پیاوێك داوای سێكس لەخەسووەكەی دەكات  
 

سڤیل: هەولێر

ئەو ژنە تەمەن 26 ساڵییە كە خاوەنی چوار منداڵە، بەتۆمەتی خیانەتی زەوجی خرابووە زیندانەوە، بەڵام ئەو هەموو قسەكانی مێردەكەی رەتدەكاتەوەو هۆكاری تۆمەتەكانی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە كە نەیهێشتووە پیاوەكەی ژنی لەشفرۆش بهێنێتە ماڵەوەو بیكا بە "مەلها"، لەوەش زیاتر باس لەوە دەكات كە پیاوەكەی حەزی لە دایكی كردووەو داوای سێكسی لێكردووە، كە بەبۆچوونی توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، داواكردنی سێكس لەكەسانی (مەحرەم) دوا ئاستی ئازادی و پێشێلكردنی یاساكانی پیرۆزییە.
لەبەر ئەوەی لەدایكێكی عەرەب و باوكێكی كورد لەدایك بووەو هەموو ژیانیشی لەكەركوك بەسەر بردووە، جگە لەو سێ مانگەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هاتوونەتە هەولێر، بەزمانێكی عەرەبی تێكەڵاو لەوشەی كوردی قسەی دەكرد. لەدایكبووی 1982ەو لەساڵی 2001 ژیانی هاوسەری لەگەڵ یەكێ لەهاوڕێكانی باوكی دروستكردووە، لەبارەی شووكردنەكەی ئەو دەڵێت "من ئەو كاتە لەپۆلی سێی ناوەندی دەمخوێندو پیاوەكەشم بەنزیكەی پانزە ساڵ لەخۆم گەورەترە، بۆیە نەخۆم و نەبراكانیشم بەو شووكردنە رازی نەبووین، بەڵام باوكم بەفەرمان پێمیگوت، یا دەبێت شووی پێبكەم یا تاماوم نابێت شووبكەم، براكانیشم زۆریان لەگەڵ باوكم هەوڵداو گوتیان: چۆن تۆ كچ دەدەیت بەپیاوێك كە پێشووتر دوو ژنی دیكەی تەڵاق دابێت؟ بەڵام باوكم گوێی بەكەسمان نەدا".
ستار باقی، توێژەری كۆمەڵایەتی، لەسەر شێوازی شووكردنەكەی ئەو ژنە دەڵێت "بەدەگمەن رێكدەكەوێ كە شووكردن یا ژنهێنان بەبێ رەزامەندی لایەنێك لەلایەنەكان دوارۆژێكی باش و خۆشگوزەرانی لێبكەوێتەوە، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكان واباوە لەكۆمەڵگەی كوردەواری كە پرسیار لەپێشینەی مێژووی خانەوادەكە دەكرێت، ئینجا رەزامەندی نیشان دەدرێت، كە ئەوەشیان لەشووكردنەكەی ئەم ژنە نەبووە، بۆیە ئەم ژنە هەرخۆی بڕیاردەرو سەلمێنەری بڕیارەكەی باوكی بووە، چونكە لەسەر بنەمای رەوشتی باوكی شووی بەم پیاوە كردووە".
ئەو ژنە تا ئەو كاتەی كە ماڵیان لەگەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك بووە، بەهۆی نزیكی لەماڵی باوكی ژیانی خۆشبووە، بەڵام كاتێك بەر لەسێ مانگ دەگوێزنەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دەوروبەری هەولێر، بەتەواوی دەكەوێتە ژێر فەرمانەكانی پیاوەكەی، ئەو دەڵێت "من ماڵ و منداڵەكەی خۆم زۆر خۆشدەویست، هەموو جار دەستی پیاوەكەشم ماچ دەكرد، بەڵام پیاوەكەم جگە لەوەی بەردەوام دەخواتەوەو سەرخۆشە، لەدوای هاتنمان بۆ هەولێر، هەموو چوارشەممەیەك دەچووە كەركوك و پێنج شەمموان لەگەڵ دوو ژنی جوان و دوو پیاو دەگەڕایەوەو بۆ شەوەكەی خۆی و دوو پیاوەكە لەگەڵ ژنەكان دەخەوتن، منیش بەردەوام هەڕەشەم لێدەكرد كە ئەگەر واز نەهێنێت شكاتی لێدەكەم، بەڵام ئەو پێی سەیربوو، هەموو جارێك دەیگوت، تۆ بۆ پێت ناخۆشە؟ تۆ بچووكی من حەزدەكەم لەگەڵ ژنی بەتەمەن بخەوم، لەسەر ئەو قسەیەشم جیران و ماڵی خۆشمان شایەدیم بۆ دەدەن كە پیاوەكەم ئەخلاقی تەواونەبوو، چونكە بەو دواییە هەمووان دەیانزانی"، ئەو ژنە تەنانەت باس لەوەش دەكات كە پیاوەكەی بەچاوی جنسی سەیری دایكیشی كردووەو دەڵێت "پیاوەكەم حەزی لەدایكیشم كردبوو، جارێكیان داوای لەدایكم كردبوو شەو لەگەڵی بخەوێت بەو مەرجە بۆ من باش دەبێت، لەبەر چاوی من دایكم ئەو قسەی لەلای باوكم گێڕایەوەو گوتی، باوكی.. ئەو پیاوە زۆر چاوحیزە، بۆ ژنی خەڵك قەینا، بەڵام من وەكو دایكی ئەوم، باوكم بەوە پاساوی دەهێنایەوە كە سەرخۆشەو ئاگای لەخۆی نەبووە، دایكم گوتی، نەوەڵا من تەجرووبەم كردووە، چ سەرخۆشیش نەبووە، بەڵام هەر بەخۆی ئەخلاقی حیزە، دایكم ویستی لەسەر ئەو شتە شكاتی لێبكات، بەڵام دواتر لەبەر من وازی هێناو گوتی، ئەو دەچێتە زیندان و منداڵەكانی تۆ بێكەس دەمێننەوە".
لەسەر داوا جنسیەكەی ئەو زاوایە بۆ خەسووەكەی، (ستار باقی) توێژەری كۆمەڵایەتی، دەڵێت "دەسبردن بۆ پیرۆزییەكان و شكاندنی قودسیەتیان بەیەكێك لەتاوانە یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئاینییەكان دەزانرێت، كێشەی ئەو ژنەش لەیەك كاتدا دوو خاڵی زۆر زەق لەخۆ دەگرێت، یەكێكیان داواكردنی كاری سێكسیە لەدایكی خێزان (خەسوو) لەلایەن زاواكەی، ئەوی دیكەش بوختان هەڵبەستنە بۆ ژن (خێزان) لەلای مێردەكەی، واتا دایكەو كچە خاڵێكی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە، بەڵام بۆچی ئەم دووانە دەستپێشخەریان نەكردووە لەتۆماركردنی داوای یاسایی و كارەكەیان بەنهێنی هێشتۆتەوە؟! هەڵبەت ئەمەش گومان دەخاتە سەر دایكەو كچەكەی". ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتیە گوتیشی "بەتایبەتی لەدوای ئەوەی دایكی كچەكە شكات لەزاواكەی دەكات لەلای مێردەكەی كە قسەیەكی ئاوای پێگوتوە، باوكی كچەش بەوە پاساوی بۆ (هاوڕێ) زاواكەی هێناوەتەوە كە گوایە سەرخۆش بووە، ئەگەر ئەو قسەیە راست بێت، مانای وایە باوكی كچە ئاگادارە لەوەی كە زاواكەیان دەخواتەوەو كاری لەمجۆرەش دەكات، بۆیە بەشتێكی ئاسایی وەرگرتووە، چونكە بەزاندنی سنووری پیرۆزیەكان بەهەموو كەسانێكەوە گرێ نادرێت، بەتایبەت ئەو كەسانەی پابەندی خورەوشتی ئاینی و كۆمەڵایەتی نین، چونكە دیارە كە داواكردنی سێكس لەكەسانی (مەحرەم) دوا ئاستی ئازادی و پێشلكردنی یاساكانی پیرۆزییە".
ئەو ژنە لەبارەی گیرانەكەی دەڵێت "پیاوەكەم كە زانی من بەو وەزعەی ئەو رازی نیمەو شكاتی لێدەكەم، ئەو دەسپێشخەری كردو بەتۆمەتی خیانەی زەوجی منی دایە دادگا، رۆژی دادگایەكەش قازی پێیگوت، تۆ سوێند بەقورئان دەخۆیت كە ژنەكەت ئەو كارەی كردووە؟ گوتی نەخێر من سوێند ناخۆم. منیش گوتم، من سوێند دەخۆم كە ئەو كارەم نەكردووەو پیاوەكەم خۆی ئەو كارانە دەكات. قازییەكە بەمنی گوت، تۆ ژنێكی فەقیری، بەپیاوەكەشمی گوت، تۆ رووت زۆر قایمە"، ئەو ژنە ئێستا لەزیندان تەوقیف كراوەو وەك ئەو گوتی "پیاوەكەم خۆی تەنازولی كردووە لەقسەكانی ویستی كەفالەتم بكات، بەڵام دایكم گوتی، نابێت بەكەفالەتی ئەو بەربیت، چونكە دەتباتەوە ماڵەوەو لێت دەدات، بۆیە گەر ئەوڕۆ بەربووم، راستەوخۆ دەچمەوە بۆ كەركوك و چیتر لەلای پیاوێك دانانیشم كە ژنی بەڕەلای لەمن خۆشتر بووێت".
توێژەری كۆمەڵایەتی (ستار باقی) بۆ تۆمەتباركردنی ژنەكەش لەلایەن پیاوەكەی، گوتی "تۆمەت هەڵبەستن دەبێت پشت بەسەلماندن ببەستێ، ئەگینا چۆن دەسەلمێنرێت كە ئەو ژنە خیانەی زەوجی كردووە؟ بۆیە ئەگەر پیاوەكە هەر بەردەوام بێت لەهێنانی ژنانی بێگانەو بەكرێ دانیان بۆ كاری سێكسی، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە سەرتاپای ئەو قسانە تۆمەتن و دوورن لەراستییەوە"، بەڵام ئەگەر بەدیوێكی دیكە سەیری ئەو مەسەلەیە بكرێت و وەكو ئەو توێژەرە دەڵێت "ئەو ژنە لەیەك كاتدا دوو كاری خراپی لەمێردەكەی بینیوە، یەكێكیان هێنان و بەكرێدانی ژنانی بێگانە، ئەوەی دیكەش داواكردنی سێكس لەدایكی، واتا لەهەردوو حاڵەت مێردەكەی خیانەتی لێی كردووە، بۆیە دەشێت ژنەكەش بەكاری تۆڵەسەندنەوە هەڵسابێت و پیاوەكەی راستی گوتبێت كە (خیانەی زەوجی) لێكراوە، لەهەمان كاتدا دەشێ ئەو قسەیە درۆبێت و تەنها بۆ ملكەچكردنی ژنەكەی ئاوای گوتبێت، چونكە كەسێكی لەمجۆرە لەرووی بونیادی ئەخلاقییەوە داڕماوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com