|
سڤیل:
دڵشاد باڵەكی
شەڕەبەفر لە كۆنەوە لەنێو كوردەواریدا وەك
یارییەك هەر هەبووە، تەنانەت لەنێو بەیت و
هۆنراوەی میللیشدا جێی كراوەتەوەو باس كراوە،
ئەگەرچی لەم ساڵانەی دوایی بەفر كەم باریوە،
بەتایبەتی لەنێو شارە گەورەكان، بەڵام لە هەر
شوێنێك باری بێت، شەڕەبەفر كراوە، خەڵكی شارە
گەورەكانیش چوونەتە دەرەوەی شار و لە زورگ و
ناوچە شاخاوییەكان ئەو یارییەیان ئەنجامداوە.
چەند خانەوادەیەكمان بینی كە لەكاتی بەفرین
بارین، بەتایبەت بۆ شەڕە بەفر هاتبوون، ئەوان
زۆر خۆشحاڵبوون لەكەشوهەواكە، بەڵام وەك چەند
كەسێك لەنەوەی كۆن، ئەو رۆژە بۆ (سڤیل) قسەیان
كرد، جاران كە بەفر دەباری، جگە لەشەڕە بەفر،
خەڵكی خواردنیشیان هەر لەوێ دەخوارد و تەواوی
ئەو شتانەیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا كە خواردنی
لەگەڵ بەفر خۆشە.
یەكێ لەو پیرە پیاوانەی كە ئەو رۆژە لەنێو
بەفر بارینەكەی شارۆچكەی سۆران و دەوروبەری
بینیمان، باسی لەوەكرد كە لەكۆنەوە تادەگات
بەئەمڕۆ، خەڵكی ناوچەكە، لەكاتی بەفر باریندا،
بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، چوونەتە نێو
بەفرەكە، (مام رەحمان غەریب)ی تەمەن 65 ساڵ،
دەشڵێت "لەكۆندا كاتێ خەڵكی دەچوونە نێو بەفر،
دۆشاو و گوێز و مێووژیان لەگەڵ خۆیان دەبردو
لەگەڵ بەفرەكە دەیانخوارد، بەڵام لەئێستادا
ئەو حالەتە زۆركەم بووە، زیاتر چەرەزات و چا و
قاوە و نیسكافە لەگەڵ خۆیان دەبەن".
توانا تەها، كوڕە گەنجێكی قەزای سۆرانەو لەگەڵ
كۆمەڵێك گەنجی دیكەی هاوڕێی خۆی، بەمەبەستی
كات بەسەربردن و گەشتكردن بۆ سەر بەفر، روویان
لەیەكێك لەچیاكانی دەڤەری سۆران كردبوو، توانا
بۆ (سڤیل) گوتی "هەست بەخۆشییەكی زۆر دەكەم،
كە لەگەڵ هاوڕێیانم هاتوومەتە نێو بەفر"،
گوتیشی "بارینی بەفر لای من زۆر جوان و
پیرۆزە، چونكە یەكێك لەشتە هەرە جوانەكان كە
لەئاسمان دێتە خوارەوە، بەفرە. ئەمڕۆش كە لەو
گەشتە یاری تۆپە بەفرێن دەكەین، كاتێكی زۆر
خۆش بەسەر دەبەین و لەپاڵ ئەمەشدا وێنەی نێو
بەفر دەگرین". ئەو كوڕە گەنجە سۆران، لەبارەی
مانەوەیان لەو شوێنە و نانخواردنیان، ئەوەشی
گوت كە "زۆرجار خواردنمان لەگەڵ خۆمان هێناوە
بۆ نێو بەفر، چونكە خواردنی نێو بەفر تاموچێژی
زۆری هەیەو دواتریش لەبەر یاریكردنی زۆرمان
بەبەفر، ماندوو دەبین و ئەوكاتەش كە نان
دەخۆین هەست بەچێژێكی خۆشدەكەین، چونكە
لەشوێنی سارد، خواردن باش دەخورێت".
یەكێ لەهاوڕێكانی توانا، كە ناوی (هێمن عەلی)
بوو، ئەویش لای خۆیەوە هێمای بەوەكرد كە "بۆیە
خواردن لەگەڵ خۆمان دێنین، تاوەكو ئەو رۆژە
هەر لەو شوێنە بمێنینەوەو نەگەڕێینەوە بۆ
ماڵ"، گوتیشی "زۆرجار كاتێ چووینە نێو بەفر،
دۆشاومان بردووە لەگەڵ خۆمان و بەبەفر
خواردوومانە، هەروەها جارناجار چا و قاوە و
نیسكافەی سەفەریمان هێناوە"، هێمن، ئەوەشی گوت
كە "بەو پێیەی دەڤەری سۆران ناوچەیەكی
شاخاوییە، ئێمە جگە لەهاوڕێیانی خۆمان زۆرجار
دراوسێیەكانیشمان لەگەڵ خۆمان دەبەین".
مەعروف زرار، كوڕە گەنجێكی دیكەیە و ئەویش ئەو
رۆژە لەگەڵ هاوڕێكانی لەدەرەوەی شارۆچكەی
سۆران خەریكی شەڕە بەفربوون، مەعروف بۆ (سڤیل)
گوتی "وەرزی زستان بەجوانییەكانی بەفرەوە
جوانە، بۆیە هەمیشە ئارەزوو دەكەم لەوەرزی
زستان گەشتێك بەنێو بەفر بكەم". گوتیشی "هەر
چەندە ئەمە كەلتووری باو بووە، كە خەڵك لەپاڵ
سەیرانكردن لەوەرزەكانی دیكەی ساڵ، لەوەرزەی
زستانیش سەیرانیان دەكرد بۆ ناوچە شاخاوییەكان
بەتایبەتیش چیاكان و ئەو شوێنانەی بەفری زۆر
لێدەباری و پەیكەری بەفریان دروست دەكرد،
بەڵام ئەوەی جێگای داخە هەستدەكەم لەئێستادا
گەشتكردن بۆ نێو بەفر كاڵ بۆتەوە". (مەعروف)
هێمای بۆ ئەوەش كردو گوتی "من وەك گەنجێك هەر
چەندە شوێنی نیشتەجێبوونم بەچیا دەورە دراوە،
بەڵام ساڵانە چەندینجار لەگەڵ هاوڕێیانم دەچمە
نێو بەفر و تاموچێژی تایبەتی لێدەبینم".
سیروان رەسوڵ دانیشتویەكی دیكە قەزای سۆرانە و
ئەویش لای خۆیەوە ئەوها بۆ (سڤیل) دواو گوتی
"ساڵانە لەوەرزی زستان، كچان و كوڕان تامەزۆری
بەفر بارینن و لەكاتی هاتنی بەفر پۆل پۆل گەشت
دەكەن بۆ نێو بەفرەكە و ئێمەش ئێستا بۆ
یاریكردن و خۆشییەكانی سەر بەفر لەگەڵ كۆمەڵێك
لەهاوڕێیان دەچین بۆ یەكێك لەچیا بەرزەكانی
دەڤەری سۆران"، سیروان، ئەوەشی بە (سڤیل) گوت
كە "لەو گەشتانەدا كوڕان و كچان دڵخۆش دەبەن،
خۆشییەكەش لەوە دایە هەمووان دەستدەكەن
بەیاریكردن و تۆپە بەفر لەیەك دەگرن و خۆشحاڵی
خۆیان دەردەبڕن بەهاتنی بەفر و هەر یەكە و
یادەوەرییەكی لەمێژووی خۆی تۆمار دەكات". ئەو
گەنجە، گوتیشی "لەهەندێك لەو گەشتانە
هاوڵاتیان دۆشاو لەگەڵ خۆیان دەبەن و لەگەڵ
بەفر تێكەڵی دەكەن و دەیخۆن".
لەكاتی ئەنجامدانی ریپۆرتاژەكەمان بەلای یەكێك
لەئۆتۆمبێلەكان رەتبووین لەنزیك چیای زۆزك،
خێزانێك، باوك و دایكێك لەگەڵ منداڵەكانیان
لەلێواری جادەكە لەنێو بەفرەكە راوەستا بوون و
ئاگرێكیان هەڵكردبوو و لەسەر ئاگرەكە چادانێكی
ڕەش دانرابوو، لەولاتریش منداڵەكان لەگەڵ
باوكیان یاری تۆپە بەفرینیان دەكردو هەر لەوێش
مۆڵەتمان لێوەرگرتن تاوەكو هەندێك قسەمان بۆ
بكەن.
كچەكە ئەو خێزانە ناوی (بنار) بوو، بۆ (سڤیل)
گوتی "زۆر خۆشحاڵم لەم وەرزە خۆشەدا لەگەڵ
دایكم و باوكم هاتووینەتە نێو بەفر و یاری
دەكەین"، بەپێكەنینەوە، گوتیشی "ئەوە خۆشت
دەبینی چامان لەگەڵ خۆمان هێناوە و لەگەڵ
چەرەزات لەنێو بەفر دەیخۆینەوە". ئەو كچە
ئەوەشی گوت كە "یاری نێو بەفر تاموچێژی خۆی
هەیە، جگە لەوەی كە وێنەی زۆر دەگرین و پاشان
بەخۆشی و شادی دەگەڕێینەوە ماڵەوە". باوكی
بنار (مام فازڵ) كە پیاوێكی تەمەن 65 ساڵان
بوو، لەبارەی جیاوازی جاران لەچوونە نێو بەفر
و یاریكردنیان بەتۆپەڵە بەفر، لەگەڵ ئێستادا،
بۆی گێڕاینەوە و گوتی "ئەوەی من بەبیرم بێت،
لەكاتی چوونمان بۆ نێو بەفر، زۆربەی جار
خواردنمان لەگەڵ خۆمان بردووە، جگە لەوەش
بەكۆمەڵ كۆمەلأ دەچووینە نێو بەفر و دۆشاو و
مێووژ و كاكڵە گوێزمان دەبرد لەوێ لەگەڵ
بەفرەكە دەمانخوارد". ئەو بەساڵاچووە، گوتیشی
"ڕۆژانی پێشتر زۆر خۆشتربوو لەهی ئێستا، بەڵام
ئێستا وەك پێشتر نییە، ئێستا زۆر بەكەمی دۆشاو
و مێووژ لەگەڵ خۆیان دەبەن، بەڵام خۆشی ئەو
كاتانە جیاوازبوو لەئێستاكە و هیچ كاتێك لەبیر
ناچنەوە".
توێژەری كۆمەڵایەتی (دڵشاد عوسمان عەلی) هێمای
بەوەكرد، كە لەوڵاتانی رۆژئاوایی بۆ مانەوەی
پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ئێستا زۆر گرنگی
بەو نەریتە كۆنانە دەدرێت، كە خەڵكی تێیدا
بەكۆمەڵ بەشداری تێدا دەكەن، بۆیە وەك ئەو
گوتی "بۆ توندوتۆڵكردنی زیاتری پەیوەندییە
كۆمەڵایەتییەكان لەكوردستان، یاری تۆپەڵە
بەفرینە یەكێ لەو نەریتە كوردەواریانەیە كە
تێیدا جیاوازی لەنێوان رەگەزی نێر و مێ
نامێنێت و وەكو یەكتر بەشداری لەخۆشییەكە
دەكەن"، لەبەر ئەوە (دڵشاد عوسمان عەلی)
بۆچوونی وایە كە زیندوو راگرتنی نەریتەكە،
كارێكە كە پێویستە بەوردی ئیشی لەسەر بكرێت و
خەڵكی هانبدرێت لەسەری، چونكە وەك ئەو گوتی
"یارییەكانی ناو بەفر، وەكو چوونە رێواس و
ئیشوكارەكانی رۆژانەی دێهاتەكانە كە جیاوازی
رەگەزی كاڵ دەكاتەوە".
|