ئەو پیاوەی هەموو شتێكی خۆی بە عەشق بەخشی و بە دەسبەتاڵی گەڕایەوە  

 

 

سڤیل: شادمان مستەفا

هێمن گەنجێكی تەمەن 30 ساڵی باریكی باڵابەرزی سپی پێست بوو، بەردەوام لەگۆشەی كافتریاكەدا بەتەنها دادەنیشت و جگەرەیەكی دەنا بەلێویەوە، ئەو زۆر بەكەمی خەندە دەچووە سەر لێوانی، بەردەوام كەسێكی خەمباربوو، زۆربەی كاتەكانی بەبیركردنەوە دەگوزەراند.
ئەو ڕۆژە باران خەڵكەكەی بەزۆر دەخزاندە نێو كافتریاكەوە، منیش باران تەواوی جەستەمی تەڕكردبوو، بەبێ سڵاو لەتەنیشت هێمن دانیشتم و دەستم بەڕۆژنامە خوێندنەوە كرد، ئەو زوو زوو سەیری رۆژنامەكەی دەستمی دەكرد، كاتێك چوومە سەر لاپەڕەی بورجەكان، دەستی لەسەر بورجەكەی خۆی دانا و داوای لێكردم كە بۆی بخوێنمەوە، ئەوساتە زانیم كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، پاش تەواوبوونم لەخوێندنەوە، گفتوگۆ كەوتە نێوانمان، سەرەتا لەباسكردنی فكر و پاشان مەسەلەی نەتەوایەتی، ئینجا سیاسەت و عەشق، گفتوگۆكەمان گەرمتر كرد.
ئەم دانیشتنە بووە هۆی دروستبوونی هاوڕێیەتیمان، ئەو باسی خۆی بۆ دەكردم و بێهیوایی و خەفەت لاوازی كردبوو، هەموو ژیانی بەخشیبوو بەعەشق، عەشقێك هەرەسی بەگەنجێتی هێنابوو، عەشقێك كەسوكار و نیشتمان و دایكی بیر بردبۆوە، ئەو خۆشی نەیدەزانی ئامانجی لەعەشقەكەی چییە؟!.
پێشنیاری كرد كە باسی ژیانی خۆیم بۆ بكات، منیش بەخۆشحاڵییەوە گوێم بۆ گرت، بەڵام ئەو دەیویست ڕۆژێك بەتایبەت دابنێین، تاوەكو تەواوی بەسەرهاتەكەیم بۆ بگێڕێتەوە، نەوەك لەكافتریا جەنجاڵەكەدا.
بەپیاسەكردن چووینە باخچەیەكەوە و لەژێر سێبەری پیرەدارێك، كورسیەكی دارینمان كرد بەشوێنی دانیشتنمان، هێمن دەستی بەگێڕانەوە كرد "ئەو تووشی نەخۆشی دەروونی كردم، ئەو وای لەمن كرد دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیشم فەرامۆش بكەم، من هەموو شتێك بووم بۆ ئەو، بەڵام ئەو هیچ. هەموو بەیانیەك تادرەنگانی شەو پێكەوە كارمان دەكرد، هەموو ساتێك پێكەوە بووین، پێمخۆشبوو هەمیشە داواكارییەكم لێبكات و بۆی جێبەجێ بكەم، لەیادمە جارێك بەخەمباری بینم، زۆرم پێناخۆشبوو، لێم پرسی: گیانەكەم بۆ هێندە خەمباری؟ گوتی: ئەنگوستیلەكەم لێ ونبووە، دیاری خوشكە گەورەكەمە تازە نایدۆزمەوە. شوێنی كاركردنمان لەنزیك دێیەك بوو، دەورمان هەموو دەشت و باخ بوو، یەكێك لەهاوڕێكانم بانگ كرد و لایتێكم دایە دەستی و خۆشم سەیری زەویەكەم دەكرد، هەر ئەو شەوە ئەنگوستیلەكەم بۆ دۆزییەوە و پێم دایەوە، زۆر دڵی پێی خۆشبوو سوپاسی كردم و لێی پرسیم چۆن بەم تاریكی شەوە و لەنێو ئەم دەشتەدا دۆزیتەوە؟ گوتم: من نەمدۆزیەوە، ئەوە عەشقە كە دۆزیەوە".
هێمن دەڵێت "لەتاو عەشقی ئەو، سێ جار پەتم بەبنمیچی دیواردا هەڵدا و خۆم هەڵواسیوە، جارێك پێكەوە شەڕمان بوو، پەتم خستە ملم و ویستم خۆم بخنكێنم، خۆی هات بەچەقۆ پەتەكەی ملمی پچڕان و ڕزگاری كردم، جارێك چەقۆم لەدەست و قۆڵم دا هات بۆ لام دەستی بۆ شۆردم و بەقوماش بەستی تاخوێنی لێنەڕوات. كاتێك لەگەڵم دابوایە و كەسێك بانگی بكردایە تەنانەت گەر منداڵێكی بچووكیش بوایە، ئیرەیم پێدەبرد واهەستم دەكرد دەیەوێت لێم زەوت بكات. مانگی ڕابردوو پێی گوتم: دەمەوێت پەیوەندیەكەمان بگۆڕین بەهاوڕێیەتی. منیش وتم: گرنگ نییە تۆ چۆن سەیری پەیوەندیەكەمان دەكەیت، گرنگ ئەوەیە من عاشقتم".
قسەكانیم پێ بڕی و لێم پرسی، سەرەتای یەكترناسینتان كەی بوو؟. هێمن بەخەمباریەوە وتی "بەهۆی حیزبەوە ناسیم، لەئێران ئەندامی مافی مرۆڤ بووم، كە باوكم كۆچی دوایی كرد، دایكم پێی گوتم: كوڕم باوكت پێش مردنی ئاواتی ئەوەبوو، كوڕەكەی ببێت بەپێشمەرگە، منیش تەنها ئاواتم ئەوەیە بچیتە حیزبێكەوە، ببیت بەپێشمەرگە، منیش بەدایكم گوت: لەبەر دڵی تۆ و گیانی باوكم دەبمە پێشمەرگە".
هێمن بەردەوامی دایە قسەكانی و گێڕایەوە كە "ڕۆژێك كچێك هات بۆ لام، وتی دەتوانم لات دابنیشم. لەپەری دەریاكان دەچوو، باڵای ڕێك و چاوەكانی سەرنجڕاكێش بوو، هێدی هێدی قسەی بۆ دەكردم و بەزمان لێوە ئاڵەكانی تەڕ دەكرد، بەخۆم دەگوت چۆنە ئەمە شەش مانگە ئەم كچە جوانەم نەبینیوە، بەدەست خۆم نەبوو، عاشقی بووم، ئیدی وای لێهات، زۆرترین كاتەكانمان پێكەوە بەسەر دەبرد، هەردووكمان عاشقی یەكتر بووین، بەبێ یەكتری نەماندەتوانی بژین. جارێك دایكی هات، ویستی بیباتەوە، شەو خۆم پێڕانەگیرا، چوم بۆ لای خۆی و دایكی، پێم وت: دایكت منەتت بەسەردا دەكات، دەڵێت نۆ مانگ تۆم بەسك هەڵگرتووە، بەخێوم كردوویت، بەڵام من هیچ منەتێكت بەسەردا ناكەم، تەنها دەڵێم عاشقتم، تكایە مەڕۆرەوە، گەر تۆ بڕۆیتەوە، منیش ناتوانم لێرە بژیم. كچەكە گوتی: من ناڕۆمەوە تۆم خۆش دەوێت و دەمەوێت لەگەڵ تۆ بمێنمەوە".
هێمن بەردەوامی دایەوە قسەكانی و گوتی "لەگەڵ یەكدا ماوەیەكی زۆر خۆش و پڕ لەشادیمان بەسەر برد، تەنها لەخەوتندا پێكەوە نەبووین، هەرگیز بەخەیاڵی خراپەوە دەستم بۆ نەبردووە، لای من عەشق بۆ ئەوە نەكراوە كە هاوسەرگیری بكەیت، عەشق بۆ ئەوەیە تەنها سەیری بكەیت، چونكە گەر هاوسەرگیری بكەیت، عەشقەكەتان تێك دەچێت. چەند مانگێك ڕۆیشت خۆشەویستەكەم هاتە شاری سلێمانی، منیش لەكۆبوونەوەیەكدا دەستم لەكار كێشایەوە و ڕامگەیاند ئەم چەند ساڵە كە لێرە كار دەكەم تەنها لەبەر ئاواتی دایك و باوكم بووە و هیچ عەشقێكم بۆ حیزب نییە. بەناچاری دەست لەكاركێشانەوەكەمیان پەسەند كرد".
هێمن باسی ژیانی خۆی لەسلێمانی دەكات و دەڵێت "كە هاتم بۆ سلێمانی ویستم لەبەردەم مزگەوتی گەورەدا سواڵبكەم، لەپێناوی خۆشەویستەكەم نەچوومەوە بۆ شارەكەی خۆم، وازم لەو حیزبە هێنا كە خۆم بەشێك بووم لەدروستكردنی، وازم لەخوشك و برا و دایكم هێنا، بەڵام لەگەڵ گەیشتنم بەسلێمانی هەموو شتێك گۆڕا، تەنانەت ئەویش، سلێمانی بۆ من بوو بەگۆڕستانی خەونەكانم. ئێستاش جار بە جار بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ دەكەم، بەڵام ئەو وەك جاران نەماوە، گرنگیم پێنادات، جاری واهەیە بیردەكەمەوە، كە ڕەنگە لێرە كەسێكی لەمن باشتری دۆزیبێتەوە و منی فەرامۆشكردووە، بۆیە دواجار پێم گوت من تۆم خۆشدەوێت بۆ بەرامبەرم گۆڕاوی، ئەو گوتی: من نامەوێت تۆ بەهۆی منەوە سەرقاڵبیت و ژیانی خۆت بفەوتێنیت، ناشمەوێت پێكەوە هاوسەرگیری بكەین، دەمەوێت تەنها عەشقەكەمان وەك بیرەوەرییەكی خۆش بمێنێتەوە، دڵنیام هێمن كە هاوسەرگیری بكەین ڕۆژێك لێم توڕە دەبیت، ڕۆژێك هەر لێم دەدەیت و جنێوم پێدەدەیت، بۆیە نامەوێت ئەو ڕۆژانە ببینم، ئیدی بڕۆ هەردووكمان بەسەربەستی دەژین، چونكە من شایەنی ئەو عەشقە گەورەیەی تۆ نیم، تۆ هێندەی چیایەك بڵندیت و منیش وەك بەردێكی بچوكی دامێنی چیاكەم".
ئەو كوڕە عاشقە، هەم بەزەردەخەنەوە و هەم بەگریانەوەش گوتی "هەر دووكمان فرمێسك بەچاوانماندا دەهاتە خوار و فرمێسكەكانمان بۆ یەكتر دەسڕی، منیش كۆتا قسەی خۆم بۆ كرد و بەدەم هەنسكەوە پێم وت: گرنگ ئەوەیە لەیادت بێت كەسێك تۆی خۆشدەوێت و بەبوونی تۆ، ئەویش دەژی، تا كۆتایی ژینم هەر عاشقتم و یەك چركە فەرامۆشت ناكەم. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر تەلەفۆنی بۆ كردم و داوای لێكردم كە خوشكەكەی دێت بۆ سلێمانی، من بچم بیهێنم، خوشكەكەیم هێنا و پێش ئەوەی بڕۆم پێم وت: منت خۆشدەوێت؟ وتی: تائێستا من ڕۆیشتووم و تۆ دوام كەوتوویت و هاتوویت بەدوام دا، جارێك تاقی بكەرەوە تۆ بڕۆ و من دێم بەشوێنتدا، هەتا تۆ خۆتم لێ دوربخەیتەوە من لێت نزیك دەبمەوە، لەعەشقی خۆت زیاتر عاشقتم".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com