خۆهەڵواسین و خۆكوشتنی بە چەك لای ژنان زیادی كردووە  

 

 

سڤیل:

بەپێی ئامارەكانی بەرێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، لەساڵی رابردوو لەكۆی ئەو ئافرەتانەی خۆیان كوشتووە، رێژەی %33ی خۆی بەچەك كوشتووە و بەرێژەی %67 بەشێوازی خۆخنكاندن، كۆتاییان بەژیانیان هێناوە.
رۆژی 30/1/2012 لەگەڕەكی كورانی شاری هەولێر، ژنێكی تەمەن 26 ساڵ، لەنێو ماڵەكەی خۆیدا، لەنهۆمی سەرەوەی خانووەكەیان بەپەتێك خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو ژنە بەهۆی كێشە و گرفتی بەردەوامی لەگەڵ هاوسەرەكەی، كۆتایی بەژیانی هێناوەو راستەوخۆ لەدوای كارەساتەكەش، بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەك لەنێوان ماڵی باوكی ئافرەتەكە و هاوسەری ژنەكە دروست نەبێت، پۆلیس تەواوی خانەوادەی پیاوەكەی دەسگیركرد و گواستنیانەوە بۆ زیندان. ئەو ژنە كە خاوەنی دوو منداڵە، تەنها دوو ساڵە شووی كردووە.
ماوەیەكە خۆكوشتنی ژنان بەچەك و خۆهەڵواسین بۆتە دیاردەیەك و دووبارە دەبێـتەوە، بەرپرسی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی كوشتن، عەقید جەمیل سورچی هۆكاری دووبارەبوونەوە و زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن و خۆهەڵواسین لای ئافرەتان، دەگەڕێنێتەوە بۆ لاساییكردنەوەی یەكتری لەلای ئافرەتان. بەرپرسی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی كوشتن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە بەشێكی زۆری ئەو حاڵەتانەی ئەوان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن، جۆری خۆكوشتنەكان لەئێستادا بریتین لەچەك و خۆهەڵواسین، دەشڵێت "هۆكاری پەنابردن بۆ چەك و خۆهەڵواسین بۆ زوو بەئەنجام گەیاندنی كردارەكە دەگەڕێتەوە".
جەمیل سورچی هۆكاری بەردەوامبوونی ئەو حاڵەتانە بۆ توندوتیژی خێزانی و باری كۆمەڵایەتی و لاساییكردنەوە دەگەڕێنێتەوە، بەنیگەرانیشەوە دەڵێت "راگەیاندن و فیلمە دۆبڵاژەكان، رۆڵی نەرێنیان هەیە، لەهۆكاری دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە".
ئەو بەرپرسەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی كوشتن، بەپێویستیشی دەزانێت كە بەرنامەی رۆشنبیری و هۆشیارییەكان لەدەزگاكانی راگەیاندن، زیاتر بكرێت و فلتەریش هەبێـت بۆ پەخشكردنی دراما دۆبڵاژەكان.
ناز حەسەن وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی دەڵێت "ئەگەر بەوردی سەیری جۆری كوشتنەكانی ئەم چەند مانگەی رابردوو بكەین، دەبینین زۆربەی خۆهەڵواسین و خۆكوشتنە بەچەك، كە ئەمە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە بەبەراورد بەساڵانی رابردوو كە زیاتر خۆسوتان بوو نەوەك خۆكوشتن بەچەك یان خۆهەڵواسین".
ناز حەسەن بەگرنگیشی دەزانێت، كە هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار لەشێواز و جۆر و حاڵەتەكانی خۆكوشتن لای ژنان وردببنەوە، نەوەك دەزگا و رێكخراوەكان كاروچالاكییان هەر بڵاوكردنەوەی ئامار بێت، دەڵێت "بڵاوكردنەوەی ئامار بەتەنیا حاڵەتەكان كەم ناكاتەوە".
هەر لەكۆتا مانگی ساڵی 2011، لەشاری هەولێر چوار حاڵەتی خوكوشتن هەبووە، كە یەكێكیان رەگەزی نێر و سیانەكەی تریش ڕەگەزی مێ بوون، یەكێك لەوان كچە قوتابییەك بووە بەدەمانچە خۆی كوشتوەو یەكێكی تریشیان ژنێكی ماڵ بووەو خۆی بە پەت هەڵواسیوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com