رێباز لەبەر وەنەوشە كوژرا... هاوسەری بكوژ بەشێك بووە لە پیلانەكە  

 

 

سڤیل: دڵشاد باڵەكی- قائید میرۆ

رەحیم حوسێن وەك ئەوەی ئەو رۆژە دڵی خەبەری دابێت، كارەساتێك روودەدات، بۆیە دڵی بە رێبازی كوڕیەوە دەبێت، كە لە چۆمانەوە دەچێتە سۆران بۆ پێشانگای ئۆتۆمبێل، ئەو رۆژە دوو جار تەلەفۆنی بۆ دەكات، دەڵێ جاری دووەم كە تەلەفۆنەكە داخرابوو، "یەكسەر دڵم خەبەری داو گوتم شتێك قەوماوە".
كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 31/1، لەقەزای سۆران گەنجێك بەناوی رێباز رەحیم حوسێن، تەمەن 27 ساڵ، خەڵكی گوندی شۆرێی دەڤەری باڵەكایەتی سەر بەقەزای چۆمان، كە پیشەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دەكرد، لەلایەن یەكێك لەهاوڕێكانییەوە كوژرا و دوای كوشتنیشی تەرمەكەی فڕێدەدرێتە نێو رووباری گەلی عەلی بەگ، كەسوكاری گەنجە كوژراوەكە، رێگای نێوان هەولێر و ئێرانیان كە بە هامیلتۆن ناسراوە داخست و لەبەرامبەردا داوای رادەستكردنەوەی بكوژی گەنجەكەیان كرد، بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران تەئكیدی لەوەرگرتنی ئیجرائاتە یاساییەكان كردەوەو رایگەیاند كە بكوژ دەسگیر كراوەو دانیشی بە تاوانەكەی داناوە، بەڵام رادەستی خەڵكی مەدەنی ناكەینەوە، چونكە ئەوە داوایەكی نایاساییە.
رەحیم حوسێن باوكی رێباز بۆ (سڤیل) باس لەوە دەكات، كە چۆن بۆ دواجار لەگەڵ كوڕەكەی قسە دەكەن و ئیدی تاهەتایە بەزیندوێتی (رێباز)ی كوڕی نابینێتەوەو دەڵێت "رێبازی كوڕم لە(مەعرەز)ی ئۆتۆمبێل كاری دەكرد، خۆمان بەنزینخانەیەكیشمان هەیە، بۆیە رێباز هەموو رۆژێك دەبووا سەردانی شارۆچكەی سۆران بكات و سەرێك لەپێشانگای ئۆتۆمبێل بدات، بەڵام نیوەڕۆی 31/1/2012 جیا لەهەموو رۆژەكانی دیكە، رێباز ئەو ڕۆژە بڕیار نەبوو بچێت بۆ سۆران، بەڵام دواتر بۆچوونی گۆڕا و گوتی باوكە دەچمە سۆران، كاتژمێر 1:50 دوای نیوەڕۆ بەرێكەوت، كاتژمێر 3 تەلەفۆنم بۆ كرد، گوتی گەیشتمە سۆران، بۆ ئێوارەكەی كاتژمێر (5بۆ6) دەچوو، تەلەفۆنم بۆی كردەوە، ئەوجارە مۆبایلەكەی داخرابوو، رێباز لەژیانیشیدا هیچكاتێك تەلەفۆنەكەی دانەدەخست، بۆیە یەكسەر دڵم خەبەری دا و گوتم شتێك قەوماوە".
ئەو باوكە جەرگسوتاوە، بەخەمناكی باسی لەوەشكردو گوتی كە "تەلەفۆنەكەی رێباز داخرابوو، من گوتم نەماوە"، گوتیشی "لەژیانمدا دوژمنایەتیم لەگەڵ كەس نەبووەو ماڵی كەسیشم نەخواردووە، زوڵمیشم لەكەس نەكردووە. یەكسەر گوتم با بچینە سۆران، لەماڵەوە دوو ئۆتۆمبێل ئامادە بوون و بەدوایدا هاتین، بەڵام كە گەیشتینە پردی كاولۆكان، ئەو ئۆتۆمبێلەی كە لای رێباز بوو، بینیم بەدەست كەسێكی دیكەوەیە، بەڵام كە چاوی بەئێمە كەوت، بایدایەوە و برازاكەی منیش بەدوای كەوت، سەیارەكە تا پشت مەڵبەندی 6ی یەكێتی لەسۆران چوو و برازاكەشم هەر بەدوایەوە بوو".
باوكی رێباز، لەدرێژەی ئاخاوتنەكەی بۆ (سڤیل) ئەوەشی گوت "من لەگەڵ برازاكەم نەچووم و یەكڕاست چووم بۆ ئاسایش و پۆلیس و جارێ زوو ئەوانم ئاگادار كردەوە و پێمگوتن كە ئۆتۆمبێلی كوڕەكەم ژمارەیان لێكردۆتەوەو وا لەنێو سۆران دەسوڕێتەوە، لەوێ ئەفسەرێك پێیگوتم جا دەكرێ هەر ئۆتۆمبێلێك ژمارەی پێوە نەبێت، ئێمە دەستگیری بكەین؟ منیش پێمگوت تۆ حكومەتی دەبێ بچیت؟ ئەوەبوو مەفرەزەیان دەركرد و ئیدی لەنزیك نەخۆشخانەی سۆران ئۆتۆمبێل و بكوژەكەیان دەسگیركرد". لەبارەی ئەو كەسەشی كە كوڕەكەی ئەوی كوشتووە كە ئاخۆ پێشتر یەكتریان ناسیوە یان نا؟ باوكی ڕێباز، دەڵێت "ئێمە پێشتر ناسیاریەتییەكمان هەبوو، چونكە ئەو كەسە ماوەك بەر لەئێستا لەچۆمان دادەنیشت، بەئەسڵ خەڵكی شارۆچكەی (قەڵادزێ)یەو ئاوارە بوون، ئەو كوڕەش كە كوڕەكەی منی كوشتووە، ژنێكی لەچۆمان هەڵگرت و بەو هۆیەوەش ماڵیان باری كردو رۆیشت بۆ سۆران، ئەمڕۆش كوڕەكەی منی كوشت، بەڵام بۆچی؟ خۆشم وەڵامەكەی نازانم".
رێبازی كوژراو خێزاندارە، لەسۆران لە پێشانگای ئۆتۆمبێل كار دەكات، باوكی رێباز دەڵێ "داوام ئەوەیە لەحكومەتی هەرێم یان بكوژەكە لەو شوێنەی كە كوڕەكەمی كوشتووە رمی بكەن، یان تەسلیم بەئێمەی بكەن".
مەلا فەرمان محەمەد، مامۆستای ئاینی كە لەدوای رووداوەكە یەكێك بووە لەو كەسانەی بەشداری خۆپیشاندان و داخستنی رێگای (هاملتۆن)ی كردووە، بۆ (سڤیل) ئەوەی خستەڕوو كە "رێباز بەغەدر كوژراوە"، بۆیە ئەوان وەك خەڵكی ناوچەكە ناڕازین لەوەی حكومەت وەك پێویست لێپێچینەوە لەگەڵ تاوانباراندا ناكات. مەلا فەرمان، لەدرێژەی ئاخاوتنەكەیدا بۆ (سڤیل) تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە ئەوان وەك خەڵكی باڵەكایەتی سوورن لەسەر ئەوەی كە دەبێت تاوانبار بكوژرێتەوە.
عەمید ئەسكەندەر بابەكر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای سۆران لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە بكوژ بەچوار گوللەی دەمانچە، رێبازی كوشتووەو لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەشدا دانی بەوە داناوە، كە بە مەبەستی بردنی ئۆتۆمبێلەكەی كە وەنەوشەوەی پێبووە (رێباز)ی كوشتووە.
لەبارەی رادەستكردنەوەی بكوژ بەكەسوكاری كوژراویش، بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران دەڵێت "هەرچەندە بكوژ دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە، چونكە بەپیلان هەستاوە بەكوشتنی كەسێك بۆ مەبەستی بردنی ئۆتۆمبێلەكەی، بەڵام بەهیچ شێوەیەك یاسا رێگا نادات، تاوانبار رادەستی كەسوكاری كوژراو بكرێتەوەو ئەمە داوایەكی یاسایی نییە، بۆیە ئێمە ئامادەنین بكوژ رادەستی خەڵكی مەدەنی بكەین".
عەبدولواحید گوانی، قایمقامی قەزای چۆمان لەبارەی گردبوونەوەی خەڵكی شارۆچكەی چۆمان و گرتنی رێگای هاملتۆن، بە(سڤیل)ی راگەیاند، "بكوژ خەڵكی قەڵادزێیە، لەئێستادا دەستگیركراوەو لێكۆڵینەوەش بەردەوامە، بەڵام ئەو خەڵكەی كە رێگایان گرتووە داوا دەكەن ئەو گەنجەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بیكوژن، ئەوە دەبێت بۆ یاسا جێبهێڵدرێت".
بكوژ تەرمی رێبازی خستبووە نێو ئاوی گەلی عەلی بەگ، چەندین مەلەزان و تیمی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خەریكی گەڕان بوون بەدوای تەرمەكەدا، تا ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە لەئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، تەرمەكەی رێباز، هێشتا نەدۆزرابۆوە.
رەحیم حوسێن، باوكە جەرگسوتاوەكەی رێباز، رۆژێك دوای رووداوی كوشتنی كوڕەكەی، بە تەلەفۆن بۆ (سڤیل) قسەی دەكرد، بەئاهێكی قوڵەوەو بە قورگێكی پڕ گریانەوە گوتی "جەرگم بڕاوەو كەس نایەوێت جەرگم تیمار بكات".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com