10 ژن دەكوژرێن و 29 پیاو دەسگیر دەكرێن  
 

سڤیل: دهۆك

بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەژنان لەدهۆك، بۆ ئەو ساڵە لەبەرنامەیاندایە (سندوقی گلەیی) لەقوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەییەكانی كچان دابنێن، بۆ ئەوەی هەر كچێك كاتێك رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە، لەڕێگەی ئەو سندوقەوە گرفتەكەی باس بكات و ئەوانیش لەڕێگەی یاسایی و بەشێوەیەكی نهێنی كێشەكەی بۆ چارەسەر بكەن.
بەڕێوەبەری بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەژنان بۆ (سڤیل) ئەوەشی راگەیاند، لەساڵی 2009 لەپارێزگای دهۆك 11 ژن خۆیان كوشتووە و 10 ژنیش كوژراون، لەبەرامبەریشدا 493 ژن لەو ساڵەدا سكاڵایان لەدژی مێردەكانیان تۆمار كردووە و لەئەنجامی بەدواداچوونی سكاڵاكانیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەژنان 29 پیاو دەستبەسەر كراون.
نەقیبی مافپەروەر (د.سامی جەلال) بەڕێوەبەری توندوتیژی دژ بەژنان لەدهۆك، تایبەت بەگۆڤاری سڤیل گوتی "لەساڵی 2008ـدا لەدهۆك و دەوروبەری 395 ژن سكاڵایان لەدژی مێردەكانیان تۆمار كردبوو، بەڵام بەهۆی بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بەخۆیان لەساڵی 2009 ژنان زیاتر وشیار بوونەتەوە و ئامادەش نین دەست لەداخوازییەكانیان هەڵبگرن، بۆیە تەنها لەساڵی رابردوو ژنان 493 سكاڵای جۆراوجۆریان لەدژی مێردەكانیان تۆمار كردووە"، هەر ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی "لەساڵی 2009ـدا 75 ژن سووتاون، كە بەشێكی زۆری ئەو ژمارەیە بەدەستی خۆیان خۆیان سوتاندووە، بەڵام لەساڵی 2008ـدا 77 ژن بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەست دابوو، هەر لەساڵی رابردووش 8 ژن بەدرۆ سكاڵایان لەدژی مێردەكانیان تۆمار كردبوو، كە دوای ئاشكرابوون هەر هەشتیان دەسگیركران و پاشتریش حوكم دران"، وەكو ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بۆ دەكات، هەر لەساڵی 2009ـدا 12 ژن دەسدرێژی سێكسییان لەلایەن پیاوانەوە كراوەتەسەر، هەر لەساڵی رابردووش 71 ژن بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لەبەرامبەریان لەناو خێزانەكانیان دەرهێنراون و لەسەنتەری (نەوا) پارێزراون، كە دواتر 58 لەو ژنانە رەوانەی ناو خێزانەكانیان كراونەتەوە.
دكتۆر سامی جەلال ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بەژنان مەرج نییە، هەموو جارێك لەلایەن پیاوەوە بێت، بەڵكو زۆرجاران ژن لەبەرامبەر ژن توندوتیژی ئەنجام دەدات، وەكو ئەو توندوتیژییەی كە خەسو و دش لەبەرامبەر بووك یا بەپێچەوانەوە ئەنجام دەدرێ، دكتۆر سامی راشیگەیاند، بەهۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی ئەوان رێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، چونكە وەك ئەو گوتی "لەساڵی 2007ـدا 62 حاڵەتی كوشتنی ژنان تۆماركراوە و لەساڵی 2008ـیش رێژەكە بووە بە 23 حاڵەت"، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا، كە لەساڵی 2009 چەند ژن كوژراون.
سەبارەت بەو پرسیارەش كە بۆچی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەژنان لەهەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك پیاوە، لەكاتێكدا هەموو كاروبارەكان تایبەتن بەئافرەتەوە، دكتۆر سامی گوتی "هیچ شتێكی ئاماژە پێكراو نییە، كە بڵێت دەبێت بەڕێوەبەر ژن یا پیاو بێت"، بەڵام وەكو ئەو باسی دەكات، تاوەكو ئێستا لەهیچ یەكێك لەم شارانە ئافرەتێك نەگەیشتۆتە پلەی نەقیب، لەكاتێكدا ئەو كەسەی دەبێت بەبەڕێوەبەر دەبێت پلەكەی نەقیب بێت، گوتیشی "ئەو كچانەی كە ئێستا لەهەر سێ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دەوام دەكەن، هەموویان پلەكانیان ئەفسەر یا ئەفسەری پلەیەكە، بەڵام هەر كاتێك وەزارەتی ناوخۆ یەكێ لەو ئافرەتانەی بەشیاو زانی، دەتوانرێت بەفەرمانێك یەكێ لەو ئافرەتانە پلەی بەڕێوەبەری وەربگرێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com