بووك و زاواكان كەمتر لەجاران شەوی یەكەمیان لە هۆتێل سور دەكەن  

 

 

گرانی نرخی هۆتێل و ترس لەكامیرای شاراوە هۆكارەكەیە

سڤیل: سەنگەر عەبدوڵڵا

ئێستا لەشاری سلێمانی كەمتر لەجاران دەبینرێت، كە بوك و زاواكان ڕوو لەهۆتێلەكان بكەن، ئەگەرچی بارودۆخ گۆڕاوە و گوزەرانی خەڵكیش لەجاران باشتر بووە، بەڵام چوونە هۆتێڵ لەشەوی زاوایەتی لەلای هەندێك گەنجی ئەو شارە ئاسایی نییە و ئەوان گومانیان لەبوونی كامێرای شاراوە لەژووری نوستنی ئەو هۆتێلانەدا هەیە. ڕەنگە ئەمەش وەك هۆكارێك، كاریگەریەكی راستەوخۆی هەبێت لەسەر ئەو گەنجانە و وایان لێبكات كەژاوەی یەكەمین شەوی هاوسەرداریان نەبەنە هۆتێل و كابینەكان و یەكسەر بچنەوە ماڵە تازەكەیان، بەڵام لەبەرامبەر ئەو گومانەی بەشێك لەگەنجەكان، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان، بوك و زاواكان لەنەبوونی وەها حالەتێك لەمیوانخانەكان دڵنیا دەكاتەوە و داواش لەهاوڵاتیان دەكات، كە لەكاتی بینینی هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە ئاگاداریان بكەنەوە.
كامەران قادر، ناوی خوازراوی كارمەندێكی كارگەی چیمەنتۆیە، ئەو كە لەئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی ئافرەتێكی گونجاوە بۆ خۆی، باس لەوە دەكات كە لەشەوی زاوایەتیدا بەهیچ شێوەیەك نیازی نییە بچێتە هۆتێل یان كابینەكان، چونكە وەك ئەو دەڵێت "لەم وڵاتەدا پارە بەهەموو ڕێگەیەكی نادروست پەیدا دەكرێت، هێشتا لەپێناو پارەدا مرۆڤ دەكوژرێت، ئیدی من چۆن متمانە بكەم بەوەی شەرەفی خۆم بخەمە بەردەستی هەندێ كەس كە نایانناسم كێن و چۆنن". ئەو بۆچوونی وایە كە لەئێستادا مرۆڤ لەكڕینی بچوكترین شتدا متمانەی بە فرۆشیار نییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەم رۆژەدا بێ گوێدانە ویژدان، پارە پەیداكردن بیروباوەڕیەتی، بۆیە دەڵێت "لەبەر ئەوە بەهیچ شێوەیەك متمانەم بەژووری نوستنێكیش نییە، كە نەزانم خاوەنەكەی و كارمەندەكانی ئەو هۆتێلە كەسایەتیەكی چۆنن".
مامۆستایەك نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، چونكە ئەو پێیوابوو كە گفتوگۆكردن لەسەر شەوی زاوایەتی گفتوگۆیە لەسەر "شەرەف"ی خۆی، ئەو مامۆستایە ماوەیەك لەمەوبەر ژنی گواستۆتەوە و یەكەم شەوی زاوایەتی لەیەكێك لەكابینەكانی سەرچنار بەسەر بردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە پێشتر هیچ باوەڕی بەو پڕوپاگەندانە نەبووە. بۆیە كە دێتەسەر باسكردن لەشەوی زاوایەتی خۆی، سەبارەت بەبوونی كامێرای شاراوە لەژوری نوستنی بوك زاواكاندا، ئاشكرای دەكات كەوا كاتێك چۆتە ژووری نوستنەكەیەوە، نەیتوانیوە باوەڕەكەی خۆی بەسەر ئەو گومانەدا بسەپێنێت، لەبەر ئەوە هەموو شوێنێك كە گومانی لێ كردووە هەڵساوە دایپۆشیوە، وەكو خۆی دەڵێت "كە چوومە ژووری نوستنەكە، نەمتوانی لەسەر ئەو باوەڕەی پێشووترم سووربم، هەرچی گومانم لێی بكردایە دامدەپۆشی، گڵۆپەكانی ناو سەقفەكەم داپۆشی، سەعات و ئاوێنە و وێنەكانم داپۆشی، چیمان پێ بوو دام بەسەر شتە گومانلێكراوەكاندا".
ئەو سەبارەت بەهۆكاری دروستبوونی ئەو گومانەی كە لەكاتێكدا پێشتر گاڵتەی بەو گەنجانە كردووە كە باسی بوونی كامێرایان كردووە لەو شوێنانەدا، دەڵێت "لەو شەوەدا كوڕێكی خزممان كە هاوڕێشم بوو، كە بەجێیهێشتم لەو شتانە ئاگاداری كردمەوە، بەڕاستی خۆشم تۆزێك دەترسام، بۆیە بڕیارمدا نابێت موجازەفە بەشەرەفی شەوی زاوایەتیمەوە بكەم".
لەلایەكی دیكەوە، ئێستا بەهۆی گرانبوونی نرخی شەوێك مانەوە لەهۆتێلەكان، ئەمەش بۆخۆی وایكردوە دیسان كۆمەڵێكی دیكە لەگەنجان نەتوانن بیر لەبەسەربردنی یەكەمین شەوی هاوسەرداری لەهۆتێلەكان بكەنەوە.
(ح. ئ) گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە و لەناو بازاڕ بەكاری دوكاندارییەوە سەرقاڵە، ئەو ماوەیەكی زۆرە چۆتە كەژاوەی خێزانداریەوە، بەبۆچوونی ئەو، خاوەنی هۆتێلەكان كاتی خۆسەرقاڵكردنیان نییە بەم كارەوە، بەڵام دەربارەی ئەوەی بۆچی یەكەمین شەوی كەژاوەی هاوسەرداری لەهۆتێل نەبردۆتە سەر، گوتی "نرخی هۆتێلەكان گرانن و بەپێویستم نەزانی نزیكی سەد دۆلارێك بەتەنها لەشەوێكی هۆتێل سەرفبكەم، پاشانیش من خانووم گرتبوو بەكرێ و هەموو شتێكی تێدا دابوو".
كوردە ڕەئوف بارام، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان، ئەویش باسی لەوەكرد كە مانەوەی بوك و زاوا لەهۆتێلەكاندا، ماوەیەكە ڕووی لەكەمی كردووە، گوتیشی "كەمبوونەوەی مانەوەی بووك و زاوا لەهۆتێلەكاندا پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە جاران خەڵك نەیدەتوانی سەردانی دەرەوە بكات، ئێستا خەڵك گوزەرانی باشترە و ڕێگای دەرەوەش هەیە، لەبەر ئەوە من ئاگام لێیە زۆر لەبوك و زاواكان دەچنە ئێران و توركیا و لوبنان و سوریا". باسی لەوەشكرد كە سەردانیكردنی ئەو وڵاتانە لەرووی خەرجییەوە، هەر هێندەی خەرجی مانەوە و سەردانیكردنی شارێكی دیكەی كوردستانی تێدەچێت، لەبەر ئەوە گەنجێك لەباتی ئەوەی لەسلێمانییەوە بچێتە هەولێر یان لەهەولێرەوە بچێت بۆ سلێمانی، دەچێتە دەرەوەی كوردستان و هەمان خەرجیشی تێدەچێت، گوتیشی "ئەمە هۆكارەكەیەتی نەك بوونی كامێرا، ئێمە لەپێشتریش، بەدواداچوونمان بۆ ئەو مەسەلەیە كردووە، بەڵام شتی وا بوونی نییە و ڕاستیش نییە".
كوردە رەئوف، ئاماژەی بەوەشكرد كە لەئۆتێلەكاندا كامێرای چاودێری هەیە، بەڵام بۆ چاودێریكردنی ساڵۆن و ریسێپشن و جموجوڵی ناو ڕاڕەوەكانی هۆتێلەكانە، گوتیشی "من ئێستا لەهۆتێلەكەی خۆمدا كامێرام لەڕاڕەوەكاندا داناوە، بۆ بینینی جوڵەی ئەو ڕاڕەوانە، پاشانیش ئەو كارە بەتەقەنییەكی وا ئاسان ناكرێت، تا لەلای ئێمە دابنرێت".
سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان، ئەوەشی خستەروو كە تاكو ئێستا هیچ حاڵەتێك لەسەر بوونی كامێرا لەژوری نوستنی هۆتێلەكاندا تۆمار نەكراوە و هیچ هۆتێلێكیش كردارێكی لەم شێوەیەی لێ ئاشكرا نەبووە، نە لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی وەكو دەزگا ئەمنیەكان نە لەلایەن هاوڵاتیانیشەوە. ئەو بوك و زاوایانیشی دڵنیا كردەوە، كە ئەم دیاردەیە لەهۆتێلەكاندا بوونی نییە و گوتیشی "هاوڵاتیان شتی باش زوو بڵاو ناكەنەوە، بەڵام گومانێكی بێ بنەما و خراپ زوو بڵاو دەكەنەوە"، ئاماژەی بەوەشكرد كە ڕەنگە گومانی خەڵكیش لەپێشكەوتنی ئامێرە تەكنەلۆجیاكانەوە سەری هەڵدابێت، بەتایبەتی ماوەیەك هەندێ كامێرای بچوك بەمەدالیا و قەڵەم و فلاشمیمۆری دەهاتە بازاڕ، "بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ڕێگە نادرێت ئەو جۆرە كامێرایانە بێنە هەرێمەوە". كوردە رەئوف بارام داواشیكرد كە ئەگەر هەر كەسێك حاڵەتێكی لەو شێوەیە لەهۆتێلەكاندا پێ دەزانێت، ئەوان ئامادەنە بەدواداچوونی بۆ بكەن و لێپێچینەوەی یاساییش بگرنە بەر.

 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com