زیو پێشبڕكێی زێڕ دەكات  

 

 

زیو هەرزانە، یان مۆدیلێكی جوانە؟

سڤیل: بەهێز عوسمان




ئێستا زیو پێشبڕكێی زێڕ دەكات و كچان و كوڕان زیاتر روو لەبەكارهێنانی زیو دەكەن، ئەمەیش وەكو مۆدێلێك سەیر دەكرێت، فرۆشیارانی زیویش، دەڵێن فرۆشتنی زیو روو لەزیاد بوونە، بەڵام ئابوریناسان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی، هۆكاری بەكارهێنانی زیو بۆ مۆدێل و هەرزانی و چاولێكەری دەگەڕێننەوە.
زیو مۆدیلە، یان هەرزانە؟
ڕەوشت محەمەد، خاوەنی دوكانی زیو فرۆشتنە لەشەقامی مەولەوی، سەبارەت بەبەكار هێنانی زیو، دەڵێت "ئەو نەخشەی لەزیودا دروسدەكرێت، لەئاڵتوندا ئەو نەخش و مۆدێلە دروستناكرێت، بۆیە شێوەیەكی جوانی هەیە و چەندین ساڵە لەئەوروپاش بەكاردەهێنرێت". بەوتەی خاوەن دوكانەكە، لەئەوروپا نزیكەی پەنجا ساڵە، تائێستاش بایەخ بەبەكارهێنانی زیو دەدرێت و كردوویانە بەمۆدێل، ئەو دەڵێت "بەهۆی هەرزانییەوە نییە، كە گەنجان بەكاری دەهێنن، بەڵكو مۆدێلە، چونكە چەندین كەس دێتە دوكانەكەم، زۆر دەوڵەمەندیشن، بەڵام زیو بەكار دەهێنن".
دیاری رەئوف، خاوەن دوكانی زیو لەدەبۆكە، ئەویش باس لەوە دەكات، كە بەهۆی ئەوەی ئێستا زیو دەتوانرێت تەقلیدەكەی دروستبكرێت و بەشێوەیەكی جوانیش نەخشی تێدابكرێت، كە نرخێكی كەم دەكەوێت و لەبازاڕەكانیش بەهەرزان دەفرۆشرێت، بۆیە بازاڕی باشترە لەزێڕ، هەروەك ئەویش دەڵێت "كۆمەڵگای ئێمەش هەمیشە بەدوای شتی هەرزاندا دەگەڕێت، هەر بۆیە كردویانە بەمۆدێل و رۆژ لەدوای رۆژ بەكارهێنانی روو لەزیاد بوونە". بەلای (شنۆ عومەر)ی تەمەن 20 ساڵیشەوە، هەرچەندە زێڕ جوانترە لەزیو، بەڵام ئێستا كە زیاتر مۆدێلی زیوە، هۆكارەكەی ئەوەیە، چونكە زیاتر لەگەڵ مۆدێلی جلوبەرگی ئێستادا دەگونجێت، بەڵام وەك ئەو گوتی "هەندێ جلوبەرگیش هەیە كە لەگەڵ زێڕدا زیاتر دەگونجێت".
زیو لەزێڕ جوانتر نییە
ترێ تاهیر، تەمەن 19 ساڵ، ئەویش لەبارەی بەكارهێنانی زیاتری زیو لەزێڕ لەلایەن كچانی ئێستاوە، گوتی "لەبەر ئەوە زیو بەكار دەهێنم، چونكە بووە بەمۆدێل، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە زیو لەزێڕ جوانتر بێت، بەڵكو هەریەكەیان جوانی خۆیان هەیە، بەڵام ئێستا زیاتر كچان و تارادەیەك كوڕانیش زۆرتر زیو بەكاردەهێنن".
زێڕ بۆ پیاو حەرامە
ئارام فەرەج، تەمەن 22 ساڵ، بەلای ئەویشەوە، زیو لەزێڕ جوانترەو نرخەكەشی گونجاوترە، وەك ئەویش ئاماژەی بۆ دەكات بەكارهێنانیشی بۆ كوڕان حەرام نییە، دەشڵێت "چونكە لەرووی دین و تەندروستیشەوە زێڕ بۆ ڕەگەزی نێر، خڕۆكەی سپی دەكوژێت، بۆیە دینی ئیسلام زێڕی بۆ پیاو حەرامكردووە".
رێناس سەلاحەدین، توێژەری كۆمەڵایەتی، ئەویش لەلای خۆیەوە ئاماژە بەوە دەكات، كە بۆیە ئەمڕۆ زیاتر خەڵك زیو بەكاردەهێنێت، چونكە مۆدێلە و هەرزانیشە، بەڵام لەڕووە كۆمەڵایەتییەكەشەوە ئەگەر لێی بڕوانین، وەك ئەو دەڵێت "دەبینین جۆرێك لەچاولێكەریو لاساییكردنەوەی پێوە دیارە".
چاو لەئەوروپا
كامەران ئەحمەد، خوێندكاری دكتۆرا لەكۆلێجی كارگێڕی و ئابوریی زانكۆی سلێمانی، ئەویش بەڕووە ئابورییەكەی مەسەلەكە ئاوا شیدەكاتەوەو دەڵێت "ئەم مەسەلەیە لەرووی ئابورییەوە پێی دەوترێت خەرجی بەكارهێنان، واتە ئەم خەرجییە لەپێناو خۆ ڕازاندنەوە دایە، كاتێكیش كەسێك پێویستی بەخۆ ڕازاندنەوە هەیە، لەو كاتەدا شتێكی هەرزان لای خۆی جوانتر دەكات لەشتێكی گران، ئەوەش پێی دەوترێت ڕەفتاری بەكارهێن". هەروەها وتیشی "شێوازی بەكارهێنانی ئێمە پەیوەستە بەو بەكارهێنانەی لەئەوروپادا هەیە، هەر شتێك بەكاربێت، ئێمەش لەڕێگەی راگەیاندن یاخود ئینتەرنێتەوە دەگاتە لامان و بەكاری دێنین، بۆیە لاوازی بارودۆخی ئابوری تاكە كەسی وایكردووە، كە ئێمەش ئەمجۆرە شتومەكانە بەكاربهێنین".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com