام و توشی دڵەڕاوكێ ببووم و بیرم لەوە دەكردەوە ئەگەر ئەو كوڕە رەسمم بڵاوبكاتەوە، ئەوا دەكوژرێم، نەمدەزانی چیم لێ بەسەردێ". شیرین، باسی لەوەشكرد كە جگە لەخۆی، توێژەری كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەیان كاریگەری باشی هەبووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی زۆر لەقوتابییە كچەكانی دیكەش.
كچە قوتابیەكی دیكەی قۆناغی 11ی ئامادەیی، كە نەیویست ناوەكەی بڵێ، ئەویش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەكرد كە توێژەری كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەیان وەكو مامۆستاكانی دیكە نین و كاریگەری زۆریان هەیە لەچارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت كێشەی ناو قوتابخانەكەش. كچە قوتابییەكی دیكە بەناوی (دڵسۆز عەبدوڵا) بۆ (سڤیل) دەڵێت "توێژەرانی كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەمان زۆر هەوڵیانداوە كێشەكان كەم بكەنەوە و ئەوان وەكو مامۆستاكانی دیكە نین و رۆڵی باشیان هەبووە لەكەم كردنەوەی كێشەكاندا". دڵسۆز، باسی لەوەشكرد كە توێژەری كۆمەڵایەتی نەك كاریگەری هەیە لەسەر قوتابییەكان، بەڵكو كاریگەری هەبووە لەسەر مامۆستاكانی دیكەش كە باشبن لەگەڵ قوتابییەكاندا.
توێژەرانی كۆمەڵایەتی، وەكو خۆیان هێمای بۆ دەكەن، تەمەنێكی زۆریان نییە لەناوەندەكانی خوێندندا، چەند ساڵێك لەمەوبەر بەبڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە، (توێژەرانی كۆمەڵایەتی)یان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی قوتابیان، لەناوەندەكانی خوێندندا دامەزراند. هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆربەی توێژەرەكان لەلایەن قوتابیانەوە بەباش وەسفدەكرێن بەوەی كە توانیویانە رۆڵێكیان هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكاندا، بەڵام دیسانەوە بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە، هەندێ لەقوتابیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە هەندێ لەتوێژەری كۆمەڵایەتی، لەبری چارەسەركردنی كێشەكانیان، كێشەی دیكەیان بۆ دروستدەكەن.
ساریا محمود، كە قوتابی قۆناغی (11)ی ئامادەییە، دەڵێت "توێژەری كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەی ئێمە، ناتوانن زۆر بەباشی كێشەكانی ئێمە چارەسەر بكەن، بەڵكو زۆرجار لەجیاتی چارەسەركردن كێشەكان، گەورەتر دەكەن، بەتایبەت كێشەی كچ و ئەگەر كێشەكەش خۆشەویستی بێت". ساریا باس لەكێشەیەكی خۆی دەكات كەوا كاتێك برا گەورەكەی لەلایەن توێژەرێكی كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەیان بەكێشەكەی دەزانێ، دەڵێت "من كێشەیەكی خۆشەویستیم هەبوو لەگەڵ كوڕێكدا، هەرچەندە پەیوەندی خۆشەویستیشمان نەمابوو، توێژەری كۆمەڵایەتی قوتابخانەكەشمان لەگەڵ ئەوەی كە لەگەڵ خۆشم لەسەر مەسەلەكە قسەی كرد، بەڵام دواتر بەبێ ئاگاداری من، رۆژێك كێشەكەمی بەبرا گەورەكەشم گوتبوو، ئیدی دوای ئەوەش من لای براكەم، سیقەم لەدەستدا".
بەڵام سەرەڕای ئەمەش، توێژەرێكی كۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بوونی توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەناوەندەكانی خوێندا، زەرورەتێكی گرنگ بووە لەپرۆسەی كۆمەڵایەتی و كەلتووری نەهێشتنی توندوتیژی و خزمەتكردن بەپرۆسەی پەروەردە و فێركردن.
توێژەری كۆمەڵایەتی (یوسف عومەر) لەقوتابخانەی پێشمەرگەی بنەڕەتی لەحاجیاوا، بۆ (سڤیل) دەڵێت "توێژەران كاراترین توێژن لەناو كۆمەڵگادا و جێ پەنجەشیان دیارە لەچارەسەركردن و بەدواداچوون بۆ كێشەكانی خوێندكاران". یوسف، داواش دەكات كە وەزارەتی پەروەردە بۆ سەرجەم قوتابخانەكان توێژەری كۆمەڵایەتی دابنێت، چونكە زۆر لەقوتابخانەكان لەئێستادا وەك ئەو هێمای بۆ دەكات، توێژەری نییە.
لای خۆشییەوە (شوكریە محەمەد) توێژەری كۆمەڵایەتی لەقوتابخانەی بڵێسەی بنەڕەتی لەرانیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پێویستە توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی ببنە هاوڕێ و هاوخەمی قوتابیان. شوكریە بۆ (سڤیل) دەڵێت "لەو سەردەمەی ئێستاماندا زۆر خێزان هەیە كە بوار ناڕەخسێنێت بۆ منداڵەكەی تاوەكو گرێی دڵیان لەلا بكەنەوە و خەمەكانیان بۆ هەڵڕێژن"، دەشڵێت "لەهەندێك خێزان منداڵ كەس شك نابات كێشەكانی لا باسبكات، تاوەكو گرفتەكانی بۆ چارەسەر بكات و لەلاڕێ دووری بخاتەوەو رێگای راستی پیشان بدات".
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە (شوكریە) كە قۆناغی (8 و9)ی بنەڕەتی هەیەو قوتابخانەكەیان تێكەڵاوە، باسی لەوەشكرد كە قوتابییەكان لەتەمەنی هەرزەكاری دان و تەمەنەكەیان زۆر هەستیارە و ناسكترین قۆناغی ژیانیانە، ئەو توێژەرە بەپێویستیشی دەزانێت كە توێژەری كۆمەڵایەتی بەوپەڕی هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات و كێشەكان كارەساتی لێ نەكەوێتەوە. شوكریە، بۆ (سڤیل) گوتیشی "هەندێك كەس دەپرسێت كە خوێندكاران لەو تەمەنەدا دەبێت چ خەمێكیان هەبێت و چی لەدنیا تێگەیشتبن تاخەمی ژیان بدەن بەكۆڵدا، هەروەك ئەوەی خوێندكار مرۆڤ نەبێت و هەستی داوا و داخوازی نەبێت". دەشڵێت "رۆڵ و ئیشی توێژەر لەخوێندنگاكان، رێنماییكردن و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ كێشە دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكانی خوێندكاران".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com