|
سڤیل:
رزگار كۆچەر
پاش ئەوەی خانەوادەكەی لەكردەیەكی تیرۆرستی
لەموسڵ گیان لەدەست دەدەن، كچێكی تەمەن 13
ساڵ، بەناوی (خ- م) دەكەوێتە لای پیاوێكی
دووژنە بەناوی (ز- ج) لەناحیەی (كەلەك)، پاش
تێپەڕبوونی چەند ساڵێك بەسەر روداوەكە (ز) ئەو
كچە موسڵاوییە لەلای خۆی دادەنێت و ئەركی
پەروەردەكردنی لەئەستۆ دەگرێت.
دوای ماوەیەك (ز) ئەو ئافرەتە لەبرایەكی خۆی
بەناوی (ع) مارە دەكات، ئەم ژن و مێردە لەنێو
خانەوادەكەی خۆیان چەند ساڵێك بەبێ كێشە ژیان
بەسەر دەبەن و دەبنە خاوەنی كچێكیش بەناوی
(س)، بەڵام پاشان بەهۆی گومان دروستكردن لە
(خ) گوایە پەیوندی لەگەڵ كەسێكی دیكە هەیە
بەناوی (ر) كە كاری پاسەوانی دەكات لەنزیك
مالێ خۆیان، (ز) بەسولحێكی عەشایری بڕی دوو
دەفتەر دۆلار لەكوڕە پاسەوانەكە دەستێنیت و
(ع) براشی ناچار دەكات (خ) تەلاق بدات.
پاش رووداوەكە (ز) دووبارە (خ) دەباتەوە لای
خۆی و پاش ماوەیەك دەیداتە كەسێكی دیكە بەناوی
(ك)، كە بە 20 ساڵ لە (خ) گەورەتر دەبێت،
مێردە تازەكەی (خ) فەرمانبارە لەفەرمانگەی
ئاوی خەبات، دوای ئەوەی (خ) دەچێتەوە سەر
ماڵوحاڵێكی تازە و هیچ كێشەیەكیشی نابێت،
بەڵام ئەوجارە (ز) بەرۆكی بەرنادات و چەند
جارێك داوای لێ دەكات، كە لەرووی ماددی
هاوكاری بكات، دواتریش 80 وەرەقەی دیكە لە (ع)
ی هاوسەری (خ) وەردەگرێت.
بەرێوەبەری پۆلیسی خەبات، عەقید (ئەزوەر)
دەڵێت "بكوژەكە (ز) بۆ ئەوەی بڕێكی دیكەی پارە
دەستكەوێت، پێش ئەنجامدانی تاوانەكەی، چەند
جارێك داوا لە (خ) دەكات كە ئەوەی
لەهاوسەرەكەی بەدەستی دەكەوێت بۆ ئەوی بێنێت"،
پاش ئەوەی (خ) ماوەیەك لای هاوسەرەكەی دەبێت،
دووبارە بەگومانی پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ
مێردە كۆنەكەی كە دەكاتە (ع)ی برای (ز)
تۆمەتبار دەكرێت، هەر لەدوای ئەوەش،
لەروداوێكی نادیار (ز) برا و براژنە كۆنەكەی
خۆی دەكوژێت، بەرێوەبەری پۆلیسی خەبات لەسەر
ئەم رووداوە، زیاتر قسەی كرد و گوتی "ئەو كچە
خۆی خەڵكی موسڵە و كەسی نییە، (ز) لەموسڵ
هێناویەتە لای خۆی و ماوەیەكی زۆر لەماڵەوە
بەخێوی كردووە، دواتریش هەویەكی تەزویری
بەناوی (خ) بۆ دەرهێناوە و لەبرایەكی خۆی
مارەكردووە و ماڵی بۆ پێكهێناوە".
سەبارەت بەچۆنیەتی كوشتنی برا و براژنە
كۆنەكەشی، عەقید ئەزوەر، دەڵێت "هەر لەنزیك
ماڵی خۆیان لە (كەورگۆسك) بە 3 فیشەك
هەردووكیانی كوشتووە و پاشانیش (ز) كچێكی
هەردوو كەسە كوژراوەكە كە تەمەنی سێ ساڵە و
ناوی (س) لەگەڵ خۆی بردووە و بۆ شوێنێكی
نادیار رایكردووە".
باوكی (ز) كە ناوی (ج-ح) لەنزیك هەردوو
تەرمەكە دانیشتبوو، بەسەر سوڕمانەوە دەیگوت
"ماڵ لەمن تێكچوو، چەند رۆژێكە (ز) ی كوڕم
باسی لەخیانەتی (خ) دەكرد، چونكە ئەو وەك كچی
خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەكرد، گوایە پاش تەڵاقدانی
لەلایەن (ع) ی برای دووبارە بەنهێنی پەیوەندی
دروستكردۆتەوە و یەكتر دەبینن، بۆیە بەم
شێوەیە دەستی چووە خوێنی برا بچوكی خۆی".
ئەم پیاوە پیرە بەهەناسە بركێوە، دەشیگوت "(ز)
پێیوابوو، نەدەبوو براكەی دووبارە ئەو كچە
ببینێتەوە، چونكە ببووە هاوسەری پیاوێكی
دیكە"، بەرێوەبەری پۆلیسی خەبات دەڵێت "ئەوەی
جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە، توانیمان بەماوەیەكی
زۆركەم تاوانبار دەستنیشان بكەین، لەپاشان
توانیمان بەپێی ئەو بەڵگانەی لەدەستمانە
چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستنیشان
بكەین".
بەرێوەبەری پۆلیسی خەبات، گوتیشی "ئەوەی كە
جێگای نیگەرانی ئێمەیە، تاوانبار دوو ژن و
كۆمەڵێ منداڵی هەیە، ئینجا ئافرەتێكی كردۆتە
كچی خۆی و داویەتە برای خۆی و دواتریش لەسەر
بوختانێك سولحی بۆ كردووە"، لەهەمووش ناخۆشتر
لای ئەو بەرپرسەی پۆلیس، فڕاندنی ئەو منداڵە
بچوكەیە، كە لەپاش كوشتنی دایك و باوكی بەبێ
فامكردن چۆتە باوەشی بكوژەكەی دایك و باوكی.
|