شێخ سەڵاح شێخ شەرەف، برازای جەلال تاڵەبانی: شێخ ئەحمەدی هیندی لاهور بە شێخ و پیری خۆمان دەزانین  

 

 

سڤیل: ئەحمەد شێخ بزێنی

شێخ سەڵاح شێخ شەرەف، بەرپرسی سەنتەری لێكۆڵینەوە و بەخشی كۆیە، لەو دیمانەی (سڤیل)دا باس لەهەندێ لایەنی كۆمەڵایەتی تایبەت بەژیانی خۆی دەكات، هاوكات وەكو كەسێكی نزیك لەتاڵەبانی كە دەكاتە (برازای جەلال تاڵەبانی) باس لەباری تەندروستی مام جەلال دەكات.
شێخ سەڵاح شێخ شەرەف، لەدەسپێكی قسەكانیدا، لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی ژیانی هاوسەرییان كە ئاخۆ بەرێكەوت یان خۆشەویستی بووە؟ دەڵێت "من پیاوێكی عەجول بووم لەسیاسەت، كاتێك مەكتەبم تەواوكرد، دایكم گوتی وەرە لەم خزمانەم كامەیان هەڵدەبژێری؟ ژنت بۆ دێنم، منیش كچی مامێكی خۆم هەڵبژارد و ئێستا چوار منداڵمان هەیە، دوو كچ و دوو كوڕ، هەمووشیان ئێستا ژنیان هێناوە و شوویان كردووە"، بەپێكەنینەوە گوتیشی "ئێستاش ئێمە دوو قۆڵی ماوینەتەوە و لەكۆیە دەژین، خێزانەكەشم ناوی (ژیانی شێخ نەسرەدین)ە". بۆ وەرگرتنی تەریقەت لای ئەو بنەماڵەیەش، وەك ئەو گوتی "شێخبوونی ئێمە لەڕێگای تەریقەتەوەیە، ئێمە بەئەسڵ زەنگەنەینە، شێخ مەلا محەمەدی زەنگەنە باپیرە گەورەمانە، هەر بەناوی زەنگەنەوەش مەرقەدەكەی ئێستا لەكەركوكە"، ئەوەشی گوت كە "شێخ ئەحمەدی هیندی لاهور، هاتووە لەلاهورەوە تەریقەتی قادری بڵاوكردۆتەوە، ئەو شێخ ئەحمەدە لەسورداش كوژراوە، ئێستاش گۆڕەكەی لەوێیە، ئێمەش بەشێخ و پیری خۆمانی دەزانین، لەوێشەوە مەلا مەحمود بۆتە خەلیفەی ئەو و دواتریش شێخ ئەحمەدی كوڕی (ئەگەر خوا ویستی بەندەی خۆی بكا خۆش نوور لەهیندستانەوە بەپێی خۆی بۆی نارد بۆ لای شێخ مەلا مەحمود) لەوەوە تەریقەتەكەی ئێمە بڵاوبۆتەوەو شێخ ئەحمەدیش دە كوڕ یان یانزە كوڕی هەبووەو بەكوردستاندا بڵاوبوونەتەوەو باپیرە گەورەی ئێمەش شێخ عەبدولغەفور هاتۆتە كۆیە".
لەبارەی ئەوەش كە ئاخۆ لەڕووی پێگەی كۆمەڵایەتییەوە كەسێك هەیە كە گەورەی شێخەكانی تاڵەبانی بێت؟ دەڵێت "وەكو تەكییەكان، ئێستا تەكیەكەی كەركوك مەركەزە، شێخ یوسفی شێخ عەلی شێخی تەكیەكەیە، بەڵام وەكو تەمەن و وەكو ناسراوی، شێخ جەنگی برا گەورەكەی مام جەلال، لەپیاوە ناسراوەكانە"، بەڵام بۆ پرس و راكردنیان بەگەورەی بنەماڵەكەیان، وەك ئەو گوتی "ئێمە ئەو وەحدە عەشائیرییە توندەمان نییە، بەڵام لەپیاوە ئیختیارەكان و زانا و ناودارەكان شێخ جەنگییە، شێخ پیرۆتی مەحامی، شێخ بایز تاڵەبانی وەزیر، شێخ سیروانی شێخ فەزڵەدین ئەو مەجموعە شێخانە لەئیختیارەكاندا ماون".
بەهۆی ناسەقامگیری باری تەندروستی، زۆرجار باس لەچارەنووسی یەكێتی نیشتمانی دەكرێت لەدوای جەلال تاڵەبانی كە ئاخۆ كەسێك لەبنەماڵەكەی خۆی یان كەسێكی حزبەكەی شوێنی دەگرێتەوە، بەڵام ئەو پیاوە وەكو برازای جەلال تاڵەبانی، دەڵێت "من پێموایە یەكێتی نیشتیمانی حزبی هیچكەس و بنەماڵەیەك نییە، تەشكیلەكەی وایە، لەبەر ئەوە ئەگەر هیچ شتێكی لەناكاو و خراپ نەبێ چارەنووسەكە دەڕوا بەڕێوە، ئینجا كێ سەركردایەتی دەكا و چۆن هەڵدەبژێردرێت، جارێ زەمان زۆری ماوە، یانی ئەوانی بەتەمانە ئەو مەسەلەیە زوو كۆتایی بێت خەمیان نەبێت!"، هاوكات بەپێكەنینەوە گوتیشی "ئێستا برا گەورەكەی مام دە ساڵ لەو گەورەترە هەر زۆر تەندروستی باشە، مامێكی هەیە ڕەنگە زۆر لەو گەورەتر بێت لەنەوەت ساڵی دایە و ئێستا بەبێ عەینەك دەخوێنێتەوە، لەبەر ئەوە جارێ تەندروستی ماویەتی".
بۆ خۆی ماوەیەكە دانیشتووە و جگە لەسەنتەرەكەی، هیچ پۆستێكی حزبی و حكومی نییە، لەوەڵامی ئەوەش گوتی "من لەگەڵ ئەوەی ئیشی حزبی و ئیشی جوتیاری و مامۆستاییم كردووەو پۆستی مەعقولیشم وەرگرتووە لەحكومەت، بەڵام دڵێكم لای خوێندن و ڕۆشنبیری بووە لەماڵەوە، ئێستا كتێبخانەیەكی باشم هەیە، خەریكبووم لەگەڵ خوێندەواریدا"، دەشڵێت "كاتێك كە پۆستی حكومیم هەبوو، هەستمكرد بۆشاییەك هەیە، بۆشاییەكەش ئەوەیە كە شاری كۆیە لەڕووی دیراسەت و مێژوو و ڕابردوو و شاعیر و ئەدەب و هونەری گرنگی پێ نەدراوە، بۆیە كاتێك خانەنشین بووم هەوڵمدا ئەو سەنتەرە بكەمەوە".
لەكۆتایی قسەكانیشدا (شێخ سەڵاح شێخ شەرەف) بەرپرسی سەنتەری لێكۆڵینەوە و بەخشی كۆیە، دەڵێ، دەمەوێت یەك قسە لەرێگای سڤیل بكەم، دەڵێت "داوا دەكەم لەحكومەتی كوردستان هەر كەسێك سەرۆكی حكومەت یان وەزیرەكان، كۆیە شارێكی دێرینی كوردایەتییە و لەسەر كوردایەتی زۆر دواخراوە، چاویان لێی بێت و توراسێكی رۆشنبیری گەورەی لایە، ئەگەر هاوكارمان بن دەبینە بەشێك لەو شارانەی كە كوردستانی پێ دەبوژێنینەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com