|
سڤیل:
محەمەد گۆران
تەمەنی 112 ساڵە، مەمنونی خوایە كە زۆر مرازی
بۆ حاسڵ كردووە، ئێستاش ئارەزووی ژنهێنانی
هەیە، ئەگەر خوا بۆی رێكبخات. لەم سەردەمەدا
خەڵك زۆر ناژی، بۆیە ئەو جۆرە تەمەنانە جێگای
سەرنجن، ئەو پیاوە حاجی محەمەد قورشاغلویییە،
دەڵێ تا ئێستا نەخۆشیش نەكەوتووم.
حاجی محەمەد رەسوڵ، تەمەن 112 ساڵ، دانیشتووی
گوندی قورشاغلوی سەر بە ناحیەی قوشتەپەی شاری
هەولێر باس لەسەردەمی گەنجێتی خۆی دەكات و
دەڵێت "لەسەردەمی لاویم زۆرم خۆشەویستی
كردووەو لەو رووەوە قسووریم نەكردو خوا هەندی
مرازی حاسڵ كردوومە، زۆر مەمنوونی ئەو
خوایەم"، لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو
كچانەی كە خۆشیویستوون، دەشڵێت "كچێكم زۆر
خۆشدەویست، بەڵام نەیاندامێ، یەكێكی دیكەشم
خۆشویست خوا بەقسمەتی كردم، ئەوانەی دیكەش
هەریەكە و هەرەتە بوون بۆ لایەك".
ئەو پیرە پیاوە تەمەن 112 ساڵییە، لەژیانیدا
نەچۆتە قوتابخانەو وەك دەڵێت "لەگەنجێتی لەگەڵ
باوكم نێوانمان تێكچوو و چوومە لای ئەحمەد
ئاغای پاشا و تاوەكو ئەو لەحزەیەش من هەر لای
ئەوانم و سەرپەرشتی ئیشوكارەكانی ئەوان،
هەمووی من دەیكەم". حاجی محەمەد، لەژیانیدا
وەك خۆی دەڵێ یەكجار ژیانی خێزانی پێكهێناوەو
4 كوڕ و 3 كچی هەیە. هاسەرەكەی ئەو پیرەپیاوە،
چەند ساڵێكە كۆچی دوایی كردووە، لەبارەی
بیركردنەوەی لەژنهێنانەوەش بۆ جاری دووەم،
دەڵێت "وەڵا نیازم هەیە ژن بهێنمەوە، بەڵام
خوا رێكی نەخستووە، هەنووكەش نیازم هەیە،
بەڵام ئەگەر خوا رێكی بخات".
ئەگەر بەسەردان چووبێتە شار، ئەگینا وەك دەڵێت
"لەوەتەی بوومە هەر لەقورشاغلو دانیشتوومەو
نەچوومەتە هیچ شوێنێك"، وەك خۆی هێماشی بۆ
دەكات، تاوەكو ئێستا هیچ یەكێ لەو نەخۆشییە
سەردەمییانەی وەكو زەختی خوێن و شەكرەی نییەو
لەبارەی زۆری نەخۆشییەكانی ئێستا و بێتاقەتی
خەڵكیش، دەڵێت "ئەو خەڵكە كە ئێستا دەیبینی
هەمووی نەخۆشە، هەمووی هی ئەو خواردنانەیە،
ئێستا ئەگەر تەماشا بكەی، پیاوی جاران
تەمەنیشی زۆربوو بەڵام شەغرە و شەنەبای دەكرد،
ئێستاش نەوەك پیرەكان، هەر گەنجەكان ناتوانن
بەسەر ئەو گردە بكەون"، بۆیە وەك حاجی محەمەد
پێیوایە، "نەخۆشی ئێستا خواردنەكەیە، سەردەمی
ئێمە هەموو روونی مەڕی بوو، نان بوو، هەموو
شتەكان تەبیعی بوون، ئێمە لەدوورنەی بەو
گەرمایەی نان و دۆمان دەخوارد و تەندروستیمان
زۆر لەئێستاش خۆشتربوو".
لەبارەی ئەو خواردنانەی كە بەردەوام حەزی
لێكردووەو خواردوویەتی، دەڵێت "هەموو میوەیەكم
حەز لێیەو بەردەوام میوەم هەر خواردووە،
لەخواردنیش ساوارم پێ لەهەموو شتێك خۆشترە".
دەشڵێت "بەدرێژایی ژیانم سیلەی رەحمم
بەجێگەیاندووەو هاتوچۆی خزم و ناسیاوی خۆم
كردووە. لەگەڵ نوێژ و رۆژووش لەوەتەی زانیومە
و خۆم ناسیبێت، تاوەكو ئێستا لێنەگەڕاوم یەك
نوێژم بچێت، بەبیریشم نایەت رۆژووم چووبێت و
سێ هاوینیش لەچلەی بەرۆژوو بوومەو كاری خۆشم
هەر كردووە".
حاجی محەمەد رەسوڵ، بەپێی ناسنامەكەی
لەدایكبووی 1912یە، بەڵام وەك خۆی هێمای بۆ
دەكات، لەبەر ئەوەی سەركاری ماڵی ئاغا بووە،
هەر بۆیەش بۆ ئەوەی نەچێتە سەربازی، "ئاغای
پاشا زۆر منی خۆشدەویست و 10 ساڵ گەورەتر
لەتەمەنی خۆمی بۆ نوسیم و بەو هۆیەوەش نەیهێشت
سەربازی بكەم". بەپێچەوانەی كرمانجەكانی دەشتی
هەولێر و قەراج و كەندێناوەش، ئەو دەڵێت
"ئاغای ئێمە هیچ غەدرێكی نەبوو لەگەڵ كرمانج و
دیوەخانی هەرسێ ژەمە قاوە و چایەی تێدا هەبوو،
بەڵام لێشنەدەگەڕا جگە لەخۆی كەسی دیكە لەگوند
دیوەخان دابنێت".
|