ژنان لە كاتی خۆ سووتاندنیان راستیەكان بۆ پۆلیس نادركێنن  

 

 

ئەو ژنانەی خۆیان دەسوتێنن دەرزی مردنیان لێ دەدرێت؟

سڤیل: محەمەد قادر- بەهار عەلی




ئافرەتە سووتاوەكان بۆ (سڤیل) دەدوێن، زۆرجار لەدەڤەری سۆران بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە ئافرەتێك خۆی سووتاندووە، كەچی كاتێ لەنەخۆشخانە لەلایەن پۆلیسەوە پرسیاری لێكراوە، راستیەكەی نەدركاندووە، بەڵكو هۆكارەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ رووداوە لەناكاوەكانی وەك غاز و پرێمز، بەرپرسی نوسینگەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتانیش لەسۆران، دەڵێت "بە نەدركاندنی راستیەكان هەم ئافرەتەكە خۆی دەسووتێت و هەم مافەكانیشی دەسووتێت".
شەیما، ناوی خوازراوی ئافرەتێكی دانیشتووی گەڕەكێكی شاری سۆرانە، ئەو ئافرەتە نیشانەی سووتانی بەگەردەن و دەم و چاوییەوە دیاربوو، ئەو راستی هۆكاری سووتانەكەی بۆ روونكردینەوە بەو مەرجەی ناوەكەی بەخوازراوی بنوسرێت، چونكە وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، ئەو لەكاتی سووتانی لەنەخۆشخانە راستی رووداوەكەی بۆ پۆلیس نەوتووە، ئەو ئافرەتە گوتی "ساڵێك لەمەوبەر چەندین جار لەگەڵ هاوسەرەكەم تووشی دەمەقاڵە بوومەوە، بەهۆی ئەوەی مێردەكەم پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێك بەستبوو، هەرچەند كردم ئەو وازی نەهێنا، تا رۆژێك ژمارەیەكی زۆری حەبم خواردو لەهۆش خۆم چووم، دوای ئەوەی لەنەخۆشخانە چارەسەریم بۆ كرا و گەڕاندمیانەوە ماڵەوە، بەم هۆیە ماوەیەكی زۆر لەسەر جێگام كەوتم، دوای چاكبوونەوەم هاوسەرەكەم بەڵێنیدا كە جارێكی دیكە روو نەداتە كچەكە، دوای ئەوە ماوەیەكی بەسەرچوو هەستمكرد مێردەكەم دووبارە پەیوەندی خۆشەویستی بەستووە لەگەڵ هەمان كچی پێشوو، یەكسەر تووشی هەڵچوونی دەرونی بوومەوە و لەحەوشەی ماڵەكەماندا، جامێك نەوتم بەخۆم داكرد و بەدیار منداڵە وردەكانمەوە گڕم لەخۆم بەردا، ئەوەندە ئازارم دیت هیچ شتێك بەو شێوەیە ئازاری نەداوم، دوای ئەوە دروسێكانمان هاتن و ئاگرەكەیان كوژاندەوە و منیان بەرەو نەخۆشخانە برد". شەیما، گوتیشی "بەڵام لەڕێگا پێیان وتم ئەگەر بڵێت من خۆم گڕم لەخۆم بەرداوە، یەكسەر لەنەخۆشخانە دەرزی مردنت لێدەدرێت و منداڵەكانیشت یەتیمو پەرتەوازە دەبن، بۆیە واباشە بڵێی بەهۆی رووداوی پرێمزەوە بووە، هەر بۆیەش كاتێ لەنەخۆشخانە پرسیارم لێكرا، راستیەكەم نەدركاند و گوتم بەهۆی رووداوێكی لەناكاو بوو، خەریكی جێشتلێنان بووم و ئاگرم تێبەربوو، كەچی دوای چاكبوونەوەم هەم مێردەكەم تەڵاقی دام و هەم منداڵەكانیشی لێستاندمەوە، بۆیە پەشیمانم كە راستیەكەم نەدركاند بەڵام ئێستا لەدوای چی، ئەگەر دان بەڕاستیەكانیش بنێم كەس باوەڕم پێناكات".
هەدیە، بەهەمان شێوە ناوێكی خوازراوە و ئەو ژنەش تەمەنی 25 ساڵە، ئەویش گوتی "من لەرقی بەزۆر بەشوودانم گڕم لەخۆم بەردا و بەشێكی زۆری جەستەم سووتا، كەچی كاتێ پۆلیس پرسیاری لێكردم، راستیەكەم پێنەوتن و گوتم لەكاتی جلشوشتن لەناكاو ئاگرم تێبەربوو، هۆكاری راست نەگوتنەكەشم ئەوەبوو باوك و براكانم گوتیان، لەلای پۆلیس بڵێیت بەخۆم، خۆم سووتاندووە، دوای چاكبوونەوەت دەتكوژین، ئەگەر ئێمەش نەتكوژین لەنەخۆشخانە دەرزی مردنت لێدەدرێت و كۆتای بەژیانت دێت، منیش بەرلەوەی خۆم بسووتێنم دەمویست كۆتای بەژیانم بهێنم، بەڵام كاتێ خۆم بەسووتای دیتەوە، راستەوخۆ پەشیمان بوومەوە و ژیانم خۆشویست، بۆیە هەرچەند پرسیاریان لێكردم راستیەكەم نەدركاند، ئەفسەرێكی پۆلیس پێی گوتم، هۆكاری راستەقینەی ئەو رووداوەم بۆ روونبكەوە بەڵێن بێت پارێزگاری تەواوت لێبكەم، كەچی هەر گوتم بەهۆی رووداوێكی لەناكاو سووتام، دەبوایە راستیەكەم بدركاندبوایە، ئێستا زۆر پەشیمانم، یەكەم لە خۆسووتاندنەكەم دووەم لەروون نەكردنەوەی رووداوەكە بۆ پۆلیس، چونكە دڵنیام ئەگەر راستیم بگوتبایە لەبەرژەوەندی خۆم دەبوو، دەبووە پەندێكێش بۆ ئەو باوك و برا بێویژدانانەی كە غەدر لەرەگەزی مێینە دەكەن".
ئافرەتێكی دیكەی تەمەن 36 ساڵ، كە ئەویشیان دانیشتووی گوندێكی سەر بەقەزای سۆرانە، ئەویش شوێنی سووتانەكەی بەجەستەیەوە دیاربوو، بەڵام ئەو نەیویست ناوەكەی نە بەراستی و نە بەخوازراو بنوسرێت، ئەو ئافرەتەش گوتی "مێرەكەم تابڵێی لەگەڵم خراپ بوو، هەمیشە ئەشكەنجەی دەدام، كاتێ توڕە دەبووم و دەچوومەوە ماڵەوەش، ئەوانیش رایاننەدەگرتم و دەیانگوت خۆت تاوانباری دەبێت بچیتەوە لای مێردەكەت، منیش بەهۆی ئەوەی دایكی راستەقینەم كۆچی دوای كردبوو زڕدایكم هەبوو، ناچاربووم لەپێناو كۆتایی هێنانم، گڕم لەخۆم بەرداو خۆم سووتاند، بەڵام برای مێردەكەم لەگەڵ برادەرێكی لەوكات هاتنە ماڵەوەمان و ئاگرەكەیان كوژاندەوە، دوو كوڕ و كچێكم هەبوون، ئەوانیش بەدەورم دەسوڕانەوە و دەگریان، كاتێ بردمیان بۆ نەخۆشخانە بەر لەوەی من هیچ قسەیەك بكەم باوكم و زڕداكم دەیانگوت كچەكەی ئێمە نەخۆشی دەرونی هەیە و مێردەكەی زۆر لەگەڵی باشە، تەنها خۆی تاوانبارە لەئەنجامدانی ئەو كارە، هەر بۆیەش هەرچەند پۆلیس داوایكرد كە شتێك بڵێم و باس لەهۆكارەكە بكەم، من لەرقی باوكم و زڕدایكم هیچم بۆ نەهات و بێدەنگبووم".
لەبارەی هۆكاری نەدركاندنی راستیەكانیش لەلایەن ئافرەتانەوە لەكاتی خۆسووتاندن و زامداربوونیان، نەقیب (خۆشەوەی تەها) بەرپرسی نوسینگەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەسۆران، بۆ (سڤیل) دواو گوتی "بەداخەوە زۆرجار دەبینین ئافرەتان لەسەر شتێكی كەم پەنایان بۆ خۆسووتاندن و خۆكوشتن بردووە، ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە نەكوژران و نەسووتان چارەسەری كێشەكە نین، بەڵكو زەرەرمەندی یەكەم ئافرەت بووە، لەهەمووش ناخۆشتر ئەوەیە كاتێك ئافرەتێك بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە پەنا بۆ خۆكوشتن یان خۆسووتاندان دەبات، لەنەخۆشخانە راستیەكە نادركێنێت و دەڵێت بەهۆی پرێمز یان غاز سووتاوم".
بۆیە وەكو نەقیب (خۆشەوی تەها) دەڵێت "ئەوە كێشەیەكی گەورەیە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ ئەفسەرەكانی ئێمەش لەبنكەكانی پۆلیس، لەهەموو شوێنێكدا، من خۆم زۆرجار رووبەڕوی كێشەی وا بوومەتەوە كە بەتەنهاش چوومەتە لای ئافرەتەكە و كەسوكارەكەم لەژوورەكەی لابردووە، گوتوومە من فلان كەسم هۆكاری سووتانەكە یان زامدار بوونت بڵێ، كەچی راستی رووداوەكەی نەدركاندووە و گوتویەتی لەناكاو وام لێهاتووە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە زۆرجار گوێبیست بووینە، لەكاتی زامداربوون و خۆسووتاندنی ئافرەتێك لەماڵەوە، دووسێ ئافرەت لەگەڵی دێن بۆ نەخۆشخانە، لەرێگا پێی دەڵێن ئەگەر بڵێی من بەخۆم ئەو كارەم كردووە بەدەرزی دەتكوژن، یان دەڵێن ئەگەر راستیەكەی بڵێی پیاوەكەشت دەسگیر دەكەن و منداڵەكانت پەرتوبڵاو دەبن، ئافرەتانیش خۆش باوەڕن، بۆیە دەڵێت بەهۆی پرێمز سووتام یان بەهۆی رووداوێك لەناكاو وام لێهاتووە".
ئەو بەڕێوەبەرەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەسۆران، گوتیشی كە "ئەوە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە ئێستا مافی مرۆڤ و چەندین رێكخراوی دیكە هەن، بۆیە هەرگیز پێشبینی ئەوە ناكرێت، كە دەرزی لەئافرەتی سووتاو یا زامدار بدرێت بۆ ئەوەی بكوژرێت، بەڵكو بەهەموو شێوەیەك هەوڵی رزگاركردنی دەدرێت، وەك دیاریشە ئەگەر ئافرەت راستی رووداوەكە نەڵێت، نەدادوەر و نەپۆلیس و نەئێمەش هیچ شتێكمان پێناكرێت، بۆ ئەوەی داكۆكی لەو ئافرەتە بكەین، لەئەنجامدا هەم خۆیان دەبنە قوربانی و هەم مافەكانیشیان دەسووتێت".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com