|
سڤیل:
هەولێر
ئەوان بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەكی
كۆمەڵایەتی بۆ خۆیان بەپیر كێشەكانەوە ناچن و
دەبێت كێشەكان خۆیان بهێنرێنە بارەگای
رێكخراوەكە، بەلای كێشەی خۆشەویستی و
گرفتەكانی نێوان كچان و كوڕانەوەش ناچن، چونكە
ناكەوێتە چوارچێوەی خێزان و پەیوەندیی
بەوانەوە نییە.
ئەو رێكخراوە (شادی) كۆمەڵایەتییە سەربەخۆیە،
كە بەجیا لەرێكخراوەكانی دیكە، ئەركی "پاراستن
و رێكخستنی خێزانی كوردی" گرتۆتە ئەستۆ، لە
5/9/2006 دامەزراوە و لە 1/1/2007 دەستی
بەكارەكانی كردووە و "تائێستا 15 كێشەی
كۆمەڵایەتی چارەسەر كردووە و 60 كۆڕ و سیمینار
و وۆرك شۆپی لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان"
ئەنجام داوە. ستافە 9 كەسییەكەی رێكخراوەكە
لەكەسانی كۆمەڵناس و دەروونناس و پارێزەر
پێكهاتوون و لەهەندێ كێشەی قورسیشدا پەنا بۆ
كەسانی دیكەی شارەزای دەبەن، وەكو (مەلا
بەشیر)ـی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (جەلیل
خەیات) و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان. بەوتەی
سەرۆكی رێكخراوەكەش، زۆر كێشەی كۆمەڵایەتی
هەبووە، ماوەیەكی زۆر پێیەوە خەریك بوونە و
دواتر چارەسەریش نەكراوە، هەندێ كێشەش
چارەسەركراوە و چەند جارێكی دیكەش
سەریهەڵداوەتەوە و بەساڵ و چەند مانگێك پێیەوە
خەریك بوونە، هەروەك گوتیشی "كێشەی وا هەبووە
لەسەری كەوتوینەتە خەتەریات".
لەسەر یەكێ لەو كێشە ئاڵۆزانەی كە ماوەیەكی
زۆر پێیەوە خەریك بوونە و دواتر توانیویانە
چارەسەری بكەن، (رێدار جاف)ـی سەرۆكی رێكخراوی
شادی بۆ پاراستن و رێكخستنی خێزان، كێشەی كچ و
كوڕێكی هەرزەكاری بەنموونە هێنایەوە، كە
لەتەمەنێكی زۆر بچووك ژیانی هاوسەریان
بەیەكەوە نابوو، لەدوای چەند جارێك
لەچارەسەركردن و سەرهەڵدانەوەی بەساڵێك و چەند
مانگێك كێشەكەیان چارەسەركردوون و تائێستاش
سەریهەڵنەداوەتەوە. رێدار جاف كێشەی زوو
شوكردن و ژنهێنان بەیەكێ لەگرفتە خێزانییەكانی
خانەوادە هەژارەكان دادەنێت و دەڵێت "ئەو كوڕە
لەتەمەنێكی زۆر بچووك ژنیان بۆی هێنابوو، هیچ
هەستی بەبەرپرسیارێتی نەدەكرد، كە ئەوە
خێزانێتی و پێویستە بەخێوی بكات، ئەسڵەن شعوری
ئەو شتانەی نەبوو، ئیشێكی ئاواشی نەبوو، باوكی
كوڕەكە رۆژانە بەدوو هەزار و سێ هەزار دەیدایە
ژنەكە و یا ئەگەر مەكسیەكی بویستبا ئەو بۆی
دەكرد، كوڕەكە بەردەوام بیری لەسەر ئەوەبوو
كەی باوكی سەیارەیەكی بۆ دەكڕێت، ئێمە
ئامۆژگاریمان دەكرد، ئەو گلەیی لەباوكی دەكرد،
بەناچاری باوكی سەیارەیەكی بۆ كڕی، ئەوجارە
لەگەڵ برادەران دەچووە شەقڵاوە و ئەولاو ئەملا
و كاتژمێر 1ـی شەو دەهاتەوە و وەكو ئەوەی هەر
هاوسەریشی نەبێت، پاش ماندووبوونێكی زۆری ئێمە
و باوكی كچەكە، كوڕەكە ئێستا ماڵی خۆی كردووە
و تائێستاش كێشەكەیان سەری هەڵنەداوەتەوە".
سەرۆكی رێكخراوەكە ئەوەشی گوت كە "دواتر بۆمان
ئاشكرابوو كە بەشێكی زۆری ئەو كێشەیە،
هۆكارەكەی دایكی كوڕەكە بوو، كە هەمیشە بەگوێی
كوڕەكەی دادەچرپاند، ئەو ژنە نەخوێندەوارە و
هیچ نییە و ژنێكی دیكەت بۆ دێنم، لەهەمان كات
كوڕەكەش خوێندەواری نەبوو، ئەوەش تێگەیشتین كە
ئافرەتەكە كەسێكی هێمن و دوورەكێشە و رێكوپێك
بوو، بەڵام دواتر كە كوڕەكە ماڵی خۆی كرد و
كاریگەری دایكی بەسەرییەوە نەما، هیچ
كێشەیەكیان نەما".
سەرۆكی ئەو رێكخراوە كۆمەڵایەتییە ئاماژە بەوە
دەكات، كە خێزانە خواپێداوەكانیش لەكێشەی
كۆمەڵایەتی دوورنین، هەڵوەستە لەسەر یەكێ لەو
كێشانە دەكات، كە لەرێكخراوەكەی ئەوان چارەسەر
كراوە و دەڵێت "كەسێك كێشەیەكی خۆی هێنایە لای
ئێمە، دەوڵەمەندێكی گەورە و خەیاڵی بوو،
پیاوەكە لەدوای ئەوەی ژن دێنێت، پاش 6 ساڵ
برای خێزانەكەی خوشكێكی ئەو دەهێنێت، واتا
لەبنەمادا ژنبەژن نەبوو، بەڵام بووە ژنبەژن،
دواتر نێوانی زاواكەی و خوشكەكەی تێكدەچێت و
باوكیشی دەیگوت، دەبێت تۆش خوشكەكەی ئەو
بنێریتەوە ماڵی باوكی، ئەویش دەیگوت: من
خێزانی خۆم خۆش دەوێت و حەزناكەم ماڵم تێكبچێت
و منداڵەكانم پەڕاگەندەببن، كێشەكە هی خوشكی
بوو بەخۆی تێی ئاڵابوو، ئەوەبوو ئەو كێشەش
دواتر چارەسەركرا". لەسەر كێشەی خێزانە
مامناوەندییەكانیش (رێدار جاف) گوتی "رۆژێك
یەكێ لەبرایەكانی ژنێك كە ماوەیەكی زۆربووە
شووی كردووە و هەموو هەفتەیەكیش بەسەردان
چۆتەوە ماڵی باوكی، دەڵێت: ئەو خوشكەم
ماوەیەكە دیار نییە؟ دەچێت سەردانی دەكات، كە
لەدەرگا دەدات، خوشكەكەی دەرگای لێدەكاتەوە،
كە چاوی پێیدەكەوێت هەستدەكات لوتی تەواو
نییە، ئەویش پرسیاری لێدەكات و خوشكەكەشی
مەسەلەكەی بۆ دەگێڕێتەوە و دەست دەكا بەگریان،
ئەویش دەڵێت، خۆت بگۆڕە و با بچینەوە ماڵ، لەو
كاتەش زاواكەی (مێردی خوشكەكەی) كە یەك
دووكەسی دیكەشی لەگەڵ دادەبێت، دەگەڕێتەوە
ماڵ، كە دەبینێت خێزانەكەی بەنیازە بڕوات،
لەبراكەشی دەدات و دوو پەنجەی ئەویش دەشكێنێت،
بەڵام پاشان براكەی، خوشكەكەی هەر دەباتەوە".
پاش ئەوەی برای ژنەكە دەچێت لەیەكێ لەبنكەكانی
پۆلیس شكات لەزاواكەی دەكات، یەكێ لەپۆلیسەكان
ئامۆژگاری پیاوەكە دەكات، كە بچێتە رێكخراوی
شادی و ئەوان دەتوانن بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی
یارمەتی بدەن، سەرۆكی ئەو رێكخراوە دەگێڕێتەوە
و دەڵێت "برای ژنەكە سەرەتا هەڕەشەی زۆری كرد،
كە خوشكەكەی ناداتەوە زاواكەی، بەڵام توانیمان
كە قەناعەتی پێبهێنین و ساردی بكەینەوە، لەو
لاوەش مێردی ژنەكە سوێندی بەتەڵاقی لەژنەكەی
خواردبوو كە ئەگەر لەگەڵ براكەی بڕوات،
نایەتەوە ئەو ماڵەی، بێگومان ئەویش رۆیشتبوو.
ئەوەشمان چارەسەر كرد، پەیوەندیمان بەمامۆستا
(مەلا بەشیر)ـەوە كرد كە هاوكارمانە، گوتی:
مادام سوێندی بەتەڵاق خواردووە كە نەیەتەوە
ئەو ماڵە (پیاوەكە لەگەڵ ماڵی باوكی دەژیا)
مەلا بەشیر گوتی، تەڵاقەكەی ناكەوێت، ئەگەر
ماڵی خۆی بۆ بكات و چیدیكە نەچێتەوە ماڵی
خەزووری. ئەوەبوو پیاوەكە ماڵی خۆی بۆ كرد و
بەرلەوەش لەنەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ لوتی
ژنەكەی كرد، چونكە لوتی شكابوو، گەر چارەسەر
نەكرابووایە لوتی خواردەبوو، پاش ئەوە بە 3
مانگ سەردانی ئەو ژن و مێردەمان كردەوە و
لەماڵی خۆیان دانیشتبوون و هیچ كێشەیەكیان
نەبوو".
هەر لەسەر ئەو كێشەیە، كە بەبۆچوونی سەرۆكی
رێكخراوی شادی، بەشێكی زۆر لەگرفتی خانەوادە
هەژارەكان، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و شەڕی
بووك و خەسوو و خانووی تایبەتە، ئەوەشی
ئاشكراكرد و گوتی "هەموو كێشەكە ئەوەبووە، كە
ژنەكە نانێكی تیری (ساج) لەدەست شكاوە،
خەسووەكەشی بەجواب هاتووە و كردویانەتە كێشە،
لەو كاتەش مێردی ژنەكە بەسەر كێشەكەدا دێتەوە
و دایكی كوڕەش (خەسووەكە) پێی دەڵێت، كە
ژنەكەی قسەی پێگوتووە و دەفعی دەكات، ئەویش
لەژنەكەی دەدات و لوتی دەشكێنێت".
كێشەیەكی دیكە، كە ئەو رێكخراوە دەستیان
هەبووە لەچارەسەركردنی، كێشەیەك كە هەم
موڵكداری و هەم كۆمەڵایەتیش بووە. ژنێك لەدوای
ئەوەی هاوسەرەكەی كۆچی دوایی دەكات و سێ منداڵ
لەدوای خۆی جێدەهێلێت، دووبارە شوو بەپیاوێكی
دیكە دەكاتەوە و وەكو سەرۆكی ئەو رێكخراوە
ئاماژەی بۆ دەكات، لەوەوە كێشەكە سەرهەڵدەدات
و دەڵێت "لەلایەك كێشە كەوتبووە نێوان یەكێ
لەكوڕەكانی ژنەكە لەگەڵ زڕباوكەكەی، لەلایەكی
دیكە كێشە كەوتبووە نێوان ژنە و شوبرا
كۆنەكەی. شوبراكەی دەیگوت ئەو خانووە بەناوی
براكەمە و ئەو ژنە كە ئێستا شووی كردۆتەوە
بەكەسێكی دیكە بەچ هەقێك پیاوێكی بێگانە
دەهێنێتە سەر ئەو ماڵە"، ئەو كێشەیەش دواتر
چارەسەر دەكرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی سەرۆكی
رێكخراو باس لەچۆنیەتی چارەسەریەكەی بكات.
|