مامۆستـــــایەتی لــە نێوان گوند و شاردا .. مامۆستایانی گوند تەمەننای گەڕانەوە بۆ شار دەكەن مـــامۆستایانی شـــاریش تەمەننای گوندەكان دەكەنەوە  

 

 

سڤیل: هێمن محەمەد

یەكەم دامەزراندنی مامۆستایان لەگوندەكان چەندین ساڵە بەردەوامە، مامۆستاكان رۆژ و مانگ و ساڵ دەژمێرن بۆئەوەی زوو تەواوی بكەن و بگەڕێنەوە شار، بەڵام بەشێك لەمامۆستایانی شار خۆزگە بەمامۆستایانی گوند دەخوازن، توێژەرێكی كۆمەڵایەتی پێیوایە كە دەبێت رەچاوی لایەنە باش و خراپەكانی ئەو پرۆسەیە بكرێت. سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیش، باس لەوە دەكات كە ئەم پرۆسەیە دەمێكە هەیە و هەر كاتێكیش گوندەكان پێویستیان بەمامۆستا نەما ئەوا ناردنە دەرەوەی مامۆستا بۆ گوندەكان رادەگیرێت.
مامۆستا (شەوبۆ حەسەن) لەناو شاری هەولێر مامۆستایەو خۆزگە دەخوازێت لەگوند بووایە، ئەو مامۆستایە دەڵێت "پرۆسەی پەروەردە لەشارەكاندا فشاری زۆری لەسەرە، پۆلەكان زیاتر لە 40 قوتابی تێدایە، ئێستا زیاد لەمانگێكە وانە دەڵێمەوە ناوی نیوەی قوتابیان نازانم"، دەشڵێت "قەرەباڵخی پۆڵ ماندووبوونێكی زۆر تووشی مامۆستا دەكات، بۆیە حەزم دەكرد لەگوندێك بوام رێژەی قوتابیانم كەمتر بووایە، چونكە ئەوكاتە ئەرك و ماندووبوونەكەشم كەم دەبۆوەو ئەوكات باشتریش دەمتوانی پەیامی وانەكان و شێوازی گەیاندن، بەباشی جێبەجێ بكەم".
وەك بەشێكی زۆر لەمامۆستایان هێمای بۆ دەكەن، پرۆسەی پەروەردە لەهەرێمی كوردستان، هەنگاوی باشی ناوە بەئاراستەی باشبوون، بەڵام هێشتا ئیش لەسەر لایەنی دەروونی مامۆستا نەكراوە. مامۆستایەكی ناوشار، كە نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، دەڵێت "مامۆستایەتی پیشەیەكی پیرۆز و پڕبەهایە، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی مامۆستا و دەوروبەر و سیستەمەكە، زۆرجار ئەو ئەركە پیرۆزە بەجۆرێك دەكەوێتە ژێر مەترسی، كە مامۆستایان لەشوێنی پیشەكەیان ناڕازی بن و ئەمەش دواجار بێزارییەك بۆ مامۆستا دروست دەكات، كە لەوانە وتنەوەدا سەركەوتوو نەبێت. دەشڵێت "بەهۆی ئەوەی كە چەندین دەرفەت و كاروچالاكی گرنگ هەیە كە بەئاسانی لەشارەكان بەدەستدێت، مامۆستایانی گوندەكان خۆزگە بەمامۆستایانی شار دەخوازن، لەبەرامبەریشدا مامۆستایانی ناوشار خۆزگە بەو كەشوهەوا و بارودۆخە ئارامەی گوندەكان دەخوازن".
مامۆستا (ئارام حەمەد) مامۆستا لەپەروەردەی مێرگەسۆر، زۆر نیگەرانە كە لەشار دووركەوتۆتەوەو ئێستا خۆزگە دەخوازێ كە بگەڕابایەوە بۆ ناوشار، دەڵێت "بارودۆخ و كەشی مامۆستا، كەشێكی تایبەتەو پێویستە مامۆستا مورتاح و دڵخۆش بێت لەو شوێنەی كە تێدا مامۆستایە، ئەگەرنا بەهیچ جۆرێك ناتوانێـت پرۆسەكە و پەیامەكە بەرێكوپێكی بگەیەنێ". ئەو مامۆستایە پەروەردەی مێرگەسۆر، دەشڵێت "پێویستە رەچاوی حاڵەت و بارودۆخی مامۆستا بكرێت، چونكە مامۆستای واهەیە بەهۆی ئەوەی كە خێزانەكەی لەهەولێرە، هەموو پێنجشەموان دەڕواتەوە هەولێر و مامۆستامان هەیە خێزانەكەی قوتابییە لەزانكۆ و خۆشی مامۆستایە لەگوند، بۆیە هیچ كاتێك ئەو مامۆستایە دڵنیا و بێكێشە نییە. هاوكات سەدان مامۆستا هەیە كە حەز و توانای ئیشكردنی زیاتری هەیە هاوشان لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتی، بەڵام بەهۆی پرۆسەی پەروەردە و ناردنی زۆرەملێی مامۆستایان بۆ گوند، ئەو بوارە دەكوژێت"، بۆیە وەك ئەو مامۆستایە هێمای بۆ دەكات و دەڵێت "گەنجێك لەسەرەتای پێگەیشتن و بناغەدانانی ژیاندایە، كەچی زیاد لەسێ ساڵ بەزۆرەملێ لەگوند جێگیر دەكرێت و خولیا و خەون و داهاتووی دەكەوێتە ژێر رەحمەتی چارەنوسێكی نادیار".
كاربەدەستانی بواری پەروەردەیی لەكوردستان، ئەوە ناشارنەوە كە سیستەمی مانەوەی مامۆستا لەگوندەكان، لەپەروەردەیەكەوە بۆ پەروەردەیەكی دیكە دەگۆڕێت، هەروەك لەسنوری پارێوگای سلێمانی جۆرێكەو لەپارێزگای دهۆكیش جۆرێكی دیكەیە، هاوكات لەپارێزگای هەولێر سیستەمەكە لەهەردوو پارێزگاكەی دیكە جیاوازترەو لەهەولێر فشارێكی زۆر دروستكراوە بۆ ناچاركردنی مامۆستا بۆ دەوامكردن و وانەوتنەوە بۆ ناوچە دوورەدەستەكان، لەهەولێریش پەروەردەی چۆمان و مێرگەسور و سۆران سێ پەروەردەن، كە بەدەرەوەی شار هەژمار دەكرێت، مامۆستا پاش سێ ساڵ و زیاتر مانەوە لەگوندەكانی ئەو قەزایانە، ئەگەر مامۆستایەكی بەدیل هەبوو بۆ پسپۆڕیەكەی ئەوا ئەوكاتە مامۆستایەكە دەگوازرێتەوە بۆ ناوشار.
سەرپەرشتیاری كارگێری پەروەردەی، مامۆستا (سەمیر عەبدولڕەحمان) بۆ (سڤیل) باس لەوە دەكات كە پرۆسەی ناردنە دەرەوەی مامۆستا بۆ گوندەكان، لەبەرژەوەندی مامۆستا و خەڵكی گوندەكان دایە، دەڵێت "ئەگەر مامۆستا ڕەوانەی گوندەكان نەكرێن، بەهەزاران منداڵ لەخوێندن بێبەش دەبن"، مامۆستا سەمیر، دەشڵێت "بابەتی ناردنە دەرەوەی مامۆستا بۆ گوندەكان شتێكی تازە نییە، بەڵكو ئەو پرۆسەیە دەمێكە هەیەو هەركاتێك مامۆستا لەخەڵكی گوندەكان پێگەیشت، ئەوكات پێویست ناكات لەناو شارەوە مامۆستا بۆ گوندەكان ڕەوانە بكرێت".
مامۆستا سەمیر گوتیشی "هەموو ئەو مامۆستایانەی دەیانناسم و لەگوندەكانیش دەوامیان كردووە، هەمیشە باسكردنی گوندیان بەئەزموونێكی گرنگ داناوە، چونكە ژیانی گوند شارەزابوون و راهاتنی دەوێت".
توێژەری كۆمەڵایەتی (سەردەشت عوسمان ئەحمەد) وەك بۆ (سڤیل) هێمای بۆ دەكات، چوونە دەرەوەی مامۆستا لەناوشار و رۆیشتنیان بۆ گوندەكان، چەندین لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و دەڵێت "ئەو مامۆستایانەی یەكەم دەستبەكاربوونیان لەگوند بێت، بەدڵنیاییەوە ئەو مامۆستایە لەچەندین لایەندا سوودمەند دەبێت، وەك ڕاهاتن بەكەشوهەوای گوند و دابونەریت و تەنانەت زمانی ڕەسەنی كوردیش باشتر فێردەبێت، ئەمە جگە لەوەی كە ئەو مامۆستایە چۆنیەتی ژیانی گوند و جوامێری و سەخاوەت و بەهێزی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی بۆ دەردەكەوێـت". وەك ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە باسیشی دەكات، لایەنی نەرێنی چوونە دەرەوەی مامۆستا كەمتر نییە لەلایەنی ئەرێنی، دەڵێت "كێشەی چوونە دەرەوەی مامۆستا، بەتایبەت ئەو مامۆستایانەی یەكەمجارە دووربكەونەوە لەژینگەی شار، كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی بەدواوەیە، بەشێكی گەورەی كێشەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ بواری هاوسەرگیری"، دەشڵێت "من ئاگادارم چەندان مامۆستا هەیە ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە، بەڵام ناگونجێت لەگوند بەیەكەوە بن، ڕەنگە یەكێكیان قوتابی زانكۆ بێت یان ئیشی دیكە هەبێت لەناو شار و نەتوانێت ئیشەكە جێبهیڵێت، بۆیە زۆر گرنگە لایەنە كۆمەڵایەتییەكانی مامۆستا بەهەند وەربگیرێت، چونكە تاوەكو ئێستا هیچ گرنگییەك بەلایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونی مامۆستا نادرێت، هەر بەو هۆیەشەوە رێژەیەكی زۆری مامۆستایان حەز و خولیاكانی خۆیان ناخەنە كار و پیشەی مامۆستایەتی بەگرفت دەبینن كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر وانەوتنەوە و ئاستی پەروەردە بەگشتی دروست دەكات".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com