ژنێك لە رقی مێردەكەی خۆی دەسوتێنێت  

 

 

سڤیل: هاوكار محێدین




ژنێك لەدوای 8 ساڵ لەژیانی هاوسەری، هەفتەی رابردوو لەناو ماڵەكەی خۆیدا ئاگری لەجەستەی بەردا. لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنیش بەر لەوەی گیان لەدەستبدات، ئەو ئافرەتە لەلێكۆڵینەوەی پۆلیس ئەوەی ئاشكراكرد، كە لەرقی مێردەكەی خۆی سوتاندووە و هیچ سكاڵایەكی لەسەر كەسیش نییە.
كەسێكی نزیك لەو خانەوادەیە لەدادگای تاوانەكانی دهۆك، ئەوەی بە(سڤیل) راگەیاند كە ئەو ژن و مێردە بۆ ماوەی 8 ساڵ دەبێت ژیانی هاوسەریان بەیەكەوە ناوە و بەدرێژایی ئەو ماوەیەش بەردەوام لەشەڕ و كێشەدا بوونە، ئەوەشی خستەڕوو كە چەند جارێكی دیكەش كێشەی توند كەوتۆتە نێوانیان و دواتر لەلایەن كەسوكاریانەوە ئاشت كراونەتەوە.
باوكی كچەكە كە داواكاری سەرەكییە لەكێشەكەدا، هەم خەزوور و هەم ئامۆزای زاواكەشیەتی، رۆژی دادگاییەكە لەبەردەم دادوەری دادگای تاوانەكانی دهۆك، ئاماژەی بۆ زاواكەی لەناو قەفەسی تاوان كرد و گوتی "ئەو زاوایەم كە تۆمەتبارە بەخۆسووتاندنی كچەكەم، هاوكات ئامۆزاشمە، ئەوە بۆ 8 ساڵ دەچێت كە من كچەكەی خۆم داوەتێ و هێندەی منیش زانیبم هەر لەدوای گواستنەوەی و دەسپێكردنی ژیانی ژن و مێردایەتیان، كێشە و گیروگیرفتی ئەوانە تەواو نەبوو تا ئەو رۆژەی كچەكەم خۆی سووتاند"، باوكی كچە گوتیشی "ژیانی ئەو كچەم زۆر ناخۆشبوو، من چەندینجار چوومەتە ماڵیان و كێشەیانم چارەسەر كردووە، هەتا رۆژی خۆسوتاندنی كچەكەشم بەچەند خولەكێك، سەرەتا كچەكەم پەیوەندی بەمن كردو گوتی باوكە دڵم زۆر توندە، ئەگەر نەگەیە لام خۆم دەسووتێنم، من ئەوەشم كردو چووم بۆ ماڵیان، بەڵام تاوەكو من گەیشتمە ئەوێ، ئەو ئۆقرەی نەگرت و خۆی سووتاندبوو".
ژنە سووتاوەكە لەنەخۆشی فریاكەوتنی شاری دهۆك، بەر لەوەی گیان لەدەستبدات، لەسەر هۆكاری خۆسووتاندنەكەی بۆ پۆلیس ئاماژەی بەوە كردووە، كە لەكاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەو رۆژە، شەڕە قسە لەنێوان خۆی و پیاوەكەی روویداوە و هەر ئەوەش هۆكاری خۆستانەكەی بووە، ئەوەشی گوتبوو كە "هیچ سكاڵایەكی لەسەر هیچ كەسێك نییە".
كەسێكی دیكە كە وەكو شایەد لەدادگای تاوانەكانی دهۆك ئامادە ببوو، ئەویش لەبەردەم دادوەر گوتی "ئەو پیاوە كە تۆمەتبارە بەخۆسووتاندنی ژنەكەی، ئامۆزامە، ژنەكەشی كە خۆی سووتاندووە ئەویش برازامە و كچی براكەمە، من شایەدی لەسەر ئەوە دەدەم، كە ئەو ژن و مێردە بەردەوام كێشەیان هەبوو، من بەخۆم دووجار ئاشتم كردوونەتەوە. رۆژی خۆسووتاندنی برازاكەشم، من چوومە نەخۆشخانە و بەیەكەوە زۆر قسەمان كرد، ئەو گوتی گەیشتە سەری لوتم و چیدی نەمتوانی بەرگە بگرم، چونكە دوای 8 ساڵ، رۆژ بەرۆژ ژیانم ناخۆشتر دەبوو".
پاش ئەوەی دادوەرەكە داوای كرد، كە تۆمەتبار لەقەفەسی تاوان بهێنرێتە دەرەوە، تاوەكو بەرگری لەخۆی بكات، پیاوەكە لەبارەی هۆكاری خۆسووتاندنی ژنەكەی، گوتی "رۆژی رووداوەكە كاتژمێر 10ی بەیانی بوو، ئەو ژنەم زۆر قسەی ناشرینی پێوتم، منیش تەلەفۆنم بۆ باوكی كرد و پاشان بەخۆم لەماڵ چوومە دەرەوە، هەر هێندەم زانی ئەو ژنەم بەخۆی و ئاگرەوە غاریدایە دەرەوە و هاواری دەكرد، منیش باوەشم لێیدا بەو نیازەی ئاگرەكە بكوژێنمەوە، بەڵام خۆشم ئاگرم گرت و جیرانێك منی كوژاندەوە و ئێمەیان گەیاندە نەخۆشخانە، ئەوەبوو سووتانەكەی من كەم بوو، بەڵام سووتانی ژنەكەم زۆربوو بەو هۆیەوەش گیانی لەدەستدا". ئەو پیاوە لەدادگای تاوانەكان گوتیشی "ئەو ژنەی من هەموو كاتێك توڕەبوو، ئەوە 8 ساڵە ئێمە ژن و مێردین، بەردەوام لەشەڕ و كێشە دابووینە، هیچ جارێك لەمنی قبووڵ نەكردووە، ئەو بەپێچەوانەوە خۆی بەپیاو دادەنا و حیسابی ژنیشی بۆ من دەكرد و دەبووا هەموو كات من خۆم بێدەنگ بكردبووایە، بۆیە من هیچ پەیوەندییەكم بەخۆسووتانەكەی نییە و ئەو بەخۆی ئەو رێگایەی هەڵبژارد".
لەكۆتایی دانیشتنەكە، دادگای تاوانەكانی دهۆك بڕیاری دا، پیاوەكە بەساڵێك بهێتە زیندانی كردن.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com