خێزانێكی كەركوكی بۆماوەی 70 ساڵە بێ ناسنامەن  

 

سڤیل: هەژار ڕەشید

پاش ئەوەی باوكیان هەموو ژیانی خۆی تەرخان دەكات لەخزمەتكردنی تەكییە و گەڕان و سوڕانی موریدی و شێخایەتی، بەلایەوە گرنگ نابێت كە ئەو لەدوای جێهێشتنی ئەو "دنیا فانییە"، كێشەی بێ ناسنامەیەكەی دەبێتە گرفتێكی گەورە بۆ كوڕ و كچ و نەوەكانی.
ساڵح عومەر ئەمینی دانیشتووی شاری كەركوك، كە لەدوای پرۆسەوە گەڕاونەتەوە كەركوك، سەبارەت بە نەبوونی ناسنامەی باری شارستانی خێزانەكەیان، بەوشێوەیە كێشەكەی خۆیانی بۆ (سڤیل) گێڕایەوە و گوتی "باوكم لە خێزانەكەیدا 3 برا بوونە و تەنهاش باوكی من ناسنامەی نەبووە و دوو براكەی دیكەی ناسنامەیان هەیە"، دەشڵێت "باوكم لەكاتی خۆیدا دوو ژنی هێناوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئێمە كەوا كوڕ و كچەكانی ئەوین، هیچ كەسێك لەئێمە ناسنامەمان بەرەسمی لەهیچ فەرمانگەیەكی حكومەتدا نییە، برایەكم دوو مانگە ژنی هێناوە و ناسنامەی نییە، خوشكێكی دیكەشم بەهەمان شێوە مێردی كردووە و شەش منداڵی هەیە و هیچ یەك لەمنداڵەكانیشی ناسنامەیان نییە، بۆیە تەنانەت ناتوانین تەئیدی نێشتەجێبوون لەلای موختاری گەڕەكیش دەربهێنین"، بۆیە لەدوای حەفتا ساڵ لەبێ ناسنامەییان ساڵح عومەر دەڵێت "داواكارم لەرووی گۆڤارەكەتانەوە دەنگمان بگاتە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، چونكە زۆر شوێن گەڕاوین و هیچ سوودێكی نەبووە"، وەكو ئاماژەیشی بۆ دەكات، تائێستا چووەتە بەغدا و دەربەندیخان و كەلار، بەڵام كەس نییە گوێیان لێبگرێت و داواكەیان بەهەند وەربگرێت.
لەبارەی قسە و وەڵامی فەرمانگە حكومییەكانیش، ساڵح عومەر دەڵێت "دەچینە هەر شوێنێك، جارێ زوو دەڵێن، مادام باوكتان ناسنامەی نییە، ئێمەش ناتوانین هیچ شتێكتان بۆ بكەین"، وەكو ئەویش ئاماژەی بۆ دەكات، سەرباری ئەو هەموو كێشەیەی لەو رووەوە بۆیان هاتۆتەپێش، ئەوان بۆخۆیان كەمتر گرفتیان هەیە و لەگەڵی راهاتوون، بەڵام "بەتەنها دەمانەوێت مافی مناڵەكانمان لەدوارۆژدا نەڕوات و وەكو هەموو منداڵە كوردێك بچنە قوتابخانە و بخوێنن، ئێمەش وەكو هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی بتوانین ژیان بەسەر بەرین، چونكە بەڕادەیەك پەرێشانین، تەنانەت لە بازگەكاندا كە تێپەر دەبین، ئەگەر هاوكاری لایەنە حیزبییەكان نەبێت، ناتوانین لەشارێكەوە بۆ شارێكی دیكە بچین، ئێستا من خۆم پێشمەرگەم، بەڵام زۆرجار كێشەكانمان ئەوەیە داوای ناسنامەی باری شارستانیمان لێدەكەن".
ئەو هۆكارەی كە لەدوای حەفتا ساڵ، تازە ئەوانی بەئاگا هێناوەتەوە، خوێندن و چارەنووسی منداڵەكانیانە، بۆیە وەكو ئەو پیاوە دەڵێت "ئێستاكە ناتوانم تەنانەت منداڵێكم لەسجلی ناسنامەی كەركوكدا ناسنامەی بۆ دەربێنم، هەر بۆیەش تاكو ئێستا یەك منداڵ لەخێزانەكەمان نەچووەتە بەرخوێندن".
ساڵح عومەر هۆكاری سەرەكیی كێشەكەیان بۆ باوكی دەگەڕێنێتەوە، كە ئێستاكە خەمەكەی بۆ ئەوان ماوەتەوە، لەبارەی باوكیەوە دەڵێت "باوكمان بەدوای دەروێشی و تەریقەتی شێخایەتی كەوتبوو، هێندە بیری لەو دنیایە نەدەكردەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم كە بەماوەیەك بەر لەوەفاتی ئەویش هاتبووە سەر ئەو قەناعەتەی ناسنامە دەربهێنێت، بەڵام لەساڵی 1991 كاتێك شەهیدبوو، ئیدی كارەكان بۆ ئێمە مایەوە و زەحمەتتر بوو".
ئەو پیاوە دواجار گوتیشی "داوا لەسەرۆكی هەرێم دەكەم، وەك باوكی هەموو گەلی كورد ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات".
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com