لەدهۆك 180 منداڵی بلوری هاتوونەتە دنیاوە كە 40یان دوانە و 36یان سێیانەن  

 

 

سڤیل: هاوكار محێدین

منداڵی بلوری دەكرێت دەستكاری رەگەزەكەی بكرێت


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیلان بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە لەسەرەتای دەستبەكاربوونیانەوە تاوەكو ئێستا، توانیویانە 180 كۆرپەلەی بلوری بهێننە دنیاوە، دكتۆرێكی پسپۆڕیش لەو بوارەدا، ئاماژە بەوە دەكات، كە دەتوانرێت دەستكاری رەگەزی نێر یان مێینەی منداڵی بلوری بكرێت.
دكتۆرە (عاسیما محەمەد عەبدولمەجید) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیلان لەدهۆك، كە نەخۆشخانەكەیان تایبەتمەندە لەبواری لەدایكبوونی كۆرپەلەی ناو شووشە (بلوری)دا، بۆ (سڤیل) ئاماژەی بەوەكرد كە تاوەكو ئێستا لەسەنتەری (بەنوون) كە لەناو نەخۆشخانەكەیە، 133 كۆرپەلە هاتۆتە دنیاوەو 47 كۆرپەلەش لەدەرەوەی سەنتەرەكە لەژێر چاودێری ئەوان هاتوونەتە دنیاوە. هەروەها لەبارەی چۆنیەتی و شێوازی لەدایكبوونی 180 منداڵەكە، روونیكردەوە كە 100 لەو منداڵانە دانە دانە لەدایك بوونەو 40 لەوانیش دووانە (جمك) بوونەو 36 لەو كۆرپەلانەش سێ منداڵ بەیەكەوە لەدایك بوونەو 4 لەوانیش بەیەكجار لەدایك بوونە.
دكتۆر عاسیما رێژەی سەركەوتنی لەدایكبوونی كۆرپەلەی بلوری لەنەخۆشخانەی شیلان، بە رێژەیەكی باش لەقەڵەم دەدات و دەڵێت "ئەو رێژەیەی كە لەوڵاتی ئوردەن و لوبنان هەیە، لای ئێمەش هەمان رێژەی سەركەوتن هەیە، هەر بۆیەش لەگەڵ زۆری سەنتەرەكانی هاوشێوەی سەنتەری بەنوون لەهەولێر، بەڵام زۆرجار داواكاریمان لەخەڵكی شاری هەولێر بۆ دێت، ئەمەش نیشانەی سەركەوتنی سەنتەرەكەی ئێمە دەگەیێنێت"، ئەگەرچی دكتۆرە عاسیما باس لەزۆری رێژەی سەركەوتن لەنەخۆشخانەكەیاندا دەكات، لەهەمانكاتدا دەڵێت "هێشتا زۆر خەڵك باوەڕی بەدكتۆری كورد نییەو بۆ لەدایكبوونی منداڵی ناو شووشە روو لەدەرەوەی وڵات دەكەن".
سەبارەت بەجیاوازی تێچوونی لەدایكبوونی كۆرپەلەیەكی ناو شووشە لەنەخۆشخانەكەیاندا، لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر؟ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیلان لەدهۆك، ئاشكرایكرد كە بۆ لەدایكبوونی هەر منداڵێكی ناو شووشە لەنەخۆشخانەكەی ئەوان، پێویستە خانەوادەی منداڵەكە 2300 دۆلار بدەن بەنەخۆشخانەكەیان، كە وەك ئەو دەڵێت "ئەو پارەیەی كە ئێمە وەریدەگرین زۆر كەمترە لەوەی كە لەوڵاتانی دراوسێ سەرفیدەكەن و ئاواش وەك ئێمە ئاگاداری كۆرپەلەكە دەبین، ئەوان هێندە خەمی لێناخۆن".
لەبارەی چۆنیەتی دروستبوونی كۆرپەلەكەو بەڕێوەچوونی پرۆسەی گواستنەوەی منداڵەكە لەناو شووشەوە بۆ ناو منداڵدانی دایكەكە، (دكتۆر وەلید جەمیل بەرواری) كە دكتۆراكەی لەبواری مایكرۆبایۆلۆجییە، باس لەوە دەكات كە قۆناغی سەرەتای پرۆسەكە بەپیتاندنی هێلكەی دایكەكە بەسپێرمی پیاوەكەی دەستپێدەكات و پاش پیتاندن بۆ ماوەی 3 تاوەكو 4 رۆژ، منداڵەكە لەناو شووشە دەبێت و ئینجا بۆ ناو منداڵدانی دایكەكە دەگوازرێتەوە. دەڵێت "ئێمە بەر لەپیتاندنیش، زۆر بەوردی هێلكەی ژنەكە و سپێرمی پیاوەكە دەپشكنین و هەر كێشەیەكیان هەبێت، چارەسەری دەكەین، ئینجا منداڵەكە دەخەینە ناو شووشەوە". ئەو دكتۆرە هێما بەوەشدەكات، كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان منداڵی ناو شووشە و منداڵێك كە بەشێوەی ئاسایی دەبێت، نییە.
دكتۆر وەلید جەمیل بەرواری، ئاماژە بەوەشدەكات كە دەكرێت دەستكاری رەگەزی منداڵەكەش بكرێت كە ئاخۆ خانەوادەكە حەزدەكەن كوڕ یاخود كچیان ببێت. هاوكات دكتۆرە (عاسیما محەمەد)یش لای خۆیەوە ئەو قسەیەی دكتۆر (وەلید)ی پشتڕاستكردەوەو گوتی "بەڵێ دەكرێت هەر چۆن كە خانەوادەكە پێیان خۆشە، منداڵەكەیان لەو رەگەزە بێت"، بەڵام گوتیشی "ئەو ئامێرەی كە رەگەزی منداڵەكە دەگۆڕێت، نرخەكەی گرانە و دواجار كاریگەری لەسەر نرخی تێچووی منداڵەكەش هەیە لەبەر ئەوەش تائێستا لەكوردستان ئەو ژنانەی كە نەزۆكن، تەنها لەفكری ئەوە دانە كە منداڵێكیان ببێت، نەوەك كوڕ یاخود كچ بێت، بۆیە ئارەزوو لەسەر گۆڕینی رەگەز نییە، هەر بۆیەش ئێمە تاوەكو ئێستا بیرمان لەهێنانی ئەو ئامێرە بۆ سەنتەری بەنوون نەكردۆتەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com