|
سڤیل:
ئازاد كەركوكی
"لەكاتی ئاهەنگگێڕاندا هاوڵاتییەك بە هەڵە
تەقە دەكات و یەكێك دەكوژێت دواتر دوو خوشكی
لەبری خوێن بە بنەماڵەی كوڕە كوژراوەكە دەدات"
چەند ژنە چالاكوانێكی كورد لەناو شاری كەركوك،
هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە تاوەكو ئێستاش پیاوانی
ژنكوژ لەبری سزادانیان، لەدەرەوەی دادگا
كێشەكانیان بەسولحی عەشایەری كۆتایی
پێدەهێنرێت و لەهەندێ لەكێشەكانی كوشتنی
پیاوانیش، ئافرەت دەكرێتە قوربانی و سولحی
پێدەكرێت.
ئاوێزان نوری، سەرۆكی سەنتەری پەنا بۆ
رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
لەكەركوك، باس لەوە دەكات كە زۆرجار لەكەركوك
ئافرەت دەكوژرێت و پاڵەوانی ئەو كوشتنەش،
دۆسیەكەی لەدادگا لەدۆسیەیەكی كوشتنی
بەئەنقەست بۆ دۆسیەیەكی ناموسپەرستی دەگۆڕێت و
بەو پێیەش ئەو كەسە خۆی لەسزای یاسا رزگار
دەكات، یان وەكو دەڵێت "زۆرجار ئافرەت
لەكەركوك، لەدوای ئەوەی دەبێتە قوربانی،
لەدەرەوەی یاسا دۆسیەكەی كۆتایی پێدەهێنرێت و
بەو پێیەش تاوانبار بەئازادانە لەسەر حسابی
خوێنی ئەو ئافرەتە دەسوڕێتەوە"، هاوكات (بوشرە
محەمەد) چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی، ئەویش
رەخنە لەوە دەگرێت كە زۆرجار لەرێگای سوڵحی
عەشایەرییەوە ئافرەت دەكرێتە قوربانی و دەڵێت
"جاری واهەبووە، لەدوای ئەوەی شەڕ و كوشتارێك
لەنێوان دوو بنەماڵە یان دوو عەشیرەت روودەدات
و كوشتاری تێدا دەبێت، بەسولحێكی عەشایەری كە
قوربانیەكەی ئافرەتێكە كۆتایی پێدێت"، ئاماژە
بەوەش دەكات، كە هەقوایە حكومەتی هەرێم و
رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەت
ئافرەتان، لەمە بێدەنگ نەبن.
ژنە چالاكوانێكی دیكەی كەركوك كە نەیویست
ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، هێما بەوە دەكات، كە
یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی كە جێگای نیگەرانییەو
دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە كە وەك
ئەو دەڵێت "زۆرجار زانایانی ئاینی باس لەماف و
رێزگردن لەئافرەت دەكەن، ئەمە جگە لەوەی دەڵێن
ئافرەت با ئازاد بێت لەوەی كێ بۆ هاوسەرگیری
دەستنیشان دەكات؟، بەڵام دەبینین لەو سولحە
عەشایریانەدا پیاوانی ئاینی هەر خۆیان بوونیان
هەیەو بەئامادەبوونی ئەوان ئافرەتێك دەبێتە
قوربانی و ئەوانیش بێدەنگن".
مەلا حەمید فەوزی، وتارخوێنی یەكێ
لەمزگەوتەكانی شاری كەركوك، سەرەڕای
رەتكردنەوەی ئەو قسانەی كە ئەوان بەشدارییان
لەو جۆرە سولحانە كردبێت كە كێشەكە بەپێدانی
ئافرەت كۆتایی پێ هاتبێت، دەشڵێت "ئەوەی
لەئاینی ئیسلامدا حەرام كراوە، نابێت رێگای
پێبدرێت"، ئەوەشی گوت كە "ئەگەر بێت و لەو
سولحانەی كە بەئافرەت چارەسەر دەكرێت، ئەو
ئافرەتە بەزۆر بدرێت، ئەوە بەهیچ شێوەیەك
رێگاپێدراو نییە، بەڵكو زۆردارییەو خودای
مەزنیش زۆرداری پێخۆش نییە، بۆیە دەبێت ئافرەت
رێزی لێبگیرێت بەو پێیەی لەقورئاندا باسی
كراوە".
هەژار كاكەیی، كە ساڵانێكە كاری (پارێزەر)ی
لەناو شاری كەركوك دەكات، دەڵێت "بەو پێیەی من
پارێزەرم، لەكارەكەم زۆر دۆسیەی جیاواز و سەیر
دەبینم كە لەهەمووشیان ئافرەت قوربانی
یەكەمە"، دەشڵێت "لەم وڵاتەی ئێمە، تائێستا
ئەوەی من بینیومە، شتێك نییە كە پێی بڵێن
ئافرەت ئازادە یان مافی تەواوی هەیە، چونكە
زۆرجار كێشەی ئافرەت هەبووە كە لەلایەن
دادگاوە هەوڵی بۆ دراوە كە لەدەرەوەی یاسا
چارەسەری بۆ كێشەكەی بدۆزرێتەوە و كۆتایی بەو
كێشەیە بێت".
هاوڵاتییەكی عەرەب بەناوی (حەمید موتعیب) كە
خاوەنی 2 ژنە، بۆ (سڤیل) باس لەچۆنیەتی
رووداوێك دەكات، كە لەگوندێكی عەرەبنشین
روویداوەو قوربانییەكەشی ئافرەتێك بووە، دەڵێت
"لەیەكێ لەو گوندانەی كەركوك، لەكاتی
ئاهەنگگێڕاندا هاوڵاتییەكی عەرەب بەهەڵە تەقەی
كردو یەكێكی كوشت، دواتر ئەوە بووە كێشەیەك كە
7 هاوڵاتی دیكە بوونە قوربانی و دوای ئەوەی
چەند ساڵێك ئەو شەڕ و دوژمنایەتییە لەنێوان
ئەو دوو بنەماڵەدا بەردەوام بوو، بۆ ئەوەی
رێگری بكەن لەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت لەنێوان
هەردوولا، بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییە كە لەو
ئاهەنگە بەهەڵە تەقەی كرد، هەستان بەپێدانی
دوو خوشكی ئەو كەسە بەماڵی ئەو بنەماڵەیەی كە
كوڕێكیان لەو ئاهەنگە بەهەڵە كوژرا"، بەڵام
وەك (حەمید موتعیب) دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی كە
ئەو دوو خوشكە بوونە قوربانی هەڵەیەكی ئەو
برایەیان، ئەوەندەی نەبرد كێشە لەنێوان ئەو
دوو بنەماڵە سەری هەڵدایەوە، بەڵام ئەوەی
جێگای سەرسوڕمان بوو، بەهۆی ئەوەی بنەماڵەی
دووەم دەستیان بەلایەنی بەرامبەر نەگەیشت،
هەڵستان بەكوشتنی یەكێك لەو كچانەو
رەوانەكردنەوەی كچەكەی دیكەش بۆ ماڵی باوكی و
تائێستاش ئەو دوژمنایەتییە هەر بەردەوامە".
توێژەری كۆمەڵایەتی (دڵشاد عوسمان عەلی)
ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو حالەتەی ئێستا
لەكەركوك هەیە، جاران دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی
نێو كۆمەڵگای كوردەواری بوو و زۆربەی كێشەكانی
كوشتن، بەپێدانی ئافرەتێك یان دووان بەماڵی
كوژراو كۆتایی پێدەهات. ئەو توێژەرە
كۆمەڵایەتییە هێما بەوەشدەكات، كەوا كەركوك
بەهۆی فرە كەلتووری عەرەب و توركمان و
كلدۆئاشووری لەو شارە، بۆیە بمانەوێت و
نەمانەوێت كوردیش كەم تازۆر كەوتۆتە ژێر
كاریگەری ئەو میللەتانە، بەتایبەت كەلتووری
عەرەبی كە وەك ئەو دەڵێت "لەناو كەلتووری
عەرەبان، تاوەكو ئێستاش ئافرەت تاكێكی
رێزلێگیراو نییەو یەكسان نییە لەئەرك و
مافەكانی لەگەڵ پیاودا".
|