چوار كەس بۆ مــــاوەی سێ رۆژ كەسێـــــــــك دەڕفێــنن  
 

سڤیل: دهۆك

پیاوێكی بازرگانی دانیشتووی شارۆچكەی قەسرۆك، لەپارێزگای دهۆك لەسەر پردی شۆڕش دەڕفێنرێت بۆ شوێنێكی نادیار دەگوازرێتەوە، دواتر لەدوای سێ رۆژ زیندانیكردنی لەخانووێكی قوڕ، لەگوندی باجلور ئازاد دەكرێت.
ئەو پیاوە، پاشئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەدەست كەلەپچەكراوی، بەبێ خواردن و خواردنەوە لەخانووێكی قوڕ زیندانی دەكرێت و هەموو پارەكەی گیرفانی دەردەهێنرێت، لەرۆژی سێیەم دوای لێدان و كوتانێكی زۆر لەسەر گردێك لەنزیك گوندی باجلور دەخرێتە خوارەوە.
ئەحمەد حوسێن، لەدایكبووی 1973 شارۆچكەی قەسرۆك، ماوەیەكی زۆرە بەكاری ئازادەوە خەریكەو چیرۆكی گیرانەكەی تایبەت بە (سڤیل) ئاوا گێڕایەوە، "رۆژی دووشەممە 14/12/2009 لەقەسرۆك هاتمە دهۆك، چونكە رۆژی پێشووتر (حەفارە) یەكم لەموسڵ بە45 هەزار دۆلار كڕیبوو، بەنیازبووم بچمەوە موسڵ پارەكەی بدەم و دواتریش بەئیشێكی دیكە بڕۆمە بەغدا، من ئاوام دانابوو كە ئەو رۆژە لەدهۆك بمێنمەوەو رۆژی دواتر بەڕێبكەوم، بۆیە لەرۆژی دیاریكراو لەكاتژمێر سێ و نیوی ئێوارە، لەسەر پردی شۆڕش كە دەكەوێتە نزیك شەقامی پزیشكان، سەیارەیەكی تاكسی كوردستان كە چوار كەسی تێدابوو، لەبەردەمم وەستاو یەكێكیان پرسی تۆ ئەحمەدی؟ منیش گوتم: بەڵێ. گوتی: سواربە هەتا بەڕێوەبەرایەتی دەچین و هەندێك كارمان پێتە. گوتم، كام بەڕێوەبەرایەتی؟ گوتی، سواربەو دواتر دەزانی".
پاشئەوەی لەگەڵیان سواری سەیارەكە دەبێت، داوای لێدەكەن كە هەردوو دەستی لەدواوە كەلەپچە بكەن و پێشیڕادەگەیەنن كەوا ئەوە یاسایەو نابێت هیچی لەبەردڵ هەبێت، چونكە یاسا بۆ هەمووان وەكو یەكە، دواتر كیسەیەكی لەسەر دەكەن و دوای ئەوە هیچی لێ دیار نامێنێت. سەیارەكە بەخێراییەكی زۆر و بۆ ماوەی نزیكەی 45 خولەك دەڕوات، هەموو جارێكیش كە لێیان دەپرسێت، چبوو نەگەیشتین، خۆ دهۆك هێندە گەورە نییە تا چوونە بەڕێوەبەرایەتی هێندە كاتەی بوێت؟ لەوەڵامیدا هەموو جارێك بێدەنگ كراوەو داوایان لێیكردووە، هیچ قسەیەك نەكات تاوەكو دەگەنە بەڕێوەبەرایەتی. كاتێك رێگەی قیرتاو نامێنێت و لەدهۆك دەچنە دەرەوە، سەیارەكە لا دەداتە سەر رێگای خۆڵ و (ئەحمەد حوسێن) تەواوكەری بەسەرهاتەكەی بەردەوامی پێدەداو دەڵێت "كە لامان دایە سەر رێگای خۆڵ، نازانم شوێنەكە كوێ بوو؟ بەڵام سەیارەكەیان راگرت و منیان خستە سندووقەوە، ئەوان هەر لەوێ وەستابوون و سەیارەیەكی دیكەش هات و ئەوانیش دابەزین. گوێم لێبوو، یەكێ لەوان بەو چوار كەسەی كە منیان گرتبوو، گوت: ئێوە كارەكەی خۆتان جێبەجێ كرد، پاشان پرسی، پارەكەتان لێیوەرگرتووە یا نا؟ یەكێ لەچوار كەسەكە وەڵامی كابرای دایەوەو گوتی: نەخێر، پارەكەی هەر لەگیرفان دایە. دوای ئەوە سندووقەكەیان كردەوەو پارەكەم كە 50 هەزارو 800 دۆلاربوو لەگەڵ 250 هەزار دیناری ئێراقی، لەگیرفان دەرهێنام و هەر ئەو كەسەی یەكەمیش بەیەكێ لەچوار كەسەكەی گوت: بیبەن و تەسلیمی فڵانی بكەن. منیش كیسەم لەسەرەو هەردوو دەستیشم لەدواوە كەلەپچەكراوەو ئاگام لەهیچ نییە".
لەدوای ئەوەی پارەكەی لەگیرفانی دەردەهێنن و سەیارەكەی دیكە دەڕوات، دووبارە ئەحمەد دەخەنەوە سندووقی سەیارەكەو پاشماوەیەك لەرۆیشتنی سەیارەكە، دەیهێننە خوارەوەو لەبەر بارانێكی بەخوڕو بەو سەرمایە بۆ ماوەی سێ كاتژمێر رایدەگرن و چوار كەسەكەش هەر لەناو سەیارەكە دەمێننەوە، دواتر دەیگوێزنەوە بۆ خانووێكی قوڕو بۆ ماوەی سێ شەوو رۆژ بەبێ خواردن و خواردنەوەو لەبەر دلۆپەی باران، دەیهێڵنەوە. بەیانییەكەی رۆژی پێنج شەممەی 17/12 لەو خانووە دەیهێننە دەرەوەو دەیبەنە سەر گردێك لەنزیك گوندی باجلور، دوای بەبەر شەقدان و تێهەڵدانێكی زۆر لەهۆش خۆی دەچێت و لەسەر گردەكە فڕێی دەدەنە خوارەوە. ئەحمەد حوسێن، دەگێڕێتەوەو دەڵێت "دوای ئەوەی بەهۆش خۆم هاتمەوە، رامكردە سەرجادەو نزیكەی سیی سەیارە، بەتەنیشتم دادەهات، بەڵام هیچ كامێكیان كە دەیبینی كەلەپچەم لەدەستدایە، نەیدەوێرا بۆمی رابگرێت، بەناچاری چوومە ناوەڕاستی جادەكەو بەزۆری سەیارەیەكم راگرت. پێمگوت: دەزانم، ناوێریت سواری سەیارەكەتم بكەی؟ بەڵام ئەوەندە مەردایەتیەم بۆ بكە كە گەیشتیە دهۆك، پۆلیسم بۆ ئاگادار بكەوە تاكو بێن و بمبەن لەگەڵ خۆیاندا، پاشئەوە شۆفێرەكە خەبەری پۆلیسی دابوو، هاتن منیان بردوو راستەوخۆش رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆك كرام، كە تائێستاش بەهۆی سوڕانی پشتمەوە ئازارم هەیە". ئەحمەد حوسێن، ئەوەشی ئاشكراكرد كە دوای رووداوەكە لەئاسایشی دهۆك ئیفادەی لێوەرگیراوەو چەند كەسێكیش كە ئەو گومانی لەسەریان هەیە لەلایەن ئاسایشەوە دەسگیركراون. ئەوەشی گوت، كە ئەو رووداوەی بەسەر ئەودا هاتووە شتێكی كەم نییەو داواشی كرد ئەو پارەیەی كە لێیسەنراوە بەماوەیەكی كەم بۆی بدۆزنەوەو تاوانبارانیش سزای تاوانەكەی خۆیان وەربگرن.
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆك، كێشەكەی ئەحمەد حوسێنی پشتڕاست كردەوە، بەڵام تا كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەكان، ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێك بدات.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com