|


سڤیل: كاوە شێخانی
پیاوێك لەشارۆچكەی كۆیە، وەكو خۆی دەڵێت "دوای
21 ساڵ كاركردن لەبواری هونەری مۆسیقا و
شانۆ"، دەسبەرداری حەزە هونەرییەكەی دەبێت و
ماوەی 5 ساڵە نووسینگەیەكی خێرخوازی لەكۆیە
دامەزراندووە و ماڵە هەژارەكانی دەڤەرەكە
بەسەر دەكاتەوە، هەر ئەو بەرپرسەی نووسینگە
خێرخوازییەی كۆیە گلەیی ئەوەش دەكات، كە
"ئەحمەد ئیسماعیل" پیاوی خێرخوازی شاری
هەولێر، سەرباری ئەوەی كە خۆی بەڵێنی پێداون
هاوكاریان بكات، بەڵام بۆ سێ مانگ دەچێت
وەڵامی داواكەی ئەوانی نەداوەتەوە.
پشتیوان كاكل عەبدوڵڵای تەمەن 41 ساڵ، بیرۆكەی
دامەزراندنی (نووسینگەی هەرەوەزی كۆیە بۆ كاری
خێرخوازی) بۆ (سڤیل) وەها باسكرد
"بەدیاریكراوی، لەبەرواری 4/2/2005 بیرم لەوە
كردەوە، كە چۆن بتوانم خزمەت بەچینی هەژاران
بكەم، چونكە هەر لەسەرەتایی ژیانم، هەموو
جارێك كە هەژارێك یان منداڵێكی بێنازم دەبینی،
شەو و رۆژ بیرم لێدەكردەوە و لەدڵم
دەرنەدەچوو. تارۆژێك ماڵێكی زۆر هەژار و
دەسكورتم بینی، منیش ناچار بووم خاوەن ماڵەكەم
لەگەڵ خۆمدا بۆ لای دەوڵەمەندەكانی شاری
كۆیە".
پاش ئەوەی كێشەی نەبوونی ئەو ماڵە هەژارە
چارەسەر دەكات، چەندین ماڵی دیكەی هەژاریش بەو
شێوەیە دەباتە لای دەوڵەمەندەكانی كۆیە و ئەمە
دەبێتە دەسپێكی بیرۆكەی دامەزراندنی نووسینگە
خێرخوازییەكەی.
بەرپرسی نووسینگە خێرخوازییەكەی كۆیە، بەوەش
ناوەستێت و بەرنامەیەكی خێرخوازیش بەناوی
(بەرنامەی سۆز) لەتەلەفزیۆنە لۆكالییەكەی
شارۆچكەی كۆیە پێشكەش دەكات و بەو هۆیەوەش
خەڵكێكی زۆر لەخۆی كۆ دەكاتەوە. (پشتیوان
كاكل) هەموو ئەو كارانەشی كە لەماوەی 5 ساڵی
رابردوو كردوونی، بەدیكۆمێنت كردووە و ئاماژە
بۆ ئەوە دەكات كە تاوەكو ئێستا لەنووسینگە
خێرخوازییەكەی ئەودا 640 ماڵە هەژار كۆمەك
كراون و 28 نەخۆش لەنەخۆشخانەی (دكتۆر خالید)
نەشتەرگەریان بۆ كراوە و 4 نەخۆشیش
لەنەخۆشخانەكانی تاران چارەسەریان بۆ كراوە،
هەروەها 4 خانوو بۆ 4 خێزانی هەژار كڕدراون و
3 پارچەزەویش بۆ سێ ماڵی دیكە دابینكراوە،
لەگەڵ دابینكردنی موچەیەكی مانگانە بۆ 38
خوێندكاری هەژار لەزانكۆ و پەیمانگاكاندا،
ئەمە جگە لەدابەشكردنی خۆراك و جلوبەرگ و گۆشت
لەجەژنەكانی نەورۆز و رەمەزان و قوربانی.
بەرپرسی نووسینگەی هەرەوەزی كۆیە بۆ كاری
خێرخوازی، هێما بۆ ئەوەش دەكات، كە ئەوان زۆر
سوپاسگوزاری دكتۆر (دەوەن جەمال حەوێزی)
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی دكتۆر خالید
لەكۆیە دەكەن، كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانیان
بووە، چ لەچارەسەركردنی نەخۆشەكان
لەنەخۆشخانەی كۆیە، چ بۆ ئەو نەخۆشانەشی كە
رەوانەی نەخۆشخانەكانی تاران كراون و ئەو
هەموو پێداویستییەكی لەفریاگوزاری و ئامبۆلانس
تا سەر سنور بۆ نەخۆشەكان دابینكردووە. هاوكات
(پشتیوان عەبدوڵڵا) سوپاسی دكتۆر (سەروەر
قوربانی)ش دەكات، كە تاوەكو ئێستا 28
نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەكان ئەنجام داوە و موچەی
بۆ سێ ماڵەهەژاریش لەكۆیە لەسەر گیرفانی خۆی
بڕیوەتەوە.
پشتیوان كاكل عەبدوڵڵا، ئەوەش دەخاتەڕوو كە
ئەوان هەر بەهاوكاریكردنی ماڵە هەژارەكانی
كۆیە نەوەستاون، بەڵكو هاوكاری ئەو ماڵە
عەرەبانەش دەكەن، كە ئێستا لەكۆیە
نیشتەجێبوونە، هاوكات كۆمەكی ئەو ماڵە هەژارە
كۆییانەش دەكەن، كە ساڵانێكە لەشاری بەغدا
دەژین، دەشڵێت "ئێستا لەحەوزی بیتوێن و
پشدەریش خەڵكی هانامان بۆ دەهێنن و ئەوانیشمان
بەدەسبەتاڵی نەگەڕاندۆتەوە".
نووسینگەی هەرەوەزی كۆیە بۆ كاری خێرخوازی،
وەكو بەرپرسی نووسینگەكەی هێمای بۆ دەكات،
گرنگییەكی زۆریش بەچارەسەركردنی كێشە
كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكە دەدات و دەڵێت
"تائێستا توانیومانە 12 كێشەی كۆمەڵایەتی ناو
خێزان چارەسەر بكەین، كە بەهۆی نەبوونییەوە
روویاندابوو، لەوەش گرنگتر سێ هەوڵی خۆكوژیمان
پوچەڵ كردۆتەوە، كە ئەوانیش هەر بەهۆی نەبوونی
پەنایان بۆ خۆكوشتن بردبوو، بەڵام دواتر
ئەوانەمان هێناوەتە نووسینگە و كۆمەكمان
كردوون و ئێستاش لەحاڵەتێكی نەفسی زۆرباش
دەژین".
سەبارەت بەو بەڵێنەش كە (ئەحمەد ئیسماعیل)
كەسایەتی دیاری شاری هەولێر، دابوویە ئەو
نووسینگە خێرخوازییەی كۆیە بۆ كۆمەكیكردنیان،
پشتیوان عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوە، كە "رۆژێك شێخ
چاپوك عومەر قایمقامی كۆیە، لەلای نەوزاد هادی
پارێزگاری هەولێر دەبێت، لەو كاتەش ئەحمەد
ئیسماعیل دێتە لای پارێزگار و قسە بەقسە شێخ
چاپوك باس لەنووسینگە خێرخوازییەكەی ئێمە
دەكات، ئەحمەد ئیسماعیلیش داوا لەشێخ چاپوك
دەكات، كە نووسینگەكەمان نووسراوێك بكات بۆ
پارێزگاری هەولێر، ئەویش پشتگیری بكات و
رەوانەی دەزگای نانەكەلی خێرخوازی ئەحمەد
ئیسماعیلی بكات"، پشتیوان عەبدوڵڵا دەڵێت
"كاتێك شێخ چاپوك گەڕایەوە كۆیە، بۆ شەو
تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی لەرێگەی پارێزگاری
هەولێر نووسراوێك بۆ ئەحمەد ئیسماعیل بكەن و
منیش پشتگیری خۆم دەردەبڕم".
پاش ئەوەی نووسینگەی هەرەوەزی كۆیە بۆ كاری
خێرخوازی، نووسراوەكە بۆ پارێزگاری هەولێر
دەبەن و لەوێش دەیبەن بۆ دەزگای نانەكەلی
خێرخوازی ئەحمەد ئیسماعیل، بەڵام وەك
بەرپرسەكەی نووسینگە خێرخوازییەكەی كۆیە
ئاماژەی بۆ دەكات، ئەوە بۆ 3 مانگ دەچێت ئەوان
هەر لەچاوەڕوانی وەڵامەكەی ئەحمەد ئیسماعیلن.
پشتیوان عەبدوڵڵا دەڵێت "چاوەڕوانی خێرخواز
كاك ئەحمەد ئیسماعیلم كە وەڵامی نووسراوەكەمان
بداتەوە، چونكە ئێمە بەڵێنمان بەهەژارانی شاری
كۆیە داوە، كە خێرخوازی ناسراوی شاری هەولێر
كاك ئەحمەد ئیسماعیل هاوكاریمان دەكات".
پشتیوان عەبدوڵڵا هێمای بۆ ئەوەشكرد، كە چوار
مانگ لەمەوبەر وەكو ستافی نووسینگەی خێرخوازی
كۆیە، نووسراوێكیان ئاراستەی دكتۆر (بەرهەم
سالح)ی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
كردووە، بەمەبەستی چاوپێكەوتن و
ئاگاداركردنەوەی لەكێشە و مەینەتییەكانی خەڵكی
هەژار لەكۆیە، بەڵام تائێستا هەر لەچاوەڕوانی
دان و هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە، پشتیوان
دەڵێت "ئێمە وەكو ستاف داوای پارەی لێناكەین
بۆ خۆمان، تەنها دەمانەوێت هاوكاری هەژاران
بكرێت و ئەو كارەشی كە ئێمە دەستمان داوەتێ،
ئەوە كاری حكومەت خۆیەتی كە ئاگای لەخەڵكی
دەسكورت بێت، ئێمە تەنها نامانەوێت كە خەڵكی
هەژار لەحكومەت یاخی بێت، چونكە كارەساتی
لەدواوەیە"، جگە لەو نووسراوەش كە ئاراستەی
سەرۆكی حكومەتیان كردووە، بەرپرسی ئەو
نووسینگە خێرخوازییە دەڵێت "لەكاتی دانانی
پەیكەری حاجی قادری كۆیی لەشاری كۆیە،
نووسراومان داوەتە خانمی یەكەمی عێراق
(هێرۆخان)، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامی
نەداینەوە".
بەڵام وەك پشتیوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ دەكات،
كە ئەو لە بەڵێنەكانی هەموو لایەك بێئومێد
بووە، بەڵام لەو بەڵێنەی ئەحمەد ئیسماعیل و
هاوكاریكردنی لەلایەن هەولێرییەكان، بێئومێد
نییە و دەڵێت "ئەی خێرخوازانی شاری هەولێر،
ئێوە شاری سوڵتان موزەفەرن، ئێوە لانەی
هەژاران و لێقەوماوانن، هیچ دەسەڵاتێكم نەماوە
و هانام بۆ ئێوە هێناوە، كە هاوكاری
نووسینگەكەم بكەن، چونكە حیزب و حكومەت هیچی
بۆ نەكردم".
|