شۆفێری تاكسییەك لە 3 بانكی هەولێر 9 دزی ئەنجام دەدات  

 

 

سڤیل:
شۆفێر تاكسییەكی شاری هەولێر، لەسێ بانكی ئەو شارە 9 كاری دزی ئەنجام دەدات و لەدوای دەسگیركردنیشی، راگەیاندنی پۆلیسی هەولێریش، هێما بەوە دەكات، كە لەسەرەتادا دزەكە نكۆڵی لەتاوانەكەی كردووەو پاشتر خۆی دانیپێدا ناوە، كە سەرەتای كارەكەی لەپیرەژنێكەوە دەستیپێكردووە.
پیاوێكی تەمەن 31 ساڵی دانیشتوی شاری هەولێر، كە خێزاندارە و خاوەنی 6 منداڵە، بەشێوازێكی زۆر سەیر 9 كاری دزیكردن لەسێ بانكی هەولێر ئەنجام دەدات. ئەو پیاوە (ع-ع-ف) كە ئێستا لەچاكسازی گەوران (گرتوخانەی محەتە)ی شاری هەولێرە، لەدانپێدانانەكەیدا ئاوا باس لەچۆنیەتی ئەنجامدانی دزییەكان دەكات و دەڵێت "دەچوومە بانك و سەیرم دەكرد تابزانم كێ نۆرەی وەرگرتنی موچەكەیەتی، یەكسەر شتەكانم لێی وەردەگرت و لەجیاتی ئەو پارەكەم وەردەگرت، ئینجا بەو كەسەم دەگوت كە بچێ نفوسەكەی ئیستینساخ بكات، كاتێك پشتی لەپاش دەكرد، منیش پارەكەم دەبردو دەڕۆیشتم"، كاتێك پرسیاری ئەوەشی لێدەكرێت كە چۆن بیری لەو كارە كردۆتەوە وەها كارێك بكات؟ دەڵێت "نەبوونی ئاوای لێكردم"، دەشڵێت "ژنەكەم نەخۆشبوو و شەش منداڵم هەبوو، ئەوەش هۆكاری سەرەكی بوو".
فێڵكردنی یەكەمی لەپیرێژنێكەوە دەستپێدەكات و پاشتر بەهەمان شێوە فێڵ لەهەشت كەسی دیكەش دەكات. (ع-ع-ف) دەڵێت "یەكەم كارم لەبانكی خانزاد بوو، پیرێژنێك هات تاوەكو مەعاشی تەقاعودییەكەی وەربگرێت، پیرێژنەكە موچەكەی 200 هەزار دیناربوو، پاش ئەوەی مامەڵەكەم لێی وەرگرت و پارەكەم وەرگرت، گوتم بڕۆ ئەو نفوسەی ئیستینساخ بكە و بینەوە، هەتا ئەو هاتەوە، من رۆیشتم"، ئەوەشی گوت كە پاش پیرێژنەكە "ئاوام لەهەشت كەسی دیكە كرد لەهەرسێ بانكی خانزاد و دێدەوان و نەورۆز، بەهەموویانم دەگوت ئەوەی ئیستینساخ بكە و بینەوە، پارەكانیش كە وەرم دەگرت دەمكردە مەسرەف و دەمخوارد".
ئەو دەسگیركراوەی نێو گرتوخانەی مەحەتە، پاش ئاشكرابوون و دەسگیركردنی، پەشیمانی خۆی لەو كارەی كردویەتی دەردەبڕێت و دەڵێت "زۆر پەشیمانم زۆر، ئەوە یەكەم جاریشمە كە سجن بكرێم"، كەسێكی ئاگادار، كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكات، هێمای بەوەكرد كە ئەگەر سەیری ئەو گرتەیە بكەیت كە دزەكە لەناو بانك كارەكەی ئەنجام دەدات، تارادەیەكی زۆر كەمتەرخەمی فەرمانبەرەكانیشی پێوە دیارە، چونكە وەك ئەو دەڵێت "لەگرتەكە دیارە كە بەبەر چاوی فەرمانبەرەكان تاوانبار مامەڵەكە لەكەسەكە وەردەگرێت، بەڵام ئەوانیش تێبینی كەسەكە ناكەن، بۆیە من پێموایە كە فەرمانبەر سەرەڕای ئەنجامدانی كارەكەی، پێویستیش دەكات كە بزانێت چی لەبەردەمی دەگوزەرێت؟".
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی چۆنیەتی دەسگیركردنی دزەكە، هێما بەوە دەكات، كە لەدوای ئەوەی لەلایەن چەند هاوڵاتییەكەوە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان ئاگادار دەكرێتەوە لەئەنجامدانی چەند كارێكی دزیكردن، بەتایبەت لەكاتی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی و كەمئەندامی، لەبانكەكانی شاری هەولێر، "ئەوەبوو بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان هەڵسا بەداڕشتنی پلانێكی تۆكمە و سەرئەنجام توانرا كەسەكە دەسگیر بكرێت".
كاروان عەبدولكەریم، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، دەڵێت "لەكاتی لێكۆڵینەوەكردن، سەرەتا تاوانبار نكۆڵی دەكرد لەئەنجامدانی تاوانەكەی، بەڵام لەدوای نیشاندانی بەڵگەكان و ناسینەوەی تاوانبار لەلایەن ئەوانەی كە دزییان لێكرابوو، (ع-ع-ف) دانی بەتاوانەكەی دانا و لەدوای رێكخستنی پەڕاوی لێكۆڵینەوە، تاوانبار رەوانەی چاكسازی گەوران لەهەولێر كراوەو چاوەڕوانی دادگاییكردنیەتی".
ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، ئەوەشی گوت كە "پێویست دەكات هاوڵاتیانیش لەكاتی سەردانیكردنیان بۆ بانكەكان، زیاتر متمانەیان بەخۆیان هەبێت، تاوەكو ئاوا و بەو شێوەیە فێڵیان لێ نەكرێت".
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com