دوو كەس هاوڕێیەكی خۆیان بۆ پارە دەكوژن  
 

سڤیل: دهۆك

لە 14/3/2008 دوو كەس هاوڕێیەكی خۆیان لەموسڵ دەكوژن و لەدادگای تاوانەكان دهۆكیش كە پێشتر یەكێ لەدوو تاوانبارەكە بەزیندانی كردنی هەتاهەتایی حوكم دراو، لەم هەفتەیەشدا تاوانباری دووەم بەزیندانیكردنی بۆ ماوەی 15 ساڵ حوكم درا.
هەرسێ هاوڕێیەكە، كوژراوو دوو تاوانبارەكە، خەڵكی قەزای بەردەڕەش و چڕە بوون، پاشئەوەی هاوڕێكەیان دەكوژن، تەرمەكەی لەسەر شەقام فڕێ دەدەن، دواتر سەیارەكەی ئاگر تێبەردەدەن و جلوبەرگەكەشی لەناو تەندوور دەسوتێنن.
عەبدولجەلیلی كوژراوی تەمەن 29 ساڵ، دوای ئەوەی لەلایەن یەكێ لەهاوڕێكانی لەموسڵ بانگ دەكرێتە ماڵەوە، خاوەن ماڵ و كەسێكی دیكە كە ئەویش هەر هاوڕێی كوژراو بووە، لەناو ماڵەكە عەبدولجەلیل دەكوژن و شتومەكەكانی لەناو تەندوور دەسوتێنن و تەرمەكەشی دەخەنە ناو سەیارەیەك و لەسەر شەقام فڕێی دەدەن، ئەمە دوای ئەوەی سەیارەكەی دەسوتێنن و لەشوێنێكی دوور فڕێی دەدەن.
لەرۆژی دادگایكردنەكە لەدادگای تاوانەكانی دهۆك، یەكێك لەبرایەكانی كوژراو بەناوی (عەلی) لەبەردەم دادوەردا گوتی "من ئەو تاوانبارە ناناسم، بەڵام ئەوەندە دەزانم كە یەكێ لەهاوڕێیەكانی برامەو ئەویش دەستی هەبووە لەو كوشتنەدا"، هەر لەدرێژەی قسەكانیدا عەلی لەبەردەم دادگادا گوتی "عەبدولجەلیلی برام لەموسڵ پێشــــــمەرگە بوو، ئەو رۆژەی كە كوشتیان، كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ تەلەفۆنی كردو گوتی، دوای ماوەیەكی كەم دێمەوەو دەگەمە لاتان، پاشئەوە نەگەڕایەوەو تەلەفۆنەكەشی قوفلدرا، كە شەو داهات بەناچاری و دڵێكی پڕ لەغەم روومان كردە موسڵ، دەشمانزانی لەماڵی ئەو هاوڕێیەتی كە ئێستا لەناو قەفەسی تاوان دایەو لەبەر دەممان وەستاوە".
برای كوژراوەكە ئەوەشی گوت كە "دوای ئەوەی تاوانبار گوتی من خەبەری نازانم، ئێمەش خەبەری ئاسایش و پۆلیسمان كردەوەو هاتن تاوانباریان دەسگیركرد، وەكو یەكێ لەئەفسەرەكانیش بۆ ئێمەی گێڕایەوە، دوای ئەوەی بەپێشە خۆیانی دەدەن، ئەو شەوە لەڕێگادا تاوانبار زەنگێكی بۆ دێت و ئەویش خێرا دەست بۆ مۆبایلەكەی دەبات و بەكەسێك دەڵێت، من گیرام و تۆ هیچ شتێك نەدركێنی، دواتر ئەم تاوانبارە هەر ئەو شەوە لەبەردەم پۆلیس دانبە هەموو شتێك دادەنێت".
دواتر لەدەرەوەی دادگا (عەلی) تایبەت بە (سڤیل) ئاشكرای كرد كە هۆكاری سەرەكی كوشتنی براكەی لەلایەن ئەو دوو هاوڕێیەی بۆ تەماعی پارەو دزینی سەیارەو دەمانچەكەی بووە، گوتیشی "پاشئەوەی كە عەبدولجەلیلی برام دەكوژن، هەر ئەو شەوە سەیارەكەی دەبەن، بەڵام دواتر سەیارەكەیان لێ دەكەوێتە كەندێك و ناشتوانن دەری بهێنن، بۆیە بەناچاری لەنزیك گوندێك بەنزین بەسەیارەكە دادەكەن و ئاگری تێبەردەدەن".
هەر لەناو دادگاش، دوای ئەوەی تاوانباریان لەناو قەفەسێك هێنایە بەرامبەر دادوەر، تاوانبار دانی بە تاوانەكەی دانا كە ئەویش بەشداربووە لەكوشتنی عەبدولجەلیل، بەڵام هەموو تاوانەكەی خستە ئەستۆی هاوڕێكەی دیكەی كە لەگەڵی هاوكاربووە لەكوشتنەكەدا و لەبەرامبەر دادوەردا گوتی "لەرۆژی 14/3/2008 عەبدولجەلیل تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی، حەزدەكەم ئەمڕۆ بەیەكەوە دەربچین و پیاسەیەك بكەین، ئەوەبوو ماوەیەك چووینە لای شەلالەكانی موسڵ و لەوێ ماینەوە، هەر لەو شوێنەش هاوڕێیەكی دیكەی هەردووكمان بەناوی (ا) ئێمەی لەوێ بەیەكەوە بینی، بۆیە پاشئەوەی لەگەڵ عەبدولجەلیل گەڕاینەوە ماڵ، هاوڕێكەم هات و بەیەكەوە عەبدولجەلیلمان كوشت، من ئەودەمە زۆر ترسام، بەڵام هاوڕێكەم بەبێئەوەی هەست بەهیچ ترسێك بكات، تەرمی عەبدولجەلیلی خستەژێر تەختەیەكەوە"، تاوانبارەكەی ناو قەفەس درێژەی بەقسەكانی داو گوتی "پاشئەوەی شەو داهات، سەیارەكەمان بردە شوێنێك و سووتاندمان، جلوبەرگەكەیشمان هەر لەناو ماڵەكە خستە تەندوورەوەو سووتاندمان، دواتر تەرمەكەمان هاوێشتە سندووقی سەیارەو بردمان لەسەر شەقام فڕێمانداو پاشی گەڕاینەوە ماڵ، بەڵام بەماوەیەكی زۆركەم دوای ئەوە هەردووكمان دەسگیركراین".
ئەو تاوانبارە كە دوای قسەكانی، لەدادگای تاوانەكانی دهۆك بە 15 ساڵ حوكم درا، نكۆڵی دەكرد لەوەی كە ئەو بەئەنقەست عەبدولجەلیلی كوشتبێت، بەڵكو هەموو تاوانەكەی دەخستە ئەستۆی ئەو هاوڕێیەی كە بەرلەو لەدادگای تاوانەكانی دهۆك بەزیندانیكردنی هەتاهەتایی حوكم درابوو، لەوەڵامی قسەكانی تاوانباری دووەمیش، تاوانباری یەكەم (ا) كە ئەویش وەكو شاهێدێك لەزیندان هێنرابوو بۆ شایەدی دان لەسەر هاوڕێیەكەی، لەدادگای تاوانەكانی دهۆك، گوتی "من كە چوومە ماڵی ئەو هاوڕێیەم لەموسڵ دەمزانی عەبدولجەلیل لەوێیە، كە لەدەرگامدا ئەو هاوڕێیەم هات دەرگاكەی كردەوەو عەبدولجەلیل بەتەنها لەژوورەكە مایەوە، پاش بینینی من، ئەو هاوڕێیەم دەمانچەكەی دەرهێناو چوو عەبدولجەلیلی لەژوورەوە بەبەر گوللە داو كوشتی".
بەپێی راپۆرتی پزیشكی كە لەناو دادگادا خوێنرایەوە، عەبدولجەلیل بەهۆی پێكرانی بە هەشت گوللە گیانی لەدەستداوە. پاشئەوەی راپۆرتی پزیشكی دادی خوێنرایەوەو گوێ لەقسەی تاوانبارو شایەدەكان گیرا، دادگای تاوانەكان لەدهۆك بەپێی ماددەی 408 لەیاسای سزاكان، بەهۆی بچووكی تەمەنی تاوانبار (21 ساڵ) حوكمی 15 ساڵ زیندانیكردنی بۆ تاوانبار دانا.
جێگەی ئاماژە پێكردنە كەوا تاوانباری سەرەكی كە پێشووتر دەسگیركرابوو، ئەو بەزیندانیكردنی هەتاهەتایی لەدادگای تاوانەكانی دهۆك حوكم درابوو.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com