|
سڤیل:
"تا
ئێستا 15 كەس لە كوردە دیپۆرتكراوەكان خۆیان
كوشتووە و 200ی دیكەش باری دەروونییان
تێكچووە"
35 هەزار پەنابەری دیكەی كورد لەژێر هەڕەشەی
دیپۆرت كراونەوە دان
ناوەندی راپەڕینی فیدڕاسیۆنی سەرتاسەری
پەنابەران لەعێراق، رایگەیاند كە تائێستا
بەهۆی ناردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی لەلایەن
چەند وڵاتێكی ئەوروپاوە، نزیكەی پانزدە هەزار
پەنابەری نایاسایی كورد دیپۆرتكراونەتەوە بۆ
هەرێمی كوردستان و لەو پەنابەرە
دیپۆرتكراوانەش، 15 كەس خۆیان كوشتووە و 200ی
دیكەش باری دەروونییان تێكچووە.
بەكر عەلی، سەرۆكی ناوەندی راپەڕینی
فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، كە
لەساڵی 1998 بۆ داكۆكیكردن لەمافی پەنابەران
دامەزراوە و بارەگای سەرەكی لەپایتەختی
بریتانیا (لەندەن)ە، لەدیمانەیەكی (سڤیل)دا
تیشكی خستەسەر كار و چالاكییەكانی لقی هەرێمی
كوردستان، بۆ داكۆكیكردن لەمافی پەنابەران و
گوتی "لەبەرواری 20/2/2012 مۆلەتی فەرمیمان
لەحكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە و لقێكی
فیدراسیۆنی پارێزگای سلێمانی دامەزراوە و
ناوەندێكی ئەو لقەش لەشارۆچكەی رانیە
كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی پێنەدانی مینحە
لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا
چەند كەسێكی خێرخواز بارەگای رانیە بەڕێوە
دەبەن كە بارەگاكەی رانیە، ناوەندی راپەڕینی
پێدەگوترێت و كار لەسەر ناوچەكانی رانیە و
پشدەر و هەولێر و دهۆك دەكات، لقی سلێمانیش
كار لەسەر سنوری پارێزگای سلێمانی و دەڤەری
گەرمیان دەكات".
سەرۆكی ناوەندی راپەڕین، لەبارەی كوردە
دیپۆرتكراوەكانی ئەوروپا، دەڵێت "تائێستا
لەسەرووی شەش هەزار پەنابەری دیپۆرتكراو
لەكوردستان ناونوسكراون، بەڵام بەپێی
زانیاریەكانی فیدراسیۆن نزیكەی 15 هەزار
پەنابەر دیپۆرتكراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان،
كە لەو ژمارەیەدا پانزە پەنابەر بەهۆی
تێكچوونی باری دەروونی، خۆیان كوشتووە و
نزیكەی 200 كەسی دیكەش لەبەر هەژاری و
نەبوونی، باری دەروونییان تێكچووە".
سەرۆكی ناوەندی راپەڕینی فیدراسیۆنی سەرتاسەری
پەنابەران، لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ (سڤیل)
ئەوەشی ئاشكراكرد، كە رەوشی پەنابەرانی
نایاسایی لەوڵاتانی ئەوروپا لەمەترسیدایەو
چەندین پەنابەر لەزیندانەكان ژیان بەسەر دەبەن
و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەكرێت. ئاماژەی بۆ
ئەوەشكرد كە 35 هەزار پەنابەری كورد لەژێر
هەڕەشەی دیپۆرتكرانەوەدان و گوتیشی "هەر یەك
لەوڵاتانی سوید و بریتانیا و نەرویج و هۆڵەندا
لەو وڵاتانەن كە زۆرترین پەنابەریان رەوانەی
هەرێمی كوردستان كردۆتەوە، لەئێستاشدا 35
هەزار پەنابەری كورد هەڕەشەی دیپۆرتكرانەوەیان
لێدەكرێت و بەشێكی ئەو پەنابەرە كوردانەش،
لەكەمپ و زیندانەكانی ئەوروپا ژیان
بەسەردەبەن".
لەكاتی بەزۆر ناردنەوەی كوردە دیپۆرتكراوەكان،
خێزانە كوردەكان مامەڵەی زۆر خراپیان
لەبەرامبەر دەكرێت، بەتایبەت لەلایەن
پۆلیسەكانەوە، كە یەكێ لەو خانەوادە كوردانەی
وڵاتی نەرویج، ماوەیەك بەر لەئێستا شێوازی
هەڵسوكەوتی پۆلیسەكانی نەرویجی هەر
لەفڕۆكەخانەی ئۆسلۆ تاوەكو فڕۆكەخانەی بەغدا
بەشێنەیی بۆ (سڤیل) گێڕایەوە.
سەرۆكی ناوەندی راپەڕینی فیدراسیۆنی سەرتاسەری
پەنابەران، هێمای بەوەشكرد كە بەشێكی زۆری ئەو
پەنابەرانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی
كوردستان، بەبێ حەزی خۆیان بووە و بەزۆر
دیپۆرتكراونەتەوە. دەڵێت "پەنابەر هەیە خۆی
دیپۆرتكراوەتەوە، بەڵام ژن و منداڵەكانی لەو
وڵاتانە بەجێماوە و وێڕای مامەڵەی خراپ،
دەستبەسەر پارە و زێڕ و ماڵیشیاندا گیراوە،
بۆیە رەوشی ئەوانەی دیپۆرت كراونەتەوە،
لەوپەڕی خراپی دایە".
لەبارەی هاوكاری هەردوو حكومەتی عێراق و
هەرێمی كوردستان، بۆ هاوكاریكردنی پەنابەرانیش
(بەكر عەلی) گوتی "ئێمە رۆڵی حكومەتی هەرێمی
كوردستان بەرز دەنرخێنین، چونكە هەوڵی
زۆریانداوە بۆ نەگەڕاندنەوەی پەنابەرانی كورد
بەشێوەی زۆرەملێ، پڕۆژە بڕیارێكیشمان داوەتە
هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێراق و بە 16
خاڵ داواكارییەكانی پەنابەرانمان خستۆتەڕوو،
لەوانە ئەو پەنابەرانەی پێشتر فەرمانبەر بوونە
بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و شوێنی نیشتەجێبوون
و دۆزینەوەی كاریش بۆ ئەوانەی بێكارن دابین
بكرێت"، دەشڵێت "داواشمان كردووە، ژن و منداڵی
ئەو پەنابەرانەی لەدەرەوە ماون و
هاوسەرەكانیان دیپۆرتكراونەتەوە،
بگەڕێندرێنەوە"، گوتیشی "بەپێی زانیارییەكانی
ئێمە، حكومەتی عێراق بۆ هەر پەنابەرێكی
دیپۆرتكراو كە خێزاندار بێت بڕی 25 ملیۆن
دینار خەرج دەكات، ئەو پەنابەرەی سەلتیشە بڕی
15 ملیۆنیان پێدەدرێت، بۆیە دەمانەوێت حكومەتی
هەرێمی كوردستانیش، هاوكاری پەنابەرە
دیپۆرتكراوەكان بكات"، لەكۆتایی قسەكانیدا
(بەكر عەلی) گوتیشی "سەرۆكی پەرلەمان، دكتۆر
كەمال كەركوكی، بەڵێنی بەفیدراسیۆن داوە، ئەو
پڕۆژە بڕیارە بخاتە ناو بەرنامەی كاری لیژنەی
یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە ئێستا ئێمەش
چاوەڕێی ئەو بەڵێنەی سەرۆكی پەرلەمانین".
|