|
سڤیل:
رزگار كۆچەر
پاش ئەوەی بەخێرهاتنی هاوڕێكەی كرد، بەدەستێكی
ماشەكەی هەڵگرت و هێدی هێدی خەڵووزی
نێرگیلەكەی پێشی جولاند، پاشان لەگەڵ
هەڵكێشانی قومێك لەنێرگیلەكەی بەدەم
قسەكردنەوە سەیرێكی هاوڕێیكەی خۆی كرد.
هاشم كوڕێكی تەمەن 42 ساڵەی دانیشتووی
هەولێرە، لەنەوەدەكان ئامادەیی پیشەشازی تەواو
كردووە، دواتریش پاش چەند ساڵێك لە خزمەتی
سەربازی، لەناوچەی پیشەسازی خەریكی كاری
وایەرمەنی بووە، خاڵی بەیەك گەیشتنی (هاشم و
ئەیاد)ی هاوڕێی، تەنها لەیەك خاڵ خۆی
دەبینێتەوە، ئەویش لێكچوونی چیرۆكی عەشقی ئەو
دوو كوڕەیە، كەوا كاتێك لەپاش راپەڕین، ئەو
دوو گەنجە دەستگیرانەكانیان شوو بەدوو گەنجی
دیكەی هەندەرانی دەكەن. هەر كاتێكیش هاشم
چیرۆكی بەسەرهاتی خۆی بۆ هەر كەسێك باس دەكات،
سەرەتا دەستێك بۆ گیرفانی دەبات تادەفتەرە
بچووكەكەی گیرفانی دەربهێنێت و یادگاری
عاشقەكەی تێدا بخوێنێتەوە.
ئەو كوڕە، ئەگەرچی حەزیش ناكات، نهێنییەكانی
خۆی بۆ هیچ كەس باس بكا و خەڵكی پێی بزانێ،
بەڵام هەمیشە ئەیادی هاوڕێی بەنزیكترین كەسی
خۆی دادەنێت و تەواوی بەسەرهاتی عەشقەكەی خۆی
بۆ ئەو باس دەكات، هەر بۆیە هاشم پاش
هەڵكێشانی ئاخێكی قوڵ، سەیرێكی ئەیادی كرد و
گوتی "پێش راپەڕین بەتایبەتی ئەو كاتەی
گەنجێكی عەجول و سەرەڕۆ بووم، رۆژێك نیگای
كچێكی گەڕەك سەرنجی ڕاكێشام و تەواوی عەقل و
جەستەمی لەگەڵ خۆی برد"، وەكو باسی لێوە
دەكات، عەشقی نێوان ئەو و كچە درێژەی دەكێشێت
تا لەئێوارەیەكی ساردی زستان، باوك و مامی
هاشم خوازبێنی كچەكە دەكەن و بۆ ماوەیەك ئەو
دوو دەستگیرانە كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن. هاشم
دەڵێت "پاش راپەرین، كۆمەڵێ دابونەریت لەناو
كۆمەڵگای كوردی گۆڕانی بەسەرهات، بۆیە گەنجان
بەهۆی ئەو ئازادی و هەڵە تێگەیشتنە
لەچەمكەكانی ئازادی، دووچاری كۆمەڵێ شكست
هاتن"، كە یەكێ لەشكستەكان، تەواوی رێچكەی
ژیانی هاشم و ئەیادی هاوڕێی گۆڕی، وەك خۆیان
دەڵێن "هاتنەوەی كۆمەڵێ گەنج لەهەندەران
چەندین گەنجی لەكوردستان كردە قوربانی،
هاتنەوەی ئەو كۆمەڵە گەنجە لەهەندەران كەتازە
بیریان لەدروستكردنی ژیانی هاوسەری دەكردەوە".
هاشم بەحەسرەتەوە دەڵێت "لەو رۆژەی كوڕە
مامێكی دەستگیرانەكەم لەهەندەران گەڕایەوە،
ناچار كرام ئەو كچەی كە خۆشم دەویست و ئەلقەی
دەستگیرانیم لەدەستكرد تەڵاقی بدەم"، كاتێكیش
كچەكە هیچ هەڵوێستێكی نابێت و خواخواشی بوو
كوردستان جێبهێڵێ، هاشم دووچاری داڕمانی
دەروونی دەبێت و بۆ ماوەیەك لەماڵەكەی خۆی
بەدەر ناكەوێت. هاشم دەڵێت "ئەگەرچی ئەوكات
كەسێكی مولتەزیم بووم بەئاین و دابونەریتەكانی
موسڵمانان، بەڵام بۆ ماوەیەك پەنام برد بۆ مەی
خواردنەوە، هەموو شارەكەم لێ ببووە جەهەنەم،
ماوەیەك ماڵ و ئیش و كارم جێهێشت تا لەبارەگای
یەكێ لەحزبەكانی كوردستان بوومە پێشمەرگە"،
ئینجا هاشم بەتوڕەییەوە دەڵێت "ئەوانەی
لەهەندەران هاتنەوە لەگەڵ خۆیان دۆلاریان
هێنا، دۆلاریش نامۆبوو لەناو كۆمەڵگای ئێمە،
بۆیە نەوەك من بەڵكو زۆری تریش هەمان چیرۆكی
منیان بەسەر هات، چونكە خۆشەویستەكانیان
بەدوای ئەو كاغەزە كەوتن كە پێی دەگوترێت
دۆلار".
ئەگەرچی چیرۆكی ئەیاد، بەسەرهاتەكەی وەك
چیرۆكی هاشمی هاوڕێیەتی، بەڵام وەك ئەیاد
دەڵێت "ئێمە رۆژانە لەگەڵ هاشم بەنێو چیرۆكی
یادگارییەكانمان دادەچینەوە، زۆر جاریش
بەدبەختی خۆمان تەسلیمی پێكە عەرەقێك دەكەین
تاهەر هیچ نەبێت تف لەعاشقە خیانەتكارەكانمان
بكەین". ئەیاد گەنجێكی سوروسپی چاو سەوزە، ئەو
وەك خۆی دەڵێت "گەنجێكی زۆر جوان بووم،
ئەوكاتەش یەكێ لەكچە پورەكانم، نەیهێشت خەونی
حەز و ئارەزوەكانم بێتەدی، چونكە هەر ئەو كچە
پورەی خۆشم دەویست، رێگربوو لەوەی تاپێش هەموو
گەنجانی ئەم شارە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم ڕوو
لەهەندەران بكەم، بۆ ماوەیەكی زۆریش كچە
پورەكەم بەئاگاداری براو خوشك و باوك و دایكی
و ماڵی ئێمە، هەمووان رێككەوتن كە ئەو كچە
لەمن مارە بكرێت، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ دابێت،
خۆشم نازانم چی وایكرد كچەكە بدەن بەكوڕێكی
دیكە"، ئەیاد كاتێك باسی ئەو كوڕە دەكات كە
خۆشەویستەكەی لێسەند، بەپێكەنینەوە دەڵێت "كچە
پورەكەمیان فرۆشت بەكوڕە گەنجێكی هەندەرانی كە
هیچ زانیاریەكیان لەبارەوە نەبوو، بەڵكو ماڵی
پوریشم نەیاندەزانی ئەو كوڕە لەهەندەران چی
دەكات و بەچ شێوەیەك پارە پەیدا دەكات، بەڵام
زۆریان لاگرنگ بوو، كچەكەیان بدەن بەم كوڕە،
تا ئەوانیش بەهۆی كچەكەیان بگەنە هەندەران و
زیاتر دەوڵەمەند بن".
پاش تێپەڕبوونی نزیكەی 17 ساڵ بەسەر لێكدابڕان
لەخۆشەویستەكەی، ئەیاد دەڵێت "زۆرم هەوڵدا
بگەمە هاندەران تاهەر هیچ نەبێت تەنها یەك تف
لەنێو چەوانی كچە پورەكەم بكەم كە عەشقی
نێوانمانی فرۆشت"، بەڵام وەك ئەیاد دەڵێت
"خۆشحاڵم كە ئێستا كچە پورەكەم دەبینم،
بەتەڵاقدراوی هاتۆتەوە كوردستان"، ئەیاد لاشی
وایە كەوا كچە پورەكەی و زۆر لەكچانی تری ئەم
وڵاتە بەهەڵە لەژیانی هەندەران گەیشتوون، بۆیە
ئەو كوڕە چاو سەوزە بەپێكەنینەوە دەڵێت "ئەوەی
ئێستا زۆر خۆشحاڵم دەكات گوزەركردنە لەگەڵ
كۆمەڵێ یادگاری خۆش و ئەوەی زۆر نیگەرانیشم
دەكات ئەو كاتە بوو، كاتێك كچە پورەكەم هەوڵی
دا قسەی لەگەڵ بكەم"، بەڵام وەك ئەیاد دەڵێت
"تازە پاش چی، ئاگردانی دڵم بۆ عەشقێكی كۆن
بوو گەرم بكەمەوە كە پێش من لەباوەشی كەسێك
بوو، چونكە ئەوەی منی لەهاوسەرەكەی ئەو جیا
دەكردەوە، تەنیا دۆلار و جەوازێكی بیانی بوو".
هاشم و ئەیاد وەك خۆیان دەڵێن كۆمەلێ گەنجی
تریش هەن لەكوردستان كە هەمان چیرۆكی دابڕانی
خۆشەویستەكانیان هەیە و وەكو ئەوان دڵیان
شكاوە، بۆیە ئەو دوو كوڕە لەدواجار دەڵێن
"راستە، كە ئێستا گەنجاتی خۆمان لەدەســـــــت
داوە و بووینەتە قوربانی عەشقێكی درۆ، بەڵام
بەختەوەرین كە خیانەتمان لەعەشق نەكرد و
تائێستاش بەڕەبەنی ماینەوە".
|