|
"ئاینی
ئیسلام هانی ئافرەت دەدات كە وەرزش بكات،
بەڵام كێشەی لەگەڵ جلوبەرگەكەی هەیە"
سڤیل: سامان مەلا محەمەد
زیرەك محەمەد رەحمان، لەساڵی 1981 لەشاری
هەولێر لەدایك بووە و دەرچووی بەشی كۆمەڵناسی
كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدینە، ئێستاش
لەبنكەی تیشك بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی،
توێژەری كۆمەڵایەتییە. زیرەك دوو كتێبی
لەبارەی كۆمەڵناسییەوە وەرگێڕاوە، كە
یەكێكیانی بڵاوكردۆتەوە و ئەوەی دیكەشی لەژێر
چاپدایە، زیرەك چەندین لیكۆڵینەوەی مەیدانی
ئەنجام داوە، لێكۆڵینەوەكی دەگمەنیشی لەسەر
كۆمەڵناسی وەرزشی هەیە.
ئەو ئاماژە بەوە دەدات، كە كۆمەڵناسی وەرزشی
لقێكە لەلقەكانی كۆمەڵناسی و گرنگی دەدات
بەڕۆڵی كۆمەڵایەتی وەرزش "واتە وەرزش چ ڕۆلێكی
كۆمەڵایەتی دەبینێت، پاشان وەرزش لەكوێی
كۆمەڵگا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها ئەو
پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانەی كە وەرزش دروستیان
دەكات، لەنێوان یاریزانان، یاریزان و
جەماوەر".
لەبارەی كەمی بەشداریكردنی ئافرەتی كوردیش
لەبواری وەرزشی و هۆكارەكانی، هێمای بۆ
ئەوەكرد كە كلتوری كۆمەڵگا بەرپرسیارە، گوتیشی
"دابەشكردنی ڕۆڵی ژن و پیاو لەكۆمەڵگای كوردی،
بەشێوەیەكە پیاوان دەبێت كاری دەرەوە بكەن و
ئافرەتیش لەماڵەوە كار بكات، هەرچەندە وەرزش
دەكرێ لەماڵەوەش ئەنجام بدرێت، بەڵام جارێ
ئاستی ڕۆشنبیریمان لاوازە".
ئەوەشی خستەڕوو كە نەبوونی هۆشیارییەكی وەرزشی
لای ئافرەتان، وایكردووە ئافرەت ترسی لەوەرزش
هەبێت، دەڵێت "واباوە كە مەسەلەی منداڵ نانەوە
و كاتی سووڕی مانگانەی ئافرەت بەهۆی وەرزشەوە
تێكدەچێت و گۆڕانی بەسەر دادێت، كەچی ئەو
توێژینەوانەی لەو بارەیەوە ئەنجام دراون،
پێچەوانەی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنن و پێیانوایە
كە وەرزش سووڕی مانگانە و تەندروستی ژن، زۆر
باشتر دەكات".
زیرەك محەمەد، لەسەر رۆڵی ئاینیش
لەبەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان لەبەشداری
پێنەكردنی ئافرەت، لەبوارە جیاجیاكانی
وەرزشیدا، گوتی "لەئاینی كۆنی ڕۆمانی و
یۆنانیەكاندا، هەندێ وەرزش هەبووە كە ئافرەت
بۆی نەبووە ئەنجامی بدات، یاخود بەشداری بكات،
بەڵام هەندێ وەرزشی تایبەتیش بەئافرەتان
هەبووە، وەكو زۆرانبازی لەنێوان ئافرەتان كە
بەشێكی زۆری لەشیان ڕووت بووە. لەئایینی
مەسیحیشدا تا سەدەكانی ناوەڕاست ئافرەت بۆی
نەبووە، وەرزش بكات و تەنانەت سەیریشی بكات".
ئەوەشی گوت كە "لەئاینی ئیسلامدا هەندێ دەق
هەیە هانی ئافرەت دەدەن كە وەرزش بكەن، بەڵام
ئایینی ئیسلام ناكۆكە لەگەڵ ئەو جلوبەرگەی كە
وەرزش دەیسەپێنێ بەسەر ئافرەتدا، وەكو جلی
مەلە، ڕاكردن، باسكە". ئەو توێژەرە
كۆمەڵایەتییە، هاوكات ئاماژەی بەوەشدا كە
"ناكۆكییەكی دیكەی ئاین لەگەڵ وەرزشكردنی
ئافرەتان ئەوەیە كە ڕێگە بەو تێكەڵبوونەی ژن و
پیاو نادات لەوەرزشدا. ئەمە جۆرێكە
لەبەریەككەوتن لەنێوان ئاین و وەرزش، بەڵام
دەكرێ ئەو بەریەككەوتنە چارەسەربكرێت لەرێگەی
سوود وەرگرتن لەئەزمونی وڵاتانی دەوروبەر، وەك
كۆماری ئیسلامی ئێران. هەروەها كردنەوەی هۆڵ و
شوێنی وەرزشی تایبەت بەئافرەتان و دوور لەچاوی
پیاوان، وەك مەلەوانگەی تایبەت بەئافرەتان و
هۆڵی رەشاقە و یاری باسكە". گوتیشی كە
"پێویستە ئەوەش بزانین كە هەندێ وەرزش هەن
ئافرەت دەتوانێ بەجلی ئاینیەوە بیكات وەك،
شەترەنج، ئەسپ سواری، فڕێدانی قورس، بەڵام
بەداخەوە ئەم جۆرە وەرزشانە لای ئێمە باونین و
خەڵك گرنگیان پێنادات".
لەبارەی كاریگەری دەروونی، لەوەی كە تاچەند
وەرزش بۆ ئافرەت گرنگە؟ زیرەك محەمەد، دەڵێت
"ئەگەر ئافرەتان لەیانەیەكی وەرزشی كۆببنەوە
بەمەبەستی وەرزشكردن ئەوا جگە لەوەرزشكردنەكە
پەیوەندیەكی كۆمەڵایەتی لەنێوانیان دروست
دەبێت و لەڕێگەی ئەم پەیوەندییەوە ئافرەتان
دەتوانن دەردەدڵی خۆیان و كێشەكانیان لای
یەكتر باسبكەن، كە بەمەش دەروونیان دەحەسێتەوە
و ئارام دەبنەوە، چونكە ڕەنگە ئافرەت نەتوانێت
كێشەكانی لەگەڵ خەسووەكەی یان مێرد و براكەی
باس بكات".
|