پیاوێك لەڕقی دوو ژنەكەی خۆی دەكوژێت  

 

 

لەماوەی ئەو ساڵەدا 57 كەس لەدهۆك خۆیان كوشتووە كە 40 ئافرەت و 17 پیاو بوونە

سڤیل: دهۆك




پیـــــاوێكی تــــــــەمەن 35 ســــــــاڵ بـــــــــەنـــــــــاوی (غ.ئـ) لـــــەكۆمەڵگەی (دۆمیز)ی رۆژئاوای شاری دهۆك، لەماڵەكەی خۆی بەگوللەیەك خۆی دەكوژێت و سەرچاوەیەكی پۆلیسی ئەو شارۆچكەیەش رایدەگەیێنێت، كە لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو رووداوە تائێستا بەردەوامی هەیە و هۆكارەكانی دواوەی خۆكوشتنەكە ئاشكرا نین، هاوكات بەرپرسێكی لێژنەی كۆمەڵایەتی و ئاینی لەو شارە، ئەویش ئاشكرای دەكات، كەوا كاری خۆكوژی لەشاری دهۆك بەرێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و تەنها لەماوەی 6 مانگی ئەوساڵەدا 57 كەس لەدهۆك خۆیان كوشتووە.
(غ.ئ) تەمەن 35 ساڵی دانیشتووی كۆمەڵگەی دۆمیز، كە خاوەنی دوو ژن بوو، لەكاتژمێر 6ی ئێوارەی رۆژی 22/6/2010 لەناو ماڵەكەی خۆی، بەكلاشینكۆف خۆی كوشت. (شڤان قادر) كە هاوسێی ئەو ماڵە و شایەتحاڵی رووداوەكەیە، دەڵێت "ئەو كاتەی كە دەنگی تەقەكان هات، من لەماڵەوە دانیشتبووم، دوای ئەوە راستەوخۆ رامكردە كۆڵان و بینیم خەڵك لەپێش ئەو ماڵە وەستاون، كە چوومە ژوورەوە پیاوەكە لەسەر بەتانییەك درێژكرابوو خوێنی لێ دەهات، هەردوو ژنەكەشی لەلای دانیشتبوون و هیچكام لەوانیش نەدەگریان، پاشتر لەگەڵ چەند كەسێك پیاوەكەمان خستە سەیارە و بردمانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك". ئەو هاوسێیەی ماڵی پیاوە كوژراوەكە، دەشڵێت "من لەناو سەیارە گوتم ئەو نەماوە، چونكە گوللەكەی لەسەر سینگی دابوو، خوێنێكی زۆریشی لێ دەهات، بەڵام كە گەیشتینە نەخۆشخانە، دكتۆرەكان لێی كۆبوونەوە و بەهۆی لێدانی كارەبا و بەشێوەی دەستكرد، هەناسەكەی گەڕایەوە، بەڵام بۆ بەیانی لەژێر نەشتەرگەری كۆچی دوایی كرد".
سەبارەت بەهۆكاری خۆكوشتنەكەشی (زیوەر) كەوا كەسێكی نزیكی پیاوە كوژراوەكەیە، سەرەتای رووداوەكان بۆ ئەوە دەباتەوە، كە ئەو پیاوە لەدوای ئەوەی لەساڵی 2000 ژیانی هاوسەری لەگەڵ كچێك دروستدەكات، كە پێشووتر زۆر یەكتریان خۆشویستبوو، پاش 9 ساڵ لەبەیەكەوە ژیان و هەبوونی دوو منداڵ، ساڵی رابردوو ئەو پیاوە 35 ساڵییە، كچێكی دیكەی تەمەن 17 ساڵی بەخۆشەویستی دەهێنێت و دەیكات بەدوو ژن. وەكو (زیوەر) باسی لێوە دەكات، ژنە بچووكەكەی وەكو ژنە گەورەكەی لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆی نەبووە و بەردەوامیش نێوان هەردوو ژنەكە تەواو نەبووە و پیاوەكە لەو نێوانە هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە، دەڵێت "بەر لەدوو مانگ ژنە بچووكەكەی چووبۆوە ماڵی باوكی و مەرجی گەڕانەوەشی كردبووە وازهێنانی پیاوەكەی لەژنە گەورەكە، بەڵام دواتر ژنە بچووكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ئەو رۆژەشی كە خۆی تێدا كوشت، دیسانەوە هەردوو ژن بەشەڕ هاتبوون و ئەویش چیدی نەیتوانی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و لەداخان خۆی كوشت".
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دۆمیز، بۆ (سڤیل) ئاشكرای دەكات، كە ئەوان راستەوخۆ لەدوای تەقەكان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و تائێستاش لێكۆڵینەوەكانیان لەو بارەیەوە بەردەوامی هەیە، سەرچاوەكەی پۆلیس دەڵێت "ئێمە كێشەكەمان خستۆتە بەردەم دادوەری لێكۆلەر و ناتوانین لەحالی حازر هیچ لێدوانێكی دیكە لەو بارەیەوە بدەین، چونكە تائێستا دیار نییە كە ئاخۆ ئەو پیاوە بەخۆی، خۆی كوشتووە، یاخود یەكێ لەژنەكانی بەو كارە هەڵساوە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەو كلاشینكۆفەی كە تاوانەكەی پێ ئەنجام دراوە، رەوانەی پشكنین كراوە و ئەنجامی پشكنینەكەش تائێستا نەگەڕاوەتە لای ئێمە".
جێگەی ئاماژە پێكردنە، كە لەو چەند ساڵەی رابردوو، رێژەی خۆكوژی بەشێوەیەكی بەرچاو لەشاری دهۆك زیادی كردووە و تائێستاش چەندین ۆرك شۆپ و سیمینار بۆ ئەو مەبەستە و لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكارەكانی دیاردەكە، بەستراوە. (مونا عەبدولمەجید) بەرپرسی لێژنەی كۆمەڵایەتی و ئاینی لەبەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە تەنها لەماوەی 6 مانگی ئەو ساڵەدا 57 كەس لەدهۆك خۆیان كوشتووە، كە 40 لەوان ئافرەت و 17ەكەی دیكەش پیاو بوونە.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com