كچە یاریزانێكی شاری هەولێر بە دەمانچەكەی باوكی، خۆی دەكوژێت  

 

 

سڤیل:

كچە یاریزانێكی تەمەن 20 ساڵانی دانیشتوی گەڕەكی زانكۆی شاری هەولێر، بەدەمانچەكەی باوكی، خۆی كوشت، كەسە نزیكەكانی دەڵێن قەزاوقەدەر بووە.
هەرێم خۆشەوی، یاریزانی یانەی (قەڵا) رۆژی 25/1/2012، وەك هەندێك دەڵێن، بەهۆی رێگریكردنی لەبەشداریكردن لەیارییەكی یانەكەیان لەشاری سلێمانی، بەدەمانچەكەی باوكی گوللەیەك لەخۆی دەدات و خۆی دەكوژێت، هەندێكیش دەڵێن قەزا و قەدەر بووە، لەدووەم رۆژی رووداوەكە لەگەڕەكی زانكۆی شاری هەولێر، بەشێكی زۆر لەهاوڕێكانی (هەرێم) بەچاوی پڕ لەفرمێسك و جلی رەشەوە لەپرسەكەی هەرێم لەماڵەوە وەستابوون، لەنێو ئاپۆڕای خەڵكەكەش زۆر بەئاسانی دایكی هەرێم دەناسرایەوە كە سەرتاپای جلەكانی رەشكردبوو، هەرچی خزمە نزیك و هاوڕێكانی (هەرێم)یش بوو، كە لەیانەی (قەڵا) لەگەڵی بوون دەوری (جوان)ی دایكی هەرێمیان دابوو، ژنە بەتەمەنەكانی نێو پرسەكەش بەردەوام بەهەناسەیەكی ساردەوە و بۆ دڵنەوایی خانەوادەكەی هەرێم دەیانگوت، ئەو كچە جوان و گوناهە، بۆ ئاوای لەخۆی كرد؟.
یەكێك لەكەسە نزیكەكانی هەرێم كە لەیەكەم رۆژی پرسەكەی كە لەماڵەوە بۆ ئافرەتان دانرابوو، لەماوەیەكی كەمدا چەند جارێك بەنێو خەڵكەكە هاتوچۆی دەكردو خەمی كارەساتەكەی هەرێمی بەروونی بەچاوانییەوە دیاربوو. ئەو كە نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بنوسرێت، لەبارەی هۆكاری رووداوەكە بۆ (سڤیل) گوتی "لەماڵەوە رێگایان بەهەرێم نەداوە بەشداری لەو چالاكییە بكات كە بڕیاربووە لەسلێمانی ئەنجامی بدەن، هەر ئەوەش هۆكاری كارەساتەكەیە"، ئەو خزمە نزیكەی هەرێم، ئەوەشی رەتكردەوە كە باوكی هەرێم، لەكچەكەی دابێت یان هیچ جۆرە توندوتیژیەكی بەرامبەر بەكار هێنابێت و گوتیشی "تەنها پێی گوتووە ئاگاداری وانەكانت ببە و بخوێنە و مەڕۆ بۆ ئەو چالاكییە"، ئەو ژنە، ئەوەشی خستەسەر قسەكانی كە "رۆژی كارەساتەكە باری دەروونی هەرێم زۆر ئاسایی بووەو كچێكی خۆشەویستیش بووە، بەهۆی ئەوەی بچوكترین كچی ماڵەوە بووە"، ئەو خزمە نزیكەی هەرێم ئەوەشی ئاشكراكرد، كە "ئەو چەكەی كە هەرێم خۆی پێ كوشتووە، هی باوكی بووە كە ئەفسەری پۆلیسی خانەنشینە".
یەكێك لەكەسە نزیكەكانی هەرێم، لەرۆژی یەكەمی پرسەی هەرێم لەمزگەوتی (حاجی حامد سیان) كە دەكەوێتە پشت تاپۆی 2 لەشاری هەولێر، سەرەڕای ئەوەی كە ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك لەبارەی خۆكوشتنی هەرێم بكات، رازیش نەبوو كە بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، تەنها گوتی كە "ئەو رووداوە قەزاوقەدەر بووە".
هەرێم خۆشەوی عەلی، لەدایكبووی 1992 شاری هەولێرە و جگە لەوەی كە قوتابی پۆلی یەكەمی ئامادەیی بازرگانی بووە، هاوكات یاریزانی تۆپی دەستی (یانەی قەڵا)ش بووە. (نەجمەدین خەلیل) سەرۆكی یانەی قەڵا، لەبارەی (هەرێم) كە ماوەی ساڵێك هەرێم لەیانەی تۆپی دەستی قەڵا، یاریزان بووە هێما بەوە دەكات كە دوومانگ زیاترە هەرێم لەراهێنانەكانی یانەكەی دابڕاوەو دەڵێت "چەند رۆژێك پێش ئێستا هاتە ناو هۆڵ و راهێنانی كرد و دواتر دیسان نەهاتەوە"، دەشڵێت "هەرێم نزیكەی ساڵێك لەیانەكەی ئێمە ماوە و ئیرتیكاز بوو و لاعیبەكی زۆر بەئەخلاق و موئەدەبیش بوو، كچێكی زۆر ریكوپێكیش بوو. ئەو ساڵەش دیاربوو لەدەرسەكانی خراپبوو و گوتی ناتوانم بێم، بابیشی گوتبووی دەرسەكانت تەواوبكە و كارت وەربگرە، ئەوكات ئیزنت دەدەم بۆ ریازە".
جێگای ئاماژە پێدانە كە سەرەڕای ئەوەی كەسە نزیكەكانی (هەرێم خۆشەوی) ئامادە نەبوون لەبارەی كارەساتەكە هیچ قسەیەك بكەن و رووداوەكەیان بۆ قەزاوقەدەر گێڕایەوە، هاوكات پۆلیسی هەولێریش بەهۆكاری تەواو نەبوونی لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكە، ئامادە نەبوون لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com