|
سڤیل:
هاوكار محێدین
بۆ دوورخستنەوەیان لەهەڕەشەی كوشتن لەلایەن
كەسوكاریانەوە (26) ژن دەپارێزرێن و (41) ژنیش
بەهۆی كاری لەشفرۆشییەوە دەسگیر دەكرێن،
هاوكات (10) منداڵیش بەهۆی كاری بەدڕەوشتی،
دوای دەسگیركردن و پاشتر حوكمكردنیان، دەخرێنە
بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان لەشاری
دهۆك.
ئیسماعیل ئیبراهیم ئورەیی، بەڕێوەبەری چاكسازی
ژنان و منداڵان لەشاری دهۆك، لەدیدارێكی
تایبەت بە(سڤیل)، ئاماژەی بەوەكرد كە تەنها
لەدوو ساڵی رابردوو (464) ژن و منداڵ لەدهۆك
دەسگیركراون، كە لەو ژمارەیە (169) زیندانی ژن
و (295) بەندكراوی منداڵ بووە، گوتیشی كە "لەو
ژنانەی كە دەسگیركراون 41 ژن لەسەر كاری
لەشفرۆشی بووە و 2 ژنیش حوكمی لەسێدارە دانیان
بۆ دەركراوە، بەڵام تائێستا حوكمەكەیان جێبەجێ
نەكراوە".
ئەو بەڕێوەبەرەی چاكسازی ژنان و منداڵان،
ئەوەشی ئاشكراكرد كە لەساڵی 2008 لەسەرجەمی
136 ژن كە دەسگیركراون 25 لەوان حوكم دراون،
بەڵام لەساڵی 2009 سەرباری ئەوەی رێژەی گرتیان
كەم دەبێتەوە بۆ 134 ژن، بەڵام رێژەی
حوكمدراوەكان بەرز دەبێتەوە بۆ 35 ژن، گوتیشی
"ئەو ژنانەی تائێستا حوكم دراون، 13 یان لەسەر
كاری لەشفرۆشی بووە و 3 ژن لەسەر دزی و 3 ژنی
دیكە بەتاوانی كوشتن و 6 لەسەر سواڵكردن و 4
ژنی دیكە لەسەر فێڵكردن و 4ی دیكە بەهۆی
پاسەپۆرتی ساختە و 1 لەسەر ساختەكاری و ژنێكی
دیكەش بەهۆی بەدڕەوشتی لەدادگا حوكم دراون".
هاوكات بەڕێوەبەرەكەی چاكسازی ئاماژەی
بەوەشكرد، كە ئەو ژنانەی تاوەكو ئێستا چاوەڕێی
بڕیاری دادگا دەكەن، 28 ژن لەسەر كاری
لەشفرۆشی گیراوە و 24 ژن لەسەر سواڵكردن و 5
ژن بەهۆی پاسەپۆرتی ساختە و 8 ژن بەتاوانی
كوشتن و 3 ی دیكە بەهۆی كاری ساختەكاری و 5
ژنی دیكە لەسەر فێڵكردن لەدادگا و 5 لەسەر
كاری فڕاندن و 4 ژن بەتاوانی تیرۆر و 26 ژن بۆ
پاراستنی گیانیان و ئەوانەی دیكەش بەهۆی كێشەی
جۆر بەجۆرەوە دەسگیر كراون.
ئیسماعیل ئیبراهیم، لەبارەی ئەو منداڵانەشی كە
لەبەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و مندڵان
لەدهۆك دەسگیركراون، هێمای بۆ ئەوەكرد كە
لەساڵی 2008 لەسەرجەمی 245 منداڵ كە
دەسگیركراون 57 لەوان تائێستا دادگایی كراون،
بەڵام لەساڵی 2009 سەرباری ئەوەی رێژەی منداڵە
دەسگیركراوەكان نزم دەبێتەوە بۆ 232 منداڵ،
لەبەرامبەردا رێژەی منداڵە حوكمدراوەكان بەرز
دەبێتەوە بۆ 63 منداڵ، هاوكات ئاماژەی
بەوەشكرد كە ئەو منداڵانەی لەساڵی 2009 حوكم
دراون 34 منداڵ بەهۆی دزییەوە بووە و 9 لەسەر
شەڕكردن بووە و 6 بەهۆی ساختەكاری و 3 لەسەر
پاسەپۆرت و 4 لەسەر تاوانی كوشتن و 3 لەسەر
بەدڕەوشتی و 6 لەسەر تیرۆر و ئەوانەی دیكەش
بەهۆی كێشەی جۆراوجۆر بووە، گوتیشی "ئەو
منداڵانەی كە لەساڵی 2009 دەسگیركراون و
تائێستا چاوەڕوانی حوكمی دادگا دەكەن 69 بەهۆی
دزییەوە بووە و 69ی دیكەش لەسەر رووداوی
هاتوچۆ و 23 بەهۆی شەڕكردن و 7 لەسەر
بەدڕەوشتی و 5 بەتاوانی كوشتن و 6 لەسەر تیرۆر
و 5 لەسەر قوماركردن و ئەوانەی دیكەش لەسەر
كێشەی جۆراوجۆر دەسگیركراون".
بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵان، ئەوەشی
خستەڕوو كە تەنها لەساڵی رابردوو 245 ملیۆن
دینار بۆ خواردنی زیندانییەكان خەرجكراوە و
پارەیەكی زۆر لەوە زیاتریش بۆ پێداویستی و
جلوبەرگی زیندانییەكان سەرفكراوە، ئەمە جگە
لەوەی كە هەر زیندانییەك موچەیەكی مانگانەی 30
هەزار دیناری لەبەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی
كۆمەڵایەتی وەردەگرێت. گوتیشی "هەر زیندانییەك
لەماوەی 15 جارێك مافی ئەوەی هەیە كە
بەتەلەفۆن پەیوەندی بەخێزانەكەیەوە بكات و
ماوەی 7 تا 10 رۆژیش سەردانی ماڵەوە بكات، كە
تائێستا 15 كەس مۆڵەتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە
ناو خێزانەكەی".
|