ئاگر لەجەستەی ژنەكەی بەردەدات و خوشكەكەیشی بەگوللەیەك دەكوژێت  

 

 

"هاوسەرەكەم بسوتێنن، وەك چۆن منی سوتاند"

سڤیل: هاوكار محێدین




پیاوێك لەدادگای تاوانەكانی دهۆك، هەرچەندە نكۆڵی لەوە دەكرد كە ژنەكەی بەدەستی خۆی سووتاندبێت و دەیگوت "ژنەكەم بەخۆی گڕی لەخۆی بەرداوە"، بەڵام بەرۆژێك بەر لەمردنی، ژنەكە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی دهۆك ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە بەهۆی رێگریكردنی لەهێنانی ژنێكی دیكە لەلایەن پیاوەكەی، دواجار گیانی خۆی كردە قوربانی و پیاوەكەی گڕی لەجەستەی ئەو بەرداوە.
ئەو پیاوەی كە بەتۆمەتی كوشتنی ژنەكەی لەدادگا ئامادە ببوو، بەر لەسێ ساڵ، بەتاوانی كوشتنی خوشكەكەی خۆی كە هاوسەری یەكێ لەبرایەكانی ژنەكەی بووە، لەدادگای تاوانەكانی دهۆك بە ساڵێك و شەش مانگ حوكم درابوو.
بەر لەسێ ساڵ، لەسەر تاوانی كوشتنی خوشكەكەی، ئەو بۆ دادگا گوتی "من خوشكەكەی خۆم بەدەستی ئەنقەست نەكوشتووە، بەڵكو لەكاتی خاوێنكردنەوەی كلاشینكۆفەكەم، گوللەیەك لەسیلاحەكە دەرچوو، بەر خوشكەكەم كەوت"، ئەو كاتە دادگا تەنها بەساڵێك و شەش مانگ حوكمی كرد و كەسیش ناڕەزایی لەبەرامبەر حوكمەكەی دادگا دەرنەبڕی، بەڵام ئێستا كە ژنەكەی سووتاوە و گیانی لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەی كە ژنەكە، پیاوەكەی خۆی تۆمەتبار دەكات بەوەی گڕی لەجەستەی بەرداوە، كەسوكاری ژنەكەش ناڕازین لەبەرامبەر حوكمەكەی دادگا و دەڵێن "دەبووا حكومەكەی زۆر زیاتر بووایە لەچوار ساڵ".
كێشەی ئەو خێزانە كە سەر بەیەكێ لەكۆمەڵگاكانی شاری دهۆكە، سەرەتا بەخوێندنەوەی دەقی ئیفادەی ژنەسووتاوەكە دەستیپێكرد، كە رۆژێك بەر لەمردنی، قسەكانی بۆ دادوەری لێكۆڵەری كێشەكە كردبوو. (ت) بۆ دادگای لێكۆڵینەوە گوتبووی "من سێ منداڵم هەیە و ئەو پیاوە زۆر لەگەڵم خراپە، بەردەوام لێمدەدات و هەڕەشەی ئەوەم لێدەكات، كە ژنێكی دیكەم بەسەر دەهێنێت. ئەو رۆژەی كە ئاگری تێبەردام، زۆر توڕەبوو، گوتی من هەر دەبێت ژنێكی دیكە بهێنم، من لەژووری نووستن بووم، پیلی منداڵەكانی گرت و ئەوانی بردە دەرەوە، دواتر دووبارە گەڕایەوە و گازێكی زۆری بەجەستەم داكرد و ئاگری تێبەردام". لێكۆڵەری داد، ئەو رۆژە كە لەدادگای تاوانەكانی دهۆك ئامادە ببوو، ئەو قسانەی ژنەكەی (ت) هەمووی بەكاسێت تۆمار كردبوو، ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو رۆژێك بەر لەمردنی ژنەكە، دوای ئەوەی لەلایەن دوو لەبرایەكانی ژنەسووتاوەكە ئاگادار دەكرێتەوە، لەنەخۆشخانەی سووتان و جوانكاری ئەو قسانەی ژنەكەی تۆمار كردووە، ئەو ژنە بەر لەمردنی دەشڵێت "هاوسەرەكەم منی سووتاند و ئەو ئاگری تێبەردام".
سەرۆكی دادگای تاوانەكانی دهۆك، لەدوای خوێندنەوەی ئیفادەی ژنەسووتاوەكە، تۆماركراوی دەنگی ژنەكەش، كە لەسەر كاسێتێكی سیدی تۆماركرابوو، ژنەكە بەدەنگی تۆماركراوی خۆی دەڵێت "هاوسەرەكەی من بسوتێنن، هەروەك چۆن ئەو، منی سووتاند".
بەپێی راپۆرتی پزیشكی، لاشەی ژنەسووتاوەكە ئاسەواری لێدانی لەسەر نەبووە و تەنها بەهۆی سووتانەكە گیانی لەدەستداوە".
پیاوەكە تۆمەتبارەكە لەدوای هاتنەدەرەوەی لەقەفەسی تاوان و هێنانی بۆ بەردەم هەرسێ دادوەرەكەی دادگای تاوانان لەدهۆك، هەموو قسەكانی هاوسەرەكەی كە پێشتر لەئیفادەكەی كردبوونی، رەتكردەوە و گوتی "هاوسەرەكەم بەخۆی، خۆی سووتاندووە و من ئەو رۆژە هەر لەماڵیش نەبووم"، گوتیشی "ئەوە 12 ساڵە من ئەو ژنەم هێناوە و تائێستا برایەكانی قسەیەكیان لەگەڵ من نەكردووە، هیچ جارێكیش لەو ژنەی خۆم نەداوە و باسی ئەوەشم نەكردووە كە ژنێكی دیكە دەهێنم، تەنها ئەو دەیگوت لەجیرانەكانم گوێ لێبووە، كە تۆ ژنێكی دیكە دەهێنیت".
لەدوا دانیشتنی دادگای تاوانەكانی دهۆكیش لەسەر كێشەكە، سەرەڕای غەرامەكردنی بەپێدانی 4 ملیۆن دینار بەخێزانی ژنەسووتاوەكە، لەگەڵ پێدانی 6 ملیۆن دینار بەبەڕێوەبەرایەتی چاوێری كۆمەڵایەتی بۆ سەرپەرشتیكردنی هەر سێ منداڵەكە، دادگا حوكمی 4 ساڵ زیندانیكردنیشدا بەسەر هاوسەری ژنەسووتاوەكە.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com