رێـــكـــــخـــــــــــراوی هیومان رایتس وۆچ: لە %73ی كچان و ژنانی كوردستان خەتەنە كراون  

 

 

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی: ئێمە گومانمان هەیە لەسەر زۆربەی داتــا و سەرچــــاوەكان و مەسەلەكە نــــاشیرینكردنی كۆمەڵگای كوردەوارییە

سڤیل: هەولێر




"لەبیرمە كە دایكم و براژنەكەی هەردووكمانیان برد، چوار كچی دیكەشی لێبوو. چووین بۆ سەركەپكان بۆ كردنی كارەكە. بردیانین بۆ گەرماوەكە، قاچەكانمانیان بەكراوەیی هێشتەوە و شتێكیان بڕی. یەك لەدوای یەك وایان لێكردین، بێئەوەی هیچ بەنجێك بەكار بهێنن. من ترسام، بەڵام بەرگەی ئازارەكەم گرت. ئەوان هیچ شتێكیان نەكرد بۆ هێوركردنەوەی ئازارەكەمان. یەك هەفتە ئازارم هەبوو. دواتر كەمێك هەردەیەشا. نەشچووم بۆ لای دكتۆر. (ئەوان) بەهیچ جۆرێك بەلایانەوە گرنگ نەبوو. كاتێكیش عادە بووم، ئازارێكی زۆرم لەو شوێنەوە پێگەیشت". گوڵە، س. قوتابییەكی 17 ساڵان، پڵینگان، 29ی مایسی 2009.
راپۆرتە 82 لاپەڕەییەكەی هیومان رایتس وۆچ بەو بەسەرهاتەی (گوڵە س) دەسپێدەكات و لەكۆتایشدا وەكو (پێزانین)ێك بۆ ئەو راپۆرتە هاتووە "ئەم راپۆرتە لەلایەن نادیە خەلیفە، توێژەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لەبەشی مافەكانی ژناندا نوسراوە، لەلایەن نادیە خەلیفە و مارییان مۆڵمان، بەڕێوەبەری كۆكردنەوەی پشتیوانییەوە لەبەشی مافەكانی ژنان، توێژینەوەی لەسەركراوە".
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لەرۆژی 16/6/2010 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەشاری هەولێر، راپۆرتێكی بەناونیشانی (بردیانم و هیچیان پێ نەوتم - شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە لەكوردستانی عێراق) لەسەر مەسەلەی خەتەنەكردنی كچان لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، لەیەكەم كاردانەوەی راپۆرتەكەی رێكخراوەكەشدا، هەر لەهەمان رۆژدا، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕاگەیەنراوێكدا رەخنەی لەو بڕگەیەی راپۆرتە گرت، كە هۆكاری خەتەنەكردنی مێینەی لەكوردستان بەستۆتەوە بەفتوای مامۆستایانی ئاینی.
لەژێر سەردێری (بڵاوبوونەوەی شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە لەكوردستانی عێراق) لەراپۆرتەكەی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، ئاوا هاتووە كە "حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماری بەردەوام دەربارەی تەشەنەكردنی بڵاوبوونەوەی شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە، بەشێوەیەكی بەردەوام ئەنجام نادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەكانوونی دووەهەمی ساڵی 2009دا، وەزارەتی مافەكانی مرۆڤ (كە ئێستا نەماوە) یەكەمین لێكۆڵینەوەی خۆی دەربارەی بڵاوبوونەوەی شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە لەقەزای چەمچەماڵ، بەرمەبنای نموونەیەكی 521 كچ و ژنی خوێندكاری تەمەن نێوان 11 تا 24 ساڵیدا ئەنجام دا و بۆی دەركەوت، كە 40.7 لەسەدیان خەتەنەكراون، لەبەرامبەر 45 لەسەدی كچانی تەمەن نێوان 14-18 ساڵیدا، هەروەها 45 لەسەدی ژنانی تەمەن نێوان 19-24 ساڵیدا خەتەنەكراون"، هەر لەژێر هەمان سەردێر لەراپۆرتەكەدا هاتووە "لە 2010 دا، كۆمەڵەی هاریكاری قەیران و هاوكاری گەشەپێدان (وادی) كە رێكخراوێكی ناحكومی ئەڵمانی عێراقییە بۆ مافی مرۆڤ، ئەنجامە لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردەوە كە لەماوەی نێوان ئەیلولی 2007 و مایسی 2008 دا ئەنجام درابوو. لێكۆڵینەوەكە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و ناوچەی گەرمیان/كەركوكی گرتەوە. وادی 1408 دیمانەی لەگەڵ ژنان و كچاندا ئەنجام داو بۆی دەركەوت، رێژەكانی بڵاوبوونەوە لەنێوان ژنان و كچانی 14 ساڵان و سەرووتردا دەگاتە 72.7 لەسەد. لێكۆڵینەوەكە بۆی دەركەوت كە رێژەی 77.9 لەسەدیان هی سلێمانین و 81.2 لەسەدیان هی گەرمیان و 63 لەسەدیان هی هەولێرن. بەوردكردنەوەی ئەمە بۆ ریزبەندی تەمەن، بڵاوبوونەوەی لەنێوان كچان و ژنانی لاوی تەمەن 14 تا 19 ساڵیدا 57 لەسەد بوو، تەمەنی 20-29 ساڵ 67.4 لەسەد".
راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ دەشڵێت، وێڕای ئەو ئەنجامانەش بەرپرسانی وەزارەتەكان، ئەوانەی قسەیان بۆ هیومان رایتس وۆچ كرد، وتیان كە كردەوەكە ئەوەندە تەشەنەی نەكردووە كە پێویست بكات هەوڵی لەناوبردنی بدەین. وەزیری پێشووی تەندروستی، دكتۆر عەبدولڕەحمان عوسمان یاسین، گوتی "ئێمە خوویەكی كەلتوری خراپمان هەیە، پێیدەوترێت شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە، ئەویش بەشێوەیەكی سنوردار و لەچەند ناوچەیەكی دیاریكراودا، بەڵام رێژەكان بەرز و بەرچاو نین". وەزیری ئەوكاتی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، محەمەد ئەحمەد سەعید شاكەلی، بەهیومان رایتس وۆچی گوت كە "مەسەلەكە ئەوەندە گەورە نییە"، گوتیشی "ئێمە ناتوانین ناوی بنێین دیاردە، تەنها حاڵەتی تاكەكانە"، گوتیشی گوایە "ئەم حاڵەتە لەپاڵ دیاردەی كۆمەڵایەتی دیكەدا هەیە، بێشك ئەمە پرسی 10 یان 20 ساڵ پێش ئێستا بووە". بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری ئاینی، مەریوان نەقشبەندی، هەمان شتی وت كە وەزیرەكەی وتی "لەو باوەڕەدام چەند حاڵەتێك هەن، یەك لێرەو یەك لەوێ، خەریكە لەناو دەچێت"، بەڵام هیچكام لەوەزیری تەندروستی و وەزیری كاروباری ئاینی، نەیانتوانی ئامارێك بۆ پشتیوانیكردنی بۆچوونەكەی بخاتەڕوو، هاوكات ئەنجامەكانی ئەو رووماڵانەی لەسەرەوە باسكران، پشتیوانی لەتێڕوانینەكانی ئەوان ناكات.
چیرۆكی ئەو ژن و كچانەی كە خەتەنەكراون، وەك لەراپۆرتەكە هاتووە و لێكۆلەری ریپۆرتەرەكە ئاماژەی بۆ دەكات و دەڵێ، ئەو ژن و كچانەی دیمانەمان كردن، پێیانووتین كە چەند ژنێك توند گرتوویانن و داویانن بەزەوی دا و مامانەكە بەگوێزانێك قیتكەیانی بڕیوە. (نازدار ب) مامانەكەی سمود گوتی "كەنیشكەكانم یارمەتیم دەدەن، چونكە ئەوانە (كچەكان) هەروا لەبەردەستمدا ناوەستن". (ناجی م) تەمەن 22 ساڵ كە لەكاتی خەتەنەكردنیدا تەمەنی 6 ساڵان بووە، وتی "مامانەكە گوێزانێكی پێبوو، ئازاری زۆربوو. رەوشی دەروونیم زۆر خراپ بوو"، شنۆ لەتەمەنی 6 ساڵیدا خەتەنە كراوە، ئەویش گوتی "مامانەكە تەنها یەك گوێزانی پێبوو، ئەو گوێزانەی بۆ هەموومان بەكار دەهێنا". مامانێك لەكەلار رونیكردەوە "ئێمە خۆڵەمێشەكە دەبێژینەوە و دوای خەتەنەكردنەكە یەكسەر بەكاری دەهێنین"، بەپێی قسەی مامانەكان، ئەمە یارمەتی برینەكە دەدات بەخێرایی سارێژ بێت". بەڵام كچە قوتابییەكی 17 ساڵان لەسەركەپكان گوتی كە "مامانەكە بەپارچە پەڕۆیەك خاوێنی كردەوە و هیچی تر". كارمەندێكی كۆمەڵایەتی باسی ئافرەتێكی بۆ هیومان رایتس وۆچ كرد، كە لەكاتی منداڵبوونی سێهەمیدا، دشەكەی (خوشكی مێردەكەی) بۆی دەركەوتووە، كە خەتەنە نەكراوە. دشەكەی هەڕەشەی لێكرد كە بەبراكەی دەڵێت كە چێشتی دەستی ژنێكی خەتەنە نەكراوی خواردووە، كە بەگڵاو دادەنرێت، وتیشی كە زەماوەندەكەیان حەرامە. چەند رۆژێك دوای منداڵبوونەكە. دشەكەی سوننەتكەرێكی هێنا بۆ ماڵەوە و ژنەكە خەتەنە كرا.
هەروەك لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەی هیومان رایتس وۆچ كە لەشاری هەولێر، رۆژی 16/6 بەستراو ئاماژەی پێكرا، لەراپۆرتەكەشدا هاتووە كە رەگوڕیشەی شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە لەكوردستانی عێراق زانراو نییە. رەنگە نەریتێكی دێرین بووبێت و دواتر پاساوی ئاینی بۆ زیاد كرابێت. زۆرینەی كوردی عێراق سوننە مەزهەبی شافیعین، كە خەتەنەكردنی نێر بەفەرز دادەنێت و هی مێینەش بەئیختیاری، بەڵام لەچەند شوێنێكی دیكەی راپۆرتەكەدا لەسەر زاری چەند ژن و مامانێك، هەروەها مامۆستایانی ئاینی، هۆكاری مانەوەی حاڵەتەكان بۆ فەرمانی ئاینی دەگەڕێنێتەوە، هەر بۆیەش لەیەكەمین كاردانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیانراوێكدا دەڵێت "ئێمە سەرەڕای ئەوەی گومانمان هەیە لەسەر زۆربەی ئەو داتا و سەرچاوانەی كە سەبارەت بەدیاردەی خەتەنەكردنی ژنان لەكوردستان پشتی پێبەستراوە، رەخنەش لەو بڕگەیەی راپۆرتەكە دەگرین كە هۆكارێكی خەتەنەكردنی مێینەی بەستۆتەوە بەفتوای مامۆستایانی ئاینی، بۆیە لەبەرمبەردا ئێمە تەئكید دەكەینەوە، كە ئیمام و خەتیبی مزگەوتەكان و زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كە زۆربەی هەرە زۆریان فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقافن، دوور و نزیك پەیوەندیان بەمەسەلەی خەتەنەكردنی مێینەوە نییە".
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت "جێگای سەرسوڕمانە، هەندێك كەس و رێكخراو دەیانەوێت بەبەكارهێنانی ناوی ئاین و فەتوای مامۆستایانی ئاینی كوردستان، مەسەلەی خەتەنەكردنی كچان بۆ بازاڕ گەرمكردن و ناشیرینكردنی كۆمەڵگای كوردی بەكاربهێنن و ئەم نیگەرانیەشمان راستەوخۆ لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا بە خاتوو (نادیە خەلیفە)ی بەرپرسی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ گەیاندووە".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com