مردووەكان، گوندەكان ئـــــاوەدان دەكـــەنــەوە  

 

 

 

"مەحــــاڵە لەمــــــاوەی 5 ساڵدا 5 جوتیار بگەڕێنەوە گوند، بەڵام ئاساییە 10 مردوو بچنەوە گوندەكانیان"

سڤیل: زیاد ئیسماعیل




مردن، وەك ژیان بەردەوامی هەیە و كۆتایی هەر یەكێك، سەرەتای ئەوی دیكەیە، بۆیە هەروەك چۆن مرۆڤ تاوەكو بژیت كۆمەڵێ پێداویستی هەیە، دوای مردنیشی بەهەمان شێوە، پێویستی بەئارامگایەك هەیە تاوەكو بۆ هەتا هەتایە، بەئارامی لێی رابكشێت؟! بەڵام بەهۆی كەمی گۆڕستان لەشار و هەروەها تێكدان و گواستنەوەی ژمارەیەك لەگۆڕستانەكان بەهۆی پرۆژە بازرگانییەكانی ناوشار وایانكرد، كە زۆر لەخەڵكەكە متمانەیان بەگۆڕستانەكانی ناوشار نەمێنێت و لەكاتی مردنی دۆست و ئازیزەكانیان، بەرەو زێد و یەكەم مەنزڵگەی خۆیان بگەڕێنەوە، بەتایبەتیش وەك دەبیندرێت، ئەوانەی لەساڵانی هەشتاكان بەهۆی خاپووركردنی گوندەكانیان، بەزۆر راپێچی شارەكان كرابوون، ئێستا مردووەكانیان دەبەنەوە گوندەكانیان، لەبەرامبەر ئەم دیاردە تازەیەش، هەر یەكێك بەشێوازێك لێكدانەوەی خۆی بۆ دەكات.
حاجی ئەحمەد، دانیشتووی شاری هەولێر، لەوكاتەی تەرمی خاڵەكەی لەیەكێك لەگۆڕستانەكانی شار دەرهێناوە و گواستویەتیەوە بۆ شوێنێكی دیكە، متمانەی بەگۆڕستانەكانی ناوشار نەماوە، هەروەكو خۆی باسی لێوە دەكرد، كاتێك بازاڕی نیشتیمان دروستكرا، گەورەترین گۆڕستانی هەولێرییەكان كە كەوتبووە ئەو شوێنە، بەهۆی نەخشەی بازاڕەكە بەشێك لەگۆڕستانەكە كەوتەبەر شاڵاوی گواستنەوە، بۆیە بەناچاری نزیكەی 40 لەقەبرەكان گواسترانەوە بۆ شوێنە جیاجیاكانی دیكە. (حاجی ئەحمەد) وەك ئەوەی باس لەمێژووێكی زۆر كۆن بكات، هاتە سەرباسی ئەوەش كە بەر لەدروستكردنی بازاڕی نیشتمان، شوێنی لەنگەفرۆشانی پێشوو لەتەنیشت گۆڕستانی چراغ بوو، دەڵێت "بەڵام ئێستا، دوای لادانی كێلەكانیان ئاسەواریشیان نەما".
بەپێی پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی هەولێر - كەركوك، واتا دەكەوێتە تەنیشت بەشە ناوەخۆیی شەهید شەوكەت و گۆڕستانی گردەڕەشە، بۆیە بەدووریش نازاندرێت، كە لەكاتی جێبەجێكردنی كەمپەكەی زانكۆ، گرفت بۆ زانكۆی سەڵاحەدین و خاوەنی مردووەكان دروست ببێت، چونكە بەپێی شەریعەتی ئیسلام و دابونەریتی كوردەواری، گۆڕی مردوو رێز و پایەی خۆی هەیە، تەنانەت ئەگەر كەسێك چەند ساڵێكیش بەسەر كۆچكردنی مردووەكەی تێپەڕ بووبێت بۆ ئاسوودەبوونی روح و نزا بۆكردنی، لەرۆژانی پێنجشەممە و عەرەفاتی هەردوو جەژنەكان لەلایەن كەسوكاری نزیكی مردووەكان سەردانیان دەكرێت، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە، كە ئەو گۆڕستانە دەكەوێتە ناوبازنەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین، بەڵام وەكو ئەو ئاماژەی بۆ دەكات، لەكاتی دیزاینكردنی كەمپەكە، ئەو ناوچەی كە ئێستا گۆڕستانە لەرووپێوەكە دەرهێندراوە و شورایەك بەدەوری گۆڕستانەكەدا دەكرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت "لێدانی شوورەكە، بەمەبەستی فراواننەبوونی گۆڕستانەكەیە"، گوتیشی "لەئایندەدا گۆڕستانەكە گرنگی زیاتری لەڕووی سەوزایی و چاندنی دار و درەخت پێدەدرێت و دیمەنێكی شارستانی دەبێت".
رۆژنامەنووس (ئارام شێخ وەسانی) كە ساڵانێكە ماڵەكەیان هاتۆتە هەولێر، دەڵێت "دوای خاپووركردنی گوندەكەمان هەر یەكێك لەخزمەكانمان بەلایەكدا كەوتن، هەر یەكەیان بۆ ناوچەیەكی جیاواز ماڵەكەی باركرد، كە تائێستاش هیچكام لەخزمەكان بۆیان نەڕەخساوە بگەڕێنەوە گوندەكەی خۆیان"، ئەو دەڵێت "تائێستاش هەر یەكێ لەخزمەكان لەهەر شوێنێكدا كەسێكی مردبێت، ئەوا بەبێ دوودڵی تەرمەكە دەهێنێتەوە گۆڕستانی گوند، بۆیە تەنها شت كە هەموومان لەسەری كۆكبین، هەبوونی یەك گۆڕستانییە"، ئەوەی بەلای ئەو ڕۆژنامەنووسە جێگای تێڕامان بوو، پلانی پێنج ساڵەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت "مەحاڵە لەماوەی پێنج ساڵدا، پێنج جوتیار بگەڕێنەوە گوندەكەمان، بەڵام بەئاسانی 10 مردوو دەگەڕێنەوە، تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی وڵاتیش بن، بۆیە تەنها مردووەكانمان گوندەكان ئاوەدان دەكەنەوە".
پڕۆفیسۆر (دكتۆر محەمەد گەزنەیی) لەفقهی ئیسلامی، هۆكاری گەڕانەوەی مردووەكان لەلایەن كەسوكاریانەوە بۆ گوندەكانیان دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند خاڵێك، وەك نەبوونی متمانەی خەڵك بەگۆڕستانەكانی ناوشار، بەتایبەت "كاتێك ژمارەیەك لەگۆڕەكان لەلایەن كەسوكاریانەوە دەرهێندران و شوێنی گۆڕستانەكە كرایە بازاڕ"، گوتیشی "رۆژ بەرۆژ ژمارەی دانیشتوان زیاتر دەبێت و گۆڕستانیش لەشاردا كەمە، هەروەها خەڵكانێكیش هەر بەخۆیان حەز دەكەن مردووەكانیان ببەنەوە گوندەكانیان لەتەك كەسوكارانی دیكەیان بنێژن"، ئەو پڕۆفیسۆرە رونیشی كردەوە كە هەر مردوویەك ماوەیەكی زۆر بەسەر ناشتنی تەرمەكەی تێپەڕ بووبێت، بەڵام بەومەرجەی كەسوكارەكەی دڵنیابن لەوەی مردووەكە ئاسەواری نەماوە، دەتواندرێت شوێنەكەی جارێكی دیكە و بۆ مردووێكی دیكە سوودی لێ وەربگیرێت. پڕۆفیسۆری ناوبراو، بۆ پاڵپشتی قسەكەشی، نمونەی بەگۆڕستانی (بەقیع) لەعەرەبستانی سعودیە هێنایەوە.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، ئەویش سەرباری ئەوەی كە نكۆڵی لەكەمی گۆڕستانەكان لەناوجەرگەی شارەكان ناكات، دەشڵێت "شارەكان ئێستا بوونەتە مەڵبەندی كۆبوونەوەی دانیشتوان، بەتایبەت هەولێر بەحوكمی ئەوەی پایتەختە، بەردەوام ژمارەی دانیشتوانی روو لەهەڵكشانە، ئەمەش وایكردوە زەوی لەنێو شاردا كەم بێت و گۆڕستانەكانیش پڕبن لەمردوو"، گوتیشی "بەڵام لەدەرەوەی شار گۆڕستان هەیە، خەڵكیش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت". سەبارەت بەمامەڵەكردنیش بەگۆڕی مردووەكان، نەقشبەندی دەڵێت "خەڵكانێك هەن بازرگانی بەكڕین و فرۆشتنی گۆڕستانەكان دەكەن، بەڵام ئەم مامەڵەكردنە نایاساییە"، سەبارەت بەوانەش كە مردووەكانیان دەبەنەوە گوندەكانیان، ئەو بەڕێوەبەرەی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە خەڵكی ئێستا متمانەی تەواویان بەدوا ڕۆژی گۆڕستانەكان نییە، كە هەتا هەتایە هەر بەگۆڕستانی بمێنێتەوە.
(شارەوانی یەك) كە دەكەوێتە ناو بازنەی شەقامی شەست مەتری لەهەولێر، زیاتر لە 10 گۆڕستان لەخۆ دەگرێت، بەڵام هەندێكیان بەرووبەری بچوك و هەندێكی دیكەش بەڕووبەر گەورەن و مێژووی زۆربەشیان كۆنە و لەسەردەمانی زوو بەبێ هیچ پلانێكی شارەوانی و بەخۆرسكی دروست بوونە، كە ئێستا لەو گۆڕستانانە ئەستەمە شوێنێك مابێت بۆ ناشتنی مردووی تازە، (ئەندازیار زیاد مستەفا) بەڕێوەبەری شارەوانی یەك بە (سڤیل)ی راگەیاند كە لەشاری هەولێر گۆڕستانی زۆر هەیە، بەڵام زۆربەیان شوێنی ناشتنی مردوویان تێدا نەماوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لەدەرەوەی سنوری شارەوانییەكەیان گۆڕستانی دیكە هەیە و خەڵكی دەتوانێت سوودی لێ وەرگرێت. بەرێوەبەری شارەوانی یەك ئەوەشی گوت كە "جاران بازرگانی بەگۆڕ دەكرا، بۆ رێگەگرتن لەم دیارە ناشارستانی و نایاساییە، شارەوانی هەڵسا بەداڕشتنی پلانێكی تازە بۆ بنبڕكردنی ئەو دیارەیە، پلانەكەشمان بریتیە لەبەخشینی پارچەیەك زەوی لەگۆڕستان بۆ هەر كەسێك كە دەمرێت، كە ئەو پارچە زەوییە بەشی چەندان گۆڕی دیكەش دەكات بۆ ئەو كەسە نزیكانەی لەدوای مردووەكە دەمرن". زیاد مستەفا، سەبارەت بەبردنەوەی مردووەكانیش بۆ گوندەكانیان، هێمای بۆ ئەوەكرد كە بەشێك لەم دیاردەیە پەیوەندی بەدابونەریت هەیە، كە خەڵكەكەی پێیانوایە بۆ ئاسوودەبوونی دەرونییە، مردووەكانیان لەتەك گۆڕی كەسانی نزیكی یەكتر بنێژرێن.

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com